Sümeyye Dilara Dinçer
24 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕۆژانی ٢٥-٢٦ی ئادار، سەردانی فەڕمی بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستکەوتووە، لەو سەردانەیدا فیدان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ماکرۆ ڕوبیۆ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکادا کۆدەبێتەوە.
لەو کۆبوونەوانەی لەم سەردانەدا ئەنجام دەدرێن کە یەکەم سەردانە لە سەردەمی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا، پێشبینی دەکرێت ئەو هەنگاوە ستراتیجییانەی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا-ئەمریکا دەنرێن، لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانەی لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر ئاستی سەرۆک ئەنجام دەدرێن، تاوتوێ بکرێن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا پێشهاتە هەرێمییەکانی جێ بایەخی هەردوو وڵات، لەوانە دۆخی ئۆکراینا و پێشهاتەکانی سووریا و دەرفەتەکانی هاریکاریی پەیوەست بەوانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوانەی لە ڕۆژانی ٢٥-٢٦ی ئاداردا لە واشنتۆن ئەنجامیان دەدات، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان بۆچوون و چاوەڕوانییەکانی ئەنقەرە لە بارەی پرسە هەرێمییەکانی جێ بایەخی تورکیا بگەیەنێت، لەو چوارچێوەیەشدا جەخت لەسەر پشتیوانییەکانی تورکیا بکاتەوە بۆ سەقامگیریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پێویستی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و پەرەپێدانی هاریکاری نێوان تورکیا و ئەمریکا دەکرێت لە بارەی هاوکارییە مرۆییەکان و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە و، ئاماژە بە پێویستی هەماهەنگی دەکرێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەڕێوەبردنی سەلامەتی کەمپەکان.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا باس لە پێویستی بەهێزکردنی هاریکاریی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک فەتۆ دەکرێت، بەتایبەتیش تەسفیەکردنی چەکدارنی رێکخراوی تیرۆریستیى پەکەکە/یەپەگە-ی ژێر چەتری هەسەدە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە وەبیردەهێندرێتەوە کە تورکیا هەر لە سەرەتاوە بەرگریی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووە لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات کە بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بەردەوامە و، ئامادەی پێشکەشکردنی هاوکاریە لەو بارەیەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر پێویستیی خستنەگەری هەوڵی زیاتر دەکرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستی بەردەوام لە غەززە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باسیش لە گرنگیی بەکارهێنانی کاریگەریی ئەمریکا دەکرێت لەسەر ئیسرائیل، لەگەڵ دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی کاتسا، تاوتوێکردنی سەرلەنوێ گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی F-35 و پێویستی هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکانی دابینکردن لە پیشەسازی بەرگرییدا.