Zana Natık Kerem
04 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2024
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی بۆ تاوتوێکردنی پێکھێنانی حکوومەتە خۆجێیەکان لە کەرکووک و نەینەوا، ھەروەھا پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە دەباشان کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەمڕۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی ھەردوو حزب لە دەباشان ئەنجام درا.
ئاماژەیان بەوەشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالی لەنێویاندا، بوودجە، بژێوی ژیان و مووچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
ئەوشیان خستووەتەڕوو: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی ھاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە ھەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان".
ڕاشیانگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی ھەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەھیدانی کوردستان بکەین" .
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا ھەردوولا پێکەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی بژیوی ، ژیان و خزمەتگوزاری، بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی".
لە ساڵی ٢٠٢٤دا و دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوە بوو کە لەنێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت.