Jamal sargaty
16 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2016
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێم و كەسوكاری شەهیدان مەراسیمی 28مین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەڕێوە چوو، تیایدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دران و كەسوكاری شەهیدانیش چەندین داواكارییان ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
سەرتای مەراسیمەكەش بە دانانی تاجەگوڵینە و وتاری بەخێر هاتن وەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.
لە مەراسیمەكەدا پارێزگاری هەڵەبجە عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی كرد و باسی پێگەی هەڵەبجەی كرد لە رووی سیاسی و رۆشنبیری و ئابورییەوە هەروەها باسی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد كە رۆژی 16-3-1988 روویداوە.
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە یەك ساڵە لەگەڵ پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەم ساڵیادە دەكرێتەوە كە ئەوەش دەستكەوتێكە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و پێویستە هەموومان رێز لەودەستكەوتانە بگرێن كە فەراهەم هێنراون.
گوتیشی: "بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هاوكاتە لەگەڵ شەڕی نەگریسی داعش و پێویستە هەموومان وەك هەڵەبجەییەكان بە گرنگییەوە بڕوانینە ئەم دۆخەی هەرێم بە تایبەت شەڕی داعش".
لە كۆتاییدا پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند "پێویستە حكوومەتی هەرێم كار بكات بۆ جێبەجێ كردنی داواكاری كەسوكاری شەهیدان و هەروەها كاربكات بۆ چارەسەر كردنی بریندارانی چەكی كیمیاوی".
هەوەها وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن محمەد حاجی ساڵح خوێندرایەوە تێدا باسی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی كرد كە تێدا 5 هەزار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و بە هەزارانی تریش بریندار بوون و بەسەدان منداڵیش ون بوون.
نوێنەری حكوومەت گوتی: "هەڵەبجە بوو بە سوومبوولی كوردستان پێویستە زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بكرێت".
لەبارەی بریندارانی چەكی كیمیاوییەوە محمەد حاجی ساڵح گوتی: "تاكو ئێستا 32 كاروانی بریندارانی چەكی كیمیاوی رەوانەی دەروەی هەرێم كراون بۆ چارەسەر كردن وە تاكو ئێستا هەزار بریندار چارەسەریان بۆ كراوە".
لەبارەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە نوێنەری حكوومەت رایگەیاند "حكوومەتی هەرێم كاری كردووە بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوەكان چەندین منداڵی ونبوو بە كەسوكاریان شاد بوونەتەوە لەم مەراسیمەشدا دوو منداڵ بە كەسوكاریان شاد دەبنەوە".
لە مەراسمی 28مین سالێادی تاوانی هەڵەبجە كەسوكاری شەهیدان وتارێكیان پێشكەش كرد تێدا رایانگەیاند "28 ساڵ بەسەر گەورە تاوانێكی مێژوودا تێپەڕ دەبێت كە بەدڕندانەترین شێوە بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی ژن و منداڵ و پیر و لاوی هەڵەبجە جینۆساید كران و بەدەستی حكوومەتی بەعس".
كەسوكاری شەهیدان چەند داوكارییەكیان ئاراستەی حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و داوایان كرد كە دۆسیەی بریندارانی چەكی كیمیاوی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدانەوە بگوزارێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی و هەروەها كاركردن بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوەكانی هەڵەبجە.
لەبەشێكی تری داواكارییەكانیاندا داوایان كرد كە زەوی بۆ ئەو وارسانە دابین بكرێت كە تاكو ئێستا سوودمەند نەبوون لە زەوی، هەروەها دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دامەزراندنی دادگایەك كە هەموو ئەو كەسانە كە بەشدار بوون لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ دادگایی كردنیان و هەروەها حكوومەتی هەرێم كاربكات بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانە گیانی و مادییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و پاشان حكوومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە لیستی شەهیدانی بەركەوتوانی كیمییاباراندا بكات بۆ ئەوەی ئەو ناوانە ناشایستەن و ناراستن لاببرێن.
هەر لەو مەراسیمەدا چەندین چالاكی هونەری پێشكەش كران و بڕیاریشە ساڵیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت و لەو رۆژانەش چەندین چالاكی تایبەت بەو یادە ئەنجام بدرێت.