هەڵەبجە - AA رەوا مەحمود حەسەن
کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ٣٤ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێکی نزیک لە بەهاردا روویدا و چەند کاتژمێکی خایاند، بەڵام چیرۆکە جەرگبڕەکانی بۆ هەتا هەتایە بەردەوامن و هێشتا چەندین زامی سارێژنەکراو چیرۆکەکانیان بەردەوامن کە هەر رۆژە و بە رووداوێک دەکولێتەوە.
چیرۆکی دایکە شەونم کە ئێستا خاوەنی سێ منداڵە، یەکێکە لەو چیرۆکە تراژیدیانەی هەرگیز لە بیر مرۆڤایەتی ناچنەوە، ئەو لەگەڵ بینینی هەر هەواڵێکی تایبەت بە منداڵی ونبوو، بەردەوام زامی دەکولێتەوە، زامێک کە ٣٤ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەریهەڵداوە.
شەونم عەلی کە چەند رۆژێک پێش کارەساتەکە بەهۆی دووگیانبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی دەکرێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست منداڵەکەی لەدایک بێت، هاوسەرەکەی ئەو کات لە خزمەتی سەربازیی دەبێت لە خوارووی عێراق، هەربۆیە ناچار دەبێت کچ و کوڕێکی لە ماڵی باوکی بەجێ بهێڵێت کە تەمەنیان دوو ساڵ و سێ ساڵ بووە ئەو کات.
شەونم بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باس لە دوایین ماڵئاوایی خۆی دەکات لە منداڵەکانی، هەروەها باس لەوە دەکات کە کچەکەی دەگریا و دەیگووت بەجێم مەهێڵە، بەڵام ناچار بووە لە هەڵەبجە جێی بهێڵێت و بچێت بۆ سلێمانی.
شەونم عەلی کە دوو منداڵەکەی و پێنج خوشک و برای بەهۆی کارەساتی کیمیابارانەکەوە بێسەروشوێنن تا ئێستا، بەدەم هەنسکی گریانەوە باس لە چیرۆکەکانی ئەو سەردەمە دەکات، بەشێوازێک لەگەڵ هەر باسکردنێکدا مرۆڤ وا هەست دەکات کە ئازارەکەی تازەیە.
شەونم عەلی دەڵێت ''من دووگیان بووم، ئەو کات لە هەڵەبجە نەخۆشخانەی منداڵبوونی لێنەبوو، بۆیە ناچار رەوانەی سلێمانی-یان کردم، پێش چەند رۆژێک لە ١٦ی ئازار، ناچار بووم دوو منداڵم بەجێبهێڵم لەلای خوشک و براکانم، خۆم هاتمە سلێمانی و لە نەخۆشخانە خەواندیانم، بەڵام کە بیستم ١٤ی مانگ هەڵەبجە بۆردومان کراوە، هەڵسام بەو حاڵەی خۆمەوە ویستم بچمەوە بۆ هەڵەبجە، بەڵام رێگەیان نەدام بەهەر تەکسیەکم دەگوت، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە پردی زەڵم لەسەر رێگەی سلێمانی هەڵەبجە تەقیوەتەوە و ناتوانین بچین بۆ هەڵەبجە، بۆیە بەناچاری گەڕامەوە بۆ سلێمانی، بەڵام هیچ جۆرە پەیوەندییەک نەبوو ئەو کاتە".
دایکە شەونم بەدەم فرمێسکەوە باس لەوە دەکات ئەو کاتەی بەڕێکەوتووە بۆ سلێمانی، کچە بچووکەکەی بەدەم گریانەوە پێی گووتووە بەجێم مەهێڵە، ئەمە دوایین تابلۆی ئەو کچە دوو ساڵ و نیوەی بووە کە هێشتا لە هزریدا ماوە و بەردەوام بەدواییدا وێڵە.
شەونم عەلی کە ئێستا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ئەو کەسانەی منداڵی ونبوویان هەیە و هێشتا بەدەوای کەسوکاریاندا وێڵن، حەسرەتی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکەی وای لێکردووە، رێکخراوێکی تایبەت بە منداڵە وونبووەکانی هەڵەبجە دروست بکات پێش چەند ساڵێک لەگەڵ هاوەڵەکانیدا و ئێستا بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوەیە.
لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ونبوونی کەسوکار و منداڵەکانیدا، شەونم عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''١٦ی مانگ سەربازێکی زۆری برینداریان هێنایە ئەو نەخۆشخانەیەی لێی بووم، لەلایەک ترسم هەبوو لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم ئەو کاتە برابووە خزمەتی سەربازیی و هێناویانەتە شەڕی ئێران-عێراق، ئەو رۆژە سەعات ١١:٣٠ منداڵەکەم بوو کە بەنجەکە بەری دام، زۆر داوای کچەکەم دەکرد کە بەجێمهێشتبوو، چونکە کە هاتم دەستی گرت بە کراسەکەمەوە، زۆر هاواری کرد، دایە بەجێم مەهێڵە با لەگەڵت بێم، بەڵام وا باسیان دەکرد کە پردی زەڵم بەشێوازێک بۆردومان دەکرێت کە ناتوانین بچینەوە هەڵەبجە، وا چووینەوە گوتمان ئەگەر بە بۆردومان ئێمەش تیا بچین با ئەوان بمێننەوە، بەڵام بەداخەوە من مامەوە بۆ نەهامەتی و دەردەسەری و ئەوانیش تا ئێستا بێسەروشوێنن".
چیرۆکی تراژیدیایی دایە شەونم وەک هەرتاکێکی تری هەڵەبجە، زۆر بە ئازارە، بە ئەستەم دەتوانی بەردەوام بی لە گرتنی مایک و گوێگرتن لە بەردەوامی چیرۆکەکە، ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر گوێی بۆ دایە شەونم گرت و بەم شێوەیە درێژەی دا بە چیرۆکە ئازار بەخشەکەی و گوتی: ''من دوو منداڵم ونبووە، کچەکەم (سارا) لەدایکبووی ١٩٨٦ەو کوڕەکەم (کارزان) لەدایکبووی ١٩٨٧ە، هاوکات پێنج خوشک و برام بێسەروشوێنن".
دایکە شەونم لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەدوای سۆراغی منداڵەکانیان دەکەون و دەیانەوێت بیاندۆزنەوە، بەڵام کاتێک هاوسەرەکەی دەچێتە ئەو ماڵەی منداڵەکانی لێبووە، هیچ کەسێک نادۆزێتەوە، تەنانەت هیچ شوێنەوارێکی تەرمیش نادۆزنەوە لە ماڵەکەدا و لە درێژەی قسەکانیدا تایبەت بە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵانە، شەونم عەلی دەڵێت ''ئەو رۆژانەی کیمیاباران بەشێوەیەک بوو، هێندە تراژیدی بووە، کارەساتەکە هەندە گەورەبوو، لەوکاتەدا دایک لە منداڵی خۆی نەدەگەڕایەوە، کەسوکار ئاگای لە کەسوکاری نەمابوو، ئەو کات کە هاوسەرەکەم سەربازبوو، ئێران کشایەوە لە شارەکە، سوپای عێراق هاوسەرەکەم دەهێننە زەمەقییە بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگ (شەڕی حکوومەتی رووخاوی عێراقی لەگەڵ ئێران) لەوێوە بەهەلی دەزانێت دەچێتە نێو هەڵەبجە دوای کارەساتەکە و گوتی چوومە ژێرزەمینەکە، وەک خۆی مابوو، گوتی 'دەستم بە فەرشەکەدا هێنا هەروەک خۆی بوو، وتم بزانم هیچ کەس نەمردووە و دواتر خەڵک بردبنیان، دواتر فەرشەکەیان شتبێت، بەڵام ئەو گوتی پاک بووە وەک خۆی مابوویەوە ژێرزەمینەکە، چاوم گێڕا لە حەوشەکەشدا هیچ شتێکی نامۆم نەبینی، کاتێک چوومە ژوورەوە بینیم، لەناو بۆفیەکەدا عەبای خوشکەکەت، ئەلبومێکی خێزانی لەگەڵ یەک عەتری کشمیریم هێنا'، بۆ ئەوەی دواتر ئەو عەترە پشانی من بداتەوە و دڵنیام بکاتەوە کە ئەو چۆتە ماڵەکەمان بۆ سۆراخی منداڵەکانم، کە هاتەوە پێی گوتم (هاوسەرەکەم) لە رێگای گەڕانەوە و دەرچوون لە هەڵەبجەدا سەربازی عێراقی و ئەفواج خەفیفە لەگەڵ رژێمی بەعسدا کاریان دەکرد، نەیانهێشت ئەو کەلوپەلە خێزانییانەی لەگەڵ خۆم هێنابووم، بیانبەمە دەرەوەی شارەکە ناچاربووم بیانبەمەوە بۆ نێو ماڵەکە".
دایە شەونم زۆر بە حەسرەتەوە باسی ئەو چەند رۆژەی سەرەتای کارەساتەکە دەکات کە ئەم لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی لە چاوەڕوانی دەنگوباسی منداڵەکانیدایە کە لە هەڵەبجە بەجێی هێشتوون و ئاماژەی بەوە دا کە هاوسەرەکەی دەچێتەوە بۆ سلێمانی و پێی دەڵێت کە هیچ ئاسەوارێکی منداڵەکان و کەسوکاریانی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بەڵێنی پێداوە کە لەکاتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە شارەکەدا، بەدەستی خۆی بیباتە هەڵەبجە (شەونم) تاوەکو سۆراخی منداڵەکان و خوشکەکانی بکات.
شەونم عەلی باسی لە یەکەم داخڵبوونی خۆی دەکات بە شاری هەڵەبجە لەدوای کارەساتەکەوە و بەوشێوەیە چیرۆکەکەی گێڕایەوە ''کاتێک چوومەوە هەڵەبجە، هیچ شتێک وەک خۆی نەمابوو، بۆنی لاشەی مرۆڤ، بۆنی ئاژەڵی تۆپیو، بۆنی باڵندەی مردارەوبوو تێکەڵ بووبوو. ئەوەی ئەو رۆژانە بینیم هەرگیز لەیادم ناچنەوە، مەرگەساتی هەڵەبجە لە بیرنەکراوە".
- دایە شەونم گومانی وایە کە دوو منداڵەکە و پێنج خوشک و براکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال کرابن
شەونم عەلی بە تاقە منداڵێکی ساواوە بەردەوام دەبێت لە سۆراخی دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەی لەگەڵ پێنج خوشک و براکەی و بەردەوام لەو کەسانە دەپرسێت کە لەکاتی بۆردومانەکەدا لە شارەکەدا ماون کە ئاخۆ هیچ کەسێک، شایەتحاڵێک دوو منداڵەکەی بینیوە، بەڵام بێ ئومێد دەبێت لەوەی کە کەس نەیانی بینیوە، تا ئەو رۆژەی کەسێک لە خزمەکانی لە شاری سلێمانی پێی رادەگەیەنێت، خوشکێکی بینیوە کە یەکەک لە منداڵەکانی بەدەستەوە بووە لە یەکێک لە بەرێوەبەرایەتییەکانی سەربە رژێمی بەعسی رووخاو لە شاری سلێمانی و بەو چەشنە باس لە درێژەی چیرۆکە مەرگەساتە ناخهەژێنەکەی دەدات ''دراوسێیەکمان کاتی خۆی شووی کردبوو بە کەسێکی نزیک لە بەرپرسانی سەربازیی رژێمی بەعسەوە، کاتی خۆی شوێنی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە شاری سلێمانی شوێنی (رێکخراوی حیتین) بوو، کوڕەکە ناوی ئیبراهیم بوو پێی گوتم دادە شەونم، خوشکێکتم بینیوە لەگەڵ منداڵێکتا لە ئیڤایەکی سەربازیدا بووە (ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەو سەردەمە تایبەت بە رژێمی بەعسی رووخاو بۆ گواستنەوەی هێز بەکاری دەهێنا) گوتی لە رێکخراوی حیتین بوون، منیش هەڵسام بۆ یەک هەفتە هەموو رۆژێک لە سەعات حەوتی سەرلەبەیانی بۆ حەوتی ئێوارە لەو بەرپرسانە دەپاڕامەوە، ئەگەر خەڵکی هەڵەبجەیان ئەنفال کردووە، بەس تەنها لە دوورەوە پشانم بدەن با منداڵەکانم بۆ ساتێکیش بێت لە دوورەوە بیانبینم، هەموو رۆژێک بەو چەشنە بەردەوام بووم لەگەڵ منداڵە ساواکەمدا، تا دواڕۆژ یەکێک کوردە بەرپرسەکان پێی گوتم، 'دایە تکات لێ دەکەم بڕۆ، چونکە هەڕەشەی ئەنفال لە تۆش دەکەن' ئیتر دوای ئەوە رۆیشتم و نەگەڕامەوە، بۆیە لەو رۆژەوە هیچ سۆراخێکیان نازانم".
دایە شەونم ئەم چیرۆکە دەکاتە ئازارێکی دانەبڕاو لە جەستە و دەروونیدا هەموو ساڵێک و لەکاتی بیستنی هەر هەواڵێکی تایبەت بە ونبوون، ئەم برینە ساڕێژنەبووەی دەکولێتەوە، بەڵام دوای ئەوە بەردەوام دەبێت لە ژیان و ئێستا لەگەڵ کورێک و دوو کچی تریدا کە دوای کارەساتەکە لەدایک بوون بەردەوامی دەدات بەژیان، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لەدوای کارەساتی هەڵەبجەوە هیچ رۆژێک لەگەڵ ئەم منداڵە تازانەیدا نەچۆتە سەر سفرە و جەژن بکات.
کوڕەکەی کە لەدایکبووی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ەو بەڕێکەوت لە هەمان ساتی بۆردومانە کیمیاویەکەی سەر هەڵەبجەدا لە دایک بووە لە کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆدا، نیشانی دەدات کە دوای مەرگەسات جارێکی تر لەدایکبوونی خەڵکێکی زوڵملێکراو دووبارە دەبێتەوە. دایە شەونم ئێستا سەرۆکی رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە و بە تاسەوەیە، کار بۆ ئەو خێزانانە دەکات کە کەسوکار و منداڵەکانیان ونبوون.
چیرۆکی ٣٤ ساڵ حەسرەتی جەرگە ونبووەکانی دایکێکی هەڵەبجە
news_share_descriptionsubscription_contact

