ھەتای
بەشێک لە ئاوارە سورییەکانی نێو کەمپی یایلاداغی سەر بە پارێزگای ھەتای کە تێیادا دوو ھەزار و ٨٠٦ کەس بەجێ کراون، بە دانانی کابینەی گچکە شوێنی کاسبی کردنیان بۆ خۆیان داناوە.
لەو بازاڕەدا کە بە بازاڕی چادر ناسراوە، دووکان، چایخانە، حەلاق و چەندین شوێنی دیکە ھەن و خاوەنەکانیان سەرەڕای خزمەتکردنی ئاوارەکان، ھاوکات بۆ خۆیان کاسبی دەکەن و ئەو ماڵ و شت و مهکانەی لە دەرەوە کڕیویانن لە نێو کەمپەکەدا دەیفروشن.
محەمەد مەحمود یەک لەو کاسبکارانەیە کە باوکی پێنج منداڵە و پێش دووساڵ ھاتووتە تورکیا و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ناوچەی جەبەل زاوییەوە ھاتوومهتە تورکیا، پێشتر لە سوریا کاری جۆتیاریم دەکرد و لێرەیش توانیم دووکانێکی گچکە دابنێم و بژێوی ژیانی منداڵەکانمی پێ دابین بکەم. لە سایەی دووکانەکەوە بێ کار و کاسبی نیم و تۆزێک ئاسوودەم چونکە لە بێکاری و دانیشتن و بیرکردنەوەی بێ سوود رزگارم بووە."
ئەحمەد فەھمیش کاسبکارێکی دیکەیە کە سێ ساڵ پێش لە لازقییەوە ھاتووتە ناوچەی یایلاداغ و لەوێ لەفە دەفرۆشێت. فەھمی لە سوریایش کاری لەفە فرۆشی کردووە و ئێستایش لهسهر ئەو کارە بەردەوامه.
فەھمی جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ھەموو پێیداویستییەکانی بۆ دابین کردوون، بەڵام ئەگەر بێکار دابنیشن کات تێپەڕ نابێ، بۆیە خۆی بە دووکانی لەفە فروشتنهوه سەرقاڵ كردووه.