Hemin Othman Mohammed
05 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2024
هەڵەبجە – AA
هاوشێوەی مرۆڤ ئاژەڵانیش پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لە نێواندا هەیە بۆ پێکەوە ژیان و، لەگەڵ یەکتر خۆیان دەگونجێنن بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ بژین.
ژیانی بە کۆمەڵ بۆ ئەو ئاژەڵانەی لە یەک ڕەگەز و یەک جۆرن شتێکی ئاساییە، بەڵام هاوڕێیەتی نێوان دوو ئاژەڵی ڕەگەز جیاواز زۆر دەگمەنە، بەتایبەتی کاتێک شێوازی ژیان و خواردنیان جیاواز بێت.
ئەوەی لێرەدا بووەتە جێی سەرنج هاوڕێیەتی نێوان هێسترێک و سەگێکە، کە بەشێوەیەک ئاوێتەی یەکتر بوون بەبێ یەکتری ئۆقرە ناگرن و بۆ هەرشوێنێک دەچن بەیەکەوەن.
لە شارۆچکەی خۆرماڵی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، هێسترێک کە دوای ساڵانێک لە کار کردن بۆ خاوەنەکەی لە پاش شکانی قاچی بەڕەڵا کراوە، سەگێک بووەتە هاودەمی و پارێزگاری لێ دەکات.
چیرۆکی ئەم دوو ئاژەڵە وەک ئەوەی هەموو شتێکیان لە یەکتر جیاوازە، تەنیا هەست و سۆزیان نەبێت بۆ یەکتر، بووەتە جێی سەرنجی هەمووان.
ئەوەی زیاتر بووەتە جێی تێڕامان، هێسترەکە کە توانای هیچ کارێک نەماوە و لانەیەکی نییە بیپارێزێت لە ئاژەڵانی دڕندەی کێوی، سەگێک بێ ئەوەی هیچ سوودێکی لێ ببینێت بووەتە هاوڕێی گیانی بە گیانی و ڕێگە نادات هیچ کەس و ئاژەڵێکی لە هێسترەکە نزیک ببێتەوە و بەو پەڕی توانایەوە بەرگریی لێ دەکات.
دانیشتووانی ناوچەکە بە سەرسوڕمانەوە باس لە چیرۆکی ئەم هێستر و سەگە دەکەن و دەڵێن بەردەوام بەیەکەوە دەگەڕێن، شوێنێکی جێگیریان نییە و بە تەواوی ناوچەکەدا دەگەڕێن و هیچ کات لە یەکتر جیانابنەوە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە دوای بیستنی ئەم چیرۆکە ماوەیەکی زۆر بە دوای ئەم دوو ئاژەڵانەدا گەڕا هەتا لە کۆتاییدا لە نزیک خورماڵ بەدیکران و ئەو کەسەی ڕۆژانە نانییان بۆ دەبات تیمەکەی ئاگادار کردەوە و چووین لە نزیکەوە بینیمانن.
سالم ئەحمەد موستەفا (٦٠ ساڵ)، کە نووسەرە و لە بواری ئایینی و هۆنراوەدا دەنووسێت، یەکێکە لەو کەسانەی ئەم ڕووداوە سەرنجی ڕاکێشاوە و هەمیشە بە دەم ئەم ئاژەڵە بێ لانانەوە دەچێت و خواردنیان بۆ دەبات.
سالم باسی لەوە کرد لەبەرئەوەی خواردنی هێسترەکە جیاوازە کە گژوگیا و لە ئێستاشدا گیا بەرزبووەتەوە و تا ڕادەیەک بەشی دەکات خواردن بۆ ئەو نابەن، بەڵام جار جار ئێسقان و گۆشت بۆ سەگەکە دەبەن.
گوتیشی: ''ئەم دوو ئاژەڵە بەیەکەوەن و جیانابنەوە. ئەمە پێشتر دوو هێستر بوون، پێش ئەوەی پەکیان بکەوێت بەردیان پێ بارکراوە، دوای ئەوەی قاچیان شکاوە بە داخەوە خاوەنەکەی بەڕەڵڵای کردوون، خودای گەورە ئەم سەگەی بۆ تەرخان کردوون وەک پاسەوانێک دەیانپارێزێت لە دڕندە و سەگی دیکە یان هەر شتێک کە بیهەوێت زیانی پێ بگەیەنێت. ماوەیەک بەرلە ئێستا یەکێک لە هێسترەکان لەناچوو و ئێستا بەس ئەمەیان ماوە و سەکەکە بۆ یەک خولەکیش جێیناهێڵێت، بەیەکەوە تا سەر شەقامی بیارە دەڕۆن و دەگەڕێنەوە''.
سالم دەشڵێت: ''وەک پاداشتێک بەرامبەر پاراستنی ئەم هێسترە بێ دەسەڵاتە لە دڕندەکان، ئێمەیش خواردن بۆ سەگەکە دەهێنین. وابەستەییمان بە ئایینەکەمانەوە کە فەرمانمان پێ دەکات بە بەزەیی بین بەرامبەر ئاژەڵان و ئاگاداریان بین، ئەم کار دەکەین''.
گوتیشی: ''ئەوەی جێگەی سەرنجە سەگەکە هیچ ناوەڕێت و زۆر بێ دەنگە و بەردەوام بە لای هێسترەکەوەیە، مەگەر هەست بکات کەسێک یان ئاژەڵێکی دیکە زیان بە هێسترەکە دەگەیەنێت ئەوسا دەست بە وەڕین دەکات تا مەترسییەکە دوور دەخاتەوە''.
سالم باسی لەوەیش کرد کە سەگەکە ڕێگە نادات کەس لە هێرسترەکە نزیک ببێتەوە، ئێمە و یەک دوو کەسی دیکە کە خواردنیان بۆ دەبەین دەناسێت و دەنگ ناکات و گوتی: ''یەک دوو کەسی دیکە وەک من بە خەم ئەم ئاژەڵە بێلانانەوەن و خواردنیان بۆ دەهێنن''.