هەڵەبجە
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەرۆكایەتی هەرێم پێی راگەیاندین كە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 17ی شوبات یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەند كردووە و بەنووسراوی ژمارە 104 یاساكەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە.
رۆژی 5/2/2015 پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنێكی نائاساییدا لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە پرۆژەیاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی بەكۆی دەنگی ئەندامانی پەسەند كرد و دواتریش بۆ پەسەندكردنی ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی كرد، تا لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پەسەند بكرێت.
بەگوێرەی لێدوانەكەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش سەرۆكی هەرێم لە رۆژی 17/2/2015 یاساكەی پەسەندكردوە و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە بۆجێبەجێكردنی.
لەلایەكی دیكەوە ئەمرۆ و لەسەر بانگهێشتی مەڵبەندی 5ی یەكگرتوو حیزبەكانی هەڵەبجە كۆبوونەوەیەكیان دەستپێكرد بۆقسەكردن لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە.
بەرپرسی مەڵبەندی 5ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان حەسەن شێخ عەبدوڵا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گەشبینی خۆی بەدانیشتنەكەی ئەمڕۆی نێوان حیزبەكان دەربڕی بەو پێیەی لەئاستی بەرپرسی یەكەمیاندا لەپارێزگای هەڵەبجە بەشداریی دەكەن بۆچارەسەر كردنی هەر گرفتێك كە ئێستا لەئارادابێت دەربارەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە.
لەدوای رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگای سلێمانی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەش تێكەڵاو بەرێككەوتنەكەی نێوانیان كراو و ئەوەش نیگەرانی حیزبەكانی هەڵەبجەی لێكەوتەوە، بەتایبەتی پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ، بەڵام لەئێستادا تەنها پارتی سەرنجی لەسەر ئەو پۆستانە ماوە كە لەپارێزگای هەڵەبجە بۆیان دانراوە و داواكارە پۆستی قائیمقامی ناوەندی هەڵەبجەیان پێبدرێت.