سياسەت

"ژمارەیەک لایەنی تورکمان پاکێجێک پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان دەکەن"

- سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عیماد رەفعەت: "لە ماوەی رابردوودا ئەزموونی ئەوەمان هەیە کە هەندێک وەزارەت درا بە تورکمانەکان و نەتواندرا لە خزمەت تورکماندا بێت".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 19.05.2019 - نوێکردنەوە : 20.05.2019
"ژمارەیەک لایەنی تورکمان پاکێجێک پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان دەکەن"

Arbil

هەولێر-AA

بە مەبەستی بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لایەنی تورکمان پاکێجێک پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان دەکەن و داوا دەکەن چەند پۆستێک بدرێت بە پێکهاتەی تورکمان.

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عیماد رەفعەت رایگەیاند "پاکێجێکی نوێمان داوەتە سەرکردایەتی کورد و بەتایبەت دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە بەشداریکردنی پێکهاتەی تورکمان لە گشت جومگە سیاسییەکاندا".

عیماد رەفعەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی بەناڕاستەوخۆ گوێبیستی ئەوە بووین کە بەشداری بە پێکهاتەی تورکمان ناکرێت لە کابینەی نوێی حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی پەرلەمانتارێکی بەڕێز لەسەر پشکی تورکمان پۆستی سکرتێری پەرلەمانی وەرگرتووە، بەڵام لەڕاستیدا نابێت پێکهاتە پەراوێز بخرێت و لەسەر بنەمای کورسی پۆستی پێ بدرێت".

عیماد رەفعەت گوتیشی: "راستە ئامارێکی فەرمیی نییە کە بزانێت ژمارەی پێکهاتەکان چەندە، بەڵام چونکە ئێمە پێکهاتەیەکی گرنگ ورەسەنی ئەم وڵاتەین، پێویستە لە هەموو کایە سیاسییەکان بەشدارییەکی کارامان پێ بکرێت، بۆ نموونە دەبێت لە حکوومەت وەزارەتمان پێ بدرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ئەویشی خستەڕوو کە یازدە لایەنی تورکمانی پاکێجەکەیان نوسیووەتەوە و گوتی:

"ئێمە یازدە لایەنی تورکمانی کە پێکهاتوون لە ئەندامانی پەرلەمان، شەش پارت و لایەنی تورکمانی، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کە ئەوانە نوێنەرایەتی پارت و لایەنە تورکمانییەکان دەکەن لە پاکێجێکدا داوامانکردووە کە تورکمانەکان بەشداری حکوومەتییان پێ بکرێت و لەم چوارچێوەیەشدا داوامانکردووە کە وەزارەتێک بدەرێتە تورکمان بۆ کاروباری ئەو پێکهاتەیە، هەروەها بوودجەیەکی تایبەتی هەبێت چونکە لە ماوەی رابردوودا ئەزموونی ئەوەمان هەیە کە هەندێک وەزارەت درا بە تورکمانەکان و نەتواندرا لە خزمەت تورکماندا بێت".

عیماد رەفعەت لەبارەی ئەوەی کە پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تورکمانەکان دراوە گوتی: "دیارە لە پەرلەمان ئەو رێککەوتنە کراوە، بەڵام نابێت ئەو پۆستە ببێت بە گشتاندن لەسەر گەلی تورکمان، چونکە بەڕێوەبردنی وڵات لە سێ جومگەی سەرەکی پێکدێت و پێویستە پێکهاتەکان تیایدا بەشداربن".

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عیماد رەفعەت سەبارەت بە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی لایەنە سیاسییەکان و هەڵوێستی تورکمانەکان گوتی: "سەردانی سەرکردایەتی کورد دەکەین بۆ ئەوەی گوێ لە داواکاریەکانمان بگرن و ئێمە پێداگیری لەسەر مافەکانمان دەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın