Sümeyye Dilara Dinçer,Büşranur Koca
05 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وێڕای ئاماژەکردن بە پەیوەندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەکەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پەیوەندییە یەکێتی خستووەتە ڕێزی دووژمنانەوە.
هاکان فیدان بەشداری کرد لە پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنی کەناڵی A Haber و لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە قسەی کرد.
هاکان فیدان لە قسەکانیدا هۆشداری دایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ناچارە لەم بارەیەوە هەنگاوی زیاتر بنێت.
فیدان ئاماژەی بەوەدا کە ماوەیەکی زۆرە ی.ن.ک لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ پەکەکە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ی.ن.ک لە ڕێزی دووژمنانەوە جێ بگرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشیگەیاند کە پێویستە ی.ن.ک سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە دابنێت و بەو شێوەیە بەردەوامی دا بە قسەکانی: "هەندێکجار هەوڵ دەدەن هەندێک ئیش بکەن کە بە ڕواڵەت ئێمە ڕازی بکەن، بەڵام دەبینین کە نییەتی وازهێنانیان نییە. ئەوەمان بۆ بەڕێز سەرکۆماریش باس کردووە. لە ئەنجامدا ئەوەمان وەک سیاسەتێکی فەرمی گرتە بەر و گەمارۆمان خستە سەریان. لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر جددی گواستنەوەی ئاسمانی سلێمانی'مان سنووردار کردووە".
هاکان فیدان جارێکی دیکە بانگەوازی ئاراستەی ی.ن.ک کە لەو ڕێگە هەڵەیە پاشەکشە بکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە بە پێچەوانەوە، تورکیا ناچارە هەنگاوی زیاتر بنێت.