Zana Natık Kerem
05 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2024
ھەولێر ــ AA
شاندێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ لە ئەمریکایە.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شاندێک، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم، فەوزی ھەریری، بە سەردانێک لە واشنتۆنە کە لە میانیدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
ڕاشیگەیاندووە کە شاندەکە لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس، لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێم و دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکە کە جێگای بایەخی ھاوبەشن، گفتوگۆیان دەبێت و بیروڕا دەگۆڕنەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە، فەلاح مستەفا و بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی ھەرێم، نیاز ساڵح مستهفا لەسەردانەکەدا، یاوەریی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەن.