سەلاحەدين
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی پارێزگای سەلاحەدین فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی سوپا بە هاوكاری هێزەكانی دژەتیرۆر بە هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا توانیان هەر دوو ناوچەی حجاج و ئەبوتعمە كە دەكەونە باكووری شاری تكریت لە ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین دوای شەڕ و پێكدادانێكی سەخت لەگەڵ چەكدارانی داعش كۆنترۆڵ بكەنەوە."
ساعدی زیاتر روونی كردەوە، ئەو هێزانە ئۆپەڕاسیۆنێكی سەربازییان بۆ رزگاری و كۆنترۆڵ كردنەوەی ئەو دوو ناوچەیە ئەنجام داوە و دواتر شەڕ و پێكدادانێكی سەخت لە نێوان هێزەکانی سوپا و چەكدارانی داعش روویداوە.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی پارێزگای سەلاحەدین راشیگەیاند، لە ئاكامی شەڕەكەدا هێزەكانی سوپا 300 چەكداری داعشیان كوشت و 112 بۆمبی چێنراویان پووچەڵ كردەوە و 18 ئۆتۆمبێلی ئەو چەكدارانەی داعش كە چەكی قورسیان هەڵگرتبوو تێك شكاند و پاشان هەر دوو ناوچەكەشیان كۆنترۆڵ كردەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ساعدی، لە ئێستادا ناوچەکانی حجاج و ئەبوتعمە لە باكووری تكریت لە كۆنترۆڵی هێزەكانی سوپا دایە.