هەڵەبجە
ئەوان پێكەوە خاوەنی 52 منداڵی ونبووی دوای ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ن و بەهیوان رۆژێك بەیەكتر شادببنەوە و ئاهەنگی سڕینەوەی ناویان لە لیستی "شەهیدانی كیمیابارانی هڵەبجە" بگێڕن وەك ئەو حەوت منداڵەی دیکە كە لە ماوەی چارەكە سەدەیەكی دوای كیمیابارانی هەڵەبجە بە كەسوكاریان شادبوونەتەوە، كە دواترینیان زمناكۆ محەمەد ئەحمەد بوو، كە دواتر لە رێوڕەسمێكدا ناوی لە لیستی "شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە" سڕایەوە.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ماوەی دوو حەفتەیە گەنجێك لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئێمە و خۆی وەك منداڵێكی ونبووی سەردەمی كیمیابارانی هەڵەبجە ناساندووە و ناوی بەرزانی جەعفەریە، لە لایەن ئەو كەسەی وەك باوكی خۆی پێناساندووە لە سەرەمەرگیدا پێی راگەیاندووە كە منداڵێكی هەڵگیراوی ونبووی كیمیابارانی هەڵەبجەیە و ئەوان لای خۆیان هەڵیانگرتووەتەوە."
لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر منداڵێكی ونبووی سەردەمی كیمیاباران، دڵی دایك و باوك و ئەندامانی دەیان خێزانی هەڵەبجە خێراتر لێدەدا و تا ئەو كاتەی یەكلایی دەكرێتەوە كە مناڵی كام خێزانیانە، تووشی شڵەژانی دەروونی دەبن، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و وەك سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "داوامانكردووە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و وەزارەتی تەندروستی نموونەی خوێنی ئەندامانی ئەو خێزانانە وەربگرن و لای خۆیان ئەرشیفی بكەن، بە مەبەستی شیكردنەوەی DNA، بۆ ئەو خێزانانەی كە رۆژێك لە رۆژان منداڵی ونبووە، بۆ ئەوەی پێش دروستبوونی شڵەژانی دەروونی بتوانرێ بە وەرگرتنی پشكنینی DNA منداڵە ونبووەكان، راستەوخۆ بتوانرێ خێزانی منداڵەکە دەستبیشان بكرێ."
رۆژی چوارشەممە تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری و نموونەی خوێنی ئەو خێزانانەی منداڵی ونبووی سەردەمی كیمیابارانی هەڵەبجەیان هەیە، سەردانی شارەكەیان كرد.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەری نوری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ئامانج لە هاتنی تیمەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بۆ هەڵەبجە وەرگرتنی زانیارییە لەو منداڵانەی ونبووی سەردەمی تاوانی رەشی كیمیابارانی هەڵەبجەن، بۆ ئەو مەبەستەش فۆڕمێكی تایبەت ئامادەكراوە كە بەگوێرەی ستانداردی جیهانییە و بۆ كەسانی ونبوو لە لایەن رێكخراوی ICMP تایبەتمەندەوە بۆ پڕكردنەوەی رێنمایی كراوین."
لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئاداری 1988 و کوژرانی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی 10 هەزاری دیکە و ئاوارەبوونی 70 هەزار کەسی شارەكە، دەیان منداڵ لە تەمەنە جیاوازەكاندا لە خێزانەكانیان دابڕان و دواتر بەشێكیان بە كەسوكاریان شادبوونەوە و بەشێكی دیکەشیان هەتا ئێستا سۆراغیان نییە و كەسوكاریان هێشتا نازانن كە ئایە ماون یان مردوون، بەڵام هەمیشە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیاندان.
پەری نوری گوتیشی: "بەشێكی دیکە لە كارەكانمان بە هاوكاری تیمی وەزارەتی تەندروستی دەکرێ، ئەوەش وەرگرتنی نموونەی خوێنی ئەندامانی ئەو خێزانانەیە كە خاوەنی منداڵی ونبوون، دواتر خوێنەكان پشكنینی DNAیان بۆ دەكرێ و دادەنرێ تا ئەو كاتەی هەر منداڵێكی ونبووی كیمیاباران دۆزرایەوە، ئەو كاتە بەراوردی نموونەی خوێنەكان دەكرێ و رەچەڵەکی ئەو منداڵە دەدۆزرێتەوە کە لە چ خێزاێکدایە."
فەخرەدین حاجی سەلیم یەكێكە لەو باوكانەی تا ئێستاش لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی منداڵە ونبووەكانیدایە، ئەو كە وێنەی منداڵەكانی لە تەمەنێكی كەمدا لەچوارچێوە گرتووە، هەمیشە چاوەڕوانە رۆژێك لە رۆژان سۆراغیان بزانێ. و پێیان شادبێتەوە.
ئەو هەموو ساڵیك لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا داواكاری دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە دەداتەوە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا دڵی خۆی و هەموو ئەوانەی وەك ئەو ئازاری دووری رۆڵەیەكیان دەچێژن كۆتایی بێ و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئاست جێبەجێكردنی داواكارییەکەیان بێ.