Azat Muhammet
09 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2017
دهۆک - AA
ئەمڕۆ دیبەتى بوژاندنەوەى کەرتى گەشتوگوزار لە پارێزگاى دهۆک، شارۆچکەى ئامێدى وەک نموونە بە ئامادەبوونى پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى و هەروەها وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، نەورۆز مەولود و سەرمایەدار، سیروان بارزانى و بەرپرسى سەنتەرى زانیارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دکتۆر ئاراس خۆشناو لە پەیمانگەى تەکنیکى ئامێدى بەڕێوەچوو.
لە میانى بەڕێوەچوونى دیبەتەکەدا، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، نەورۆز مەولود لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ پێشخستنى کەرتى گەشتوکوزار لە هەرێمى کوردستان و لە پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى، بۆ ئەو مەبەستەیش ژمارەیەک پڕۆژەى نوێى پەسەندکراو لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و کەرتى تایبەتمان لەبەر دەستە، پەنا بەخوا لە ئایندەدا جێبەجێیان دەکەین، بێگومان ئەمانەیش رۆڵیان دەبێت لە بەرەو پێشبردنى کەرتى گەشتوگوزار".
وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار نایشارێتەوە کە قەیرانى دارایی کاریگەرى خراپى لەسەر کەرتى گەشتوگوزار جێهێشتووە و دەڵێت "بە هۆى ئەو قەیرانە داراییەى رووى لە هەرێمى کوردستان کردووە کەرتى گەشتوگوزاریش هاوشێوەى زۆربەى کەرتەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان زیانى بەرکەوتووە، خۆشبەختانە قەیرانە دارییەکانیش بەرەو کۆتایی دەڕۆن ئەو دۆخەیش تا سەر وا نابێت".
هەروەها تیشکى خستە سەر واژووکردنى گرێبەستى گەشتیارى لەگەڵ کۆمپانیاکانى بیانى و نێوخۆیی و گوتى: "٢٠٣ گرێبەستى گەشتیاری و یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنمان واژوو کردووە لەگەڵ ١٦ وڵاتانى ناوچەکە و هەموو ئامانجێکمان لە گرێبەستەکان پێشخستنى کەرتى گەشتوگوزار و زیاترکردنى جموجۆلى گەشتیارییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى ناوچەکە، ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى گەشتیارى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێن و بەشێکى زۆرى پڕۆژەکانیش لە پارێزگاى دهۆک دەبن، هەروەها کار لەسەر سەردانى گەشتیارى لە نێوان وڵاتانى ناوچەکە دەکەن".
وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشی: "هەرچەند دەزانین بنکە و بارەگاکانى چەکدارانى پەکەکە لەو ناوچانە هەن، بەڵام لەبەر ئەوەى لە ناوچە گەشتیارییەکان نین تا ئێستا نەبوونەتە هەڕەشە و ئاستەنگ لەبەردەم کەرتى گەشتوگوزار".
نەورۆز مەولود ئاماژەى بەوەدا کە گەلى شێرانە لە قەزاى ئامێدى کە ناوچەیەکى سەرنجڕاکێش و گەشتیاریە پڕۆژەیەکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەنجام دەدرێت ٢٠ لە سەدى پڕۆژەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزارى دهۆک جێبەجێ دەکرێت، هەروەها لەگەڵ حەوت ماستەر پلانى دیکە لە ناوچەکە هەرچەند تا ئێستا نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێ کردن، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەى سەرچاوەیەکى دارایی بۆ بدۆزینەوە تاوەکو ماستەر پلانەکە جێبەجێ بکرێت".
وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، نەورۆز مەولود لەبارەى تەلەفریکى چیاى زاوا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "یەکێکە لە پڕۆژە هەرە سەرنجڕاکێشەکانى پارێزگاى دهۆک و بە پاڵپشتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و لە لایەن کەرتى تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت، پەنا بە خوا ئەمساڵ ئەم پڕۆژەیە دەخرێتە بوارى جێبەجێکرنەوە و تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەى بابیلۆنیش لە پارێزگاى دهۆک جێبەجێ دەکرێت کە ئەویش یەکێکى ترە لە پڕۆژە گەشتیارییە هەرە جوان و گرنگەکانى پارێزگاى دهۆک".
دواتر پارێزگاى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى لە پانێلەکەدا رایگەیاند "کەرتى گەشتوگوزار بەشێکە لە کۆمەڵگە و پەیوەستە بە بوونى و سەقامگیرى بەشێکە لە سیستەمى سیاسى و کارگێڕى، ئەگەر سەقامگیرى ئابوورى، سیاسى، ئەمنى و کۆمەڵایەتیمان نەبێت ناتوانین باس لە کەرتى گەشتوگوزار بکەین. هاووڵاتییان و لایەنى پەیوەندیدار وەک پێویست هۆشیارنین لە رووى رۆشنبیرى گەشتیارى".
ئەتروشى گوتیشى: "جێگەى داخە تا ئێستا سیستەمێکى بانکى و دارایی تەندروست بۆ کەرتى گەشتوگوزار دانەنراوە، تاوەکو گەشتیارێک لە دەروەى وڵات سەردانى هەرێمى کوردستان بکات، سوود لە سیستەمەکە ببینێت، لە هەمان کاتدا پلان و بوودجە بەشێکى دیکەن لە بوژاندنەوەى کەرتى گەشتوگوزار، لێرەشدا بە هۆى بوونى کۆمەڵێک هۆکار بوودجەى پێویست بۆ کەرتى گەشتوگوزار تەرخان نەکراوە، دیسان بە داخەوە بە هۆى نەبوونى هەماهەنگى لە نێوان بەڕێوەبەرایەتىییەکانى پارێزگاى دهۆک".
دواتر سەرمایەدار، سیروان بارزانى لە پانێلى دیبەتى بوژاندنەوەى کەرتى گەشتوگوزار لە پارێزگاى دهۆک ئامێدى گوتى: "نەبوونى بۆرسە و بانکى نێودەوڵەتى زیانى بە هەموو کەرتەکان گەیاندووە لە نێویشیاندا کەرتى گەشتوگوزار. کەرتى گەشتوگوزار پێویستە پێشبخرێت چونکە حکوومەت و هاووڵاتییان بە هەموو چین وتوێژەکانەوە سوودمەند دەبن لەم کەرتەدا".