Rewa Mahmood Hasan
14 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2019
هەڵەبجە - AA
خەلیل ساڵح دوای ٣١ ساڵ دەگەڕێتەوە نێو خانەوادەکەی و بە کەسوکاری شاد دەبێتەوە.
خەلیل دوای ئەوەی بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو ئێران هەڵدێن، ئەوکات تەنها ٩ مانگ دەبێت و لە شاری کرماشان دوای ئەوەی چارەسەری تەندروستی وەردەگرێت لە خێزانەکەی دادەبڕێت. پاش ٣١ ساڵ جارێکی تر بە خێزانەکەی لە هەرێمی کوردستان شاد دەبێتەوە.
خەلیل لەو ماوەیەدا لە ئێران لە لایەن خێزانێکی فارسەوە بەخێودەکرێت و ئەو راستییەشی لە ٢٠١٣دا پێ دەگوترێت، دوای ئەنجامی تێستی DNA دەردەکەوێت کە رەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە و ئەوکات کەڵکەڵەی دۆزینەوەی خێزانە راستەقینەوەی لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت سەری.
لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو خەلیل ئاماژە بەوە دەکات ئەو بەگەڕانەوەی زۆر دڵخۆشە بەچەشنێک کە ناتوانێت ئەو هەستەی دەربڕێت و دەڵێت "ئەو هەستانەم بۆ دەرنابڕدرێت. بيدەنگی جوانترین هەستە کە نیشانی بدەم. ئێستا وشەکان لە هەستە قوڵەکانمدا شاراوەن، بەڵام بەیەک وشە دەتوانم بڵێم خۆشەویستی نیشتیمان شتێکی تر".
خەلیل دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ باوکە بەخێوکەرەکەیدا سەردانی مەزاری باوکە کۆچ کردووە راستەقینەکەی دەکات و بەقولپی گریانەوە تاجەگوڵینە لەسەر قەبرەکەی دادەنێت.
بەپێی گوتەی کەسە نزیکەکان لە باوکی راستەقینەی خەلیل، ناوبراو لەکاتی خۆیدا ئاماژەی بەوەداوە کە رۆژێک دێت کوڕەکەم سەردانی مەزارم دەکات، بەڵام ئەوکات بە فارسی قسە دەکات، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە هەرگیز ئومێدی گەڕانەوەی کوڕە راستەقینەکەی لەدەست نەداوە.
خەلیل ساڵح باس لەوە دەکات ئەو ئامادەیە کە هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە خەڵکی هەڵەبجەن و لە کەسوکاریان ون بوون و داوا دەکات دادگاکان کاری خۆیان بکەن لەوبارەیەوە.
ئەحمەد برای خەلیل-ە و باس لەوە دەکات ئەو کاتەی دوای ١٦ی ئادار چوونەتە کرماشان خەلیل-یان لێ ون بوو، بەڵام چیتر نەیانزانی ئەو چی بەسەرهاتووە.