Dilşad Seyfeddin Ahmed
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
لە دووری 35 كلم لە ناوچەیەكی رۆژئاوای شاری سلێمانی (گوندی گۆپاڵە لە سەر رێگەی سەرەكی سلێمانی ـ كەركووك) و لەسەر رووبەرێكی زەوی فراوان كارگەیەكی گەورەی تواندنەوە و بەرهەمهێنانی ئاسن دروست كراوە و سەدان كرێكار سەرقاڵی كاركردنن تێیدا.
لە دەرەوەی كارگەكە دەیان هەزار تەن ئاسنی كۆنی هەڵوەشێنراوە لە هەموو بابەتەكان كۆكراوەتەوە و رۆژانە پاك دەكرێنەوە و ئامادە دەكرێن بۆ تواندنەوە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ئاسن لە كارگەكەدا.
لە سەرەتای ساڵی 2011 دەست بە دروستكردنی كارگەكە كراوە لەلایەن سەرمایەدارێكی گەورەی كوردستان ئەحمەد ئیسماعیل كە جگە لەو پڕۆژەیە سێ وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبای لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دروست كردووە، لە هەمان ناوچەشدا سێ كارگەی تری بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی هەیە .
ماوەی دروستكردنی ئەو كارگەیە سێ ساڵی خایاندووە و لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەشێوەی ئەزمونی دەستی بەكاركردنی هێڵی یەكەم كردووەو مانگی ئابی رابردوش هیڵی دووەمی كارگەكە بەكار كەوتووە و ئێستا رۆژانە سەدان تەن ئاسن و شیش بە قاڵبی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێت.
بەڕێوەبەری كارگەی ماسی عێراق بۆ پیشەسازی ئاسن و پۆڵا، نەسرین قادر لەبارەی كارگەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەم كارگەیە توانای بەرهەمهێنانی یەك ملیۆن و 250 هەزار تەن ئاسنی هەیە لە ساڵێكدا و گەورەترین كارگەی دروستكردنی ئاسنە لە هەموو عێراق و ناوچەكەدا كە تەنها دوو كارگەی تری بەرهەمهێنانی ئاسن لە قەتەر و ئیمارات هەیە توانای هەمان بەرهەمی ساڵانەیان هەیە".
بڕی تێچوی كارگەكە بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و تائێستا نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار لە پرۆژەكەدا خەرج كراوە و كاركردن بۆ تەواوكردنی هەموو بەشەكانی تری بەردەوامی هەیە.
كارگەكە لە دوو هێڵ پێكهاتووە، هێڵێكی 100 هەزار تەنی بۆ بەرهەمهێنانی شیش بە قەبارەی 10 ملم تا 30 ملم ، هەروەها هێڵێكی تری 650 هەزار تەنی بۆ بەرهەمهێنانی شیشی پیشەسازی.
كردنەوەی ئەو كارگەیە لە كاتَكدا ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێپەڕ دەكات، ئەوەش كاریگەری گەورەی لە هەموو بوارەكان بەگشتیی و كەرتی تایبەت بە تایبەتی كردووە و بەو هۆیەوە سەدان كارگە و كۆمپانیا داخراون و دەیان هەزار كەس بێكار بون.
لەو كارگەیەدا رۆژانە 500 ئەندازیار و شارەزا و فەرمانبەر و كرێكار كار دەكەن، كە بەشێكیان لە دانیشتووانی ناوچەكەن و هەلی كاریان بۆ دابین كراوە.
لەبارەی كاریگەری دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی لەسەر كارگەكەش، نەسرەدین قادر گوتی: "دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری گەورەی لەسەر هەمووی كردووە و نرخی شیشی بۆ نیوە دابەزاندووە، بەجۆرێك لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم كارگەیەوە لە ساڵی 2011 نرخی یەك تەن شیش 800 تا 850 دۆلار بووە لە ئێستادا نرخەكەی بۆ 370 تا 400 دۆلار دابەزیوە بەڵام قەیرانی دارایی كەمتر كاری لە كارەكانمان كردووە و رۆژانە كاری خۆمان دەكەین و بەرهەممان هەیە".
لە ئێستادا كارگەكە بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بەو ئاسنە كۆن و هەڵوەشێنراوانە بەستووە كە رۆژانە كۆی دەكاتەوە و هەتا ئێستا 250 هەزار تەن ئاسنیان كۆكردتەوە و رۆژانە ئاسنی زیاتر دەكڕن بۆ تواندنەوە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی.
بەڕێوەبەری كارگەگە لەو بارەیەوە گوتی: "لەبری كۆكردنەوەو بەكارهێنانی ئەو ئاسنە سكرابانەی رۆژانە كۆی دەكەینەوە پلانمان هەیە كارگەیەكی BRI لە وڵاتی ئێران بكەینەوە بۆ كۆكردنەوەو پاڵاوتنی خۆڵی شاخەكانی ئێران و ئامادەكردنی وەك مادەی خاو بۆ بەكارهێنانی لە كارگەكەدا".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان بڕی پێویستی كانزای ئاسن نییە بۆ دەرهێنان و بەكارهێنانی لە كارگەكەدا و گوتی:" ئەوەی پێشبینی كراوە هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك ملیۆن تەن كانزای ئاسنە لە خاكەكەیدا، ئەوەش بڕێكی كەمە و بەشی ساڵێكی كارگەكە ناكات بۆیە پەنامان بۆ ئێران بردووە".
بەڕێوەبەری كارگەی ئاسنی ماس لە بارەی كوالێتی و خواست لەسەر بەرهەمەكانیان دواو گوتی: "لە رووی كوالێتییەوە بە ستانداردی ئەمریكی و بەریتانی كار دەكەین و كوالێتییەكی بەرزمان هەیە و كێبڕكێی هەموو ئەو بەرهەمانەی دەرەوە دەكەین كە هاوردەی هەرێم دەكرێن، هەروەها رۆژانە بەرهەمەكانمان رەوانەی هەموو شارەكانی هەرێم و عێراق دەكەین و توانای دابینكردنی خواستی بازاڕی هەموو عێراق و دەرەوەشمان هەیە".
پارێزگای سلێمانی 30 لە سەدی هەموو پیشەسازی عێراقی لەخۆ گرتووە، لە رێگەی وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەك كارگەی گەورە لە پارێزگەكەدا كراونەتەوە كە لە بەرهەم و قەبارەدا لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە كەم وێنەن.