Hemn Baban
16 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2016
- "كۆدەنگی لەنێو كوردستاندا هەیە كە سایكس-پیكۆ كۆتایی پێهاتووە".
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بۆ باسكردنی ریفراندۆم سەردانی توركیا و ئێران و عێراقیش دەكەن و ئەمەی دوایی یەكەمین وڵات دەبێت ئەو پرسەی لەگەڵ تاوتوێ بكرێت.
مەحموود محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو، ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی دیداری تایبەتی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی حزبەكەی بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ لە شاری هەولێر بەستی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دوا و گوتی: " بارودۆخی ئێستا، تێگەیشتنی ئێستا، خەڵكی دانیشتوانی ئەم ناوچانە پێویستیان بەوەیە رێكخستنەوەیەكی نوێ بۆ چۆنێتی ژیان و پێكەوەژیان لەم ناوچەیە دروست بكەن، ئەوەش بە هەڵوەشانەوەی رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی خەڵكی دانیشتوانی ناوچەكە لە كورد و خەڵكانی دیكەش بەشێوازێكی دیكە پەیوەندییەكانییان یەكبخەنەوە".
گوتیشی: "كورد یەك دەنگە لەسەر ئەوەی سایكس-پیكۆ نابێت بمێنێت، ئەوەیان لێی دڵنیایین، لە بچووكێكەوە تا گەورەیەك، لە سیاسییەكەوە تا كەسێكی ئاسایی، لەعەلمانییەكەوە تا كەسێكی نێو رەوتێكی ئاینیی، لە دیموكراتییەكەوە تا شیوعییەك لە كوردستان بپرسە لەگەڵ ئەوەیە سایكس-پیكۆ نابێت بمێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لەپاش سایكس-پیكۆ چی دەكرێت؟ دەبیت ئیش بۆ ئەوە بكەین، ئەم دیدار و سیمینارانەش بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك دروست ببیت لە كوردستان بۆ ئەوەی بڵێین سایكس-پیكۆ كۆتایی پێهاتووە و پێویستییەكانی مانەوەی نەماوە، كەواتە دەبێت رێكخستنەوەیەكی نوێ لەم ناوچەیە دروست ببێت".
سەبارەت بە هۆكاری سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كە بەپێی راگەیاندنەكان سەردانەكە نزیكە بەتایبەت لەدوای سەردانەكەی شەممەی رابردووی وەزیری ئیتلاعاتی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی مەحموود محەمەد گوتی: " ئێران دەوڵەتێكی گەورەیە لەناوچەكە و كاریگەریی بەراستەوخۆیی لەسەر عێراق هەیە، هەروەكو چۆن پەیوەندییەكی دوور و درێژیشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئێمە بۆ دروستكردنی رایەڵەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكانمان هەوڵی جیددی دەدەین بەتایبەت لەگەڵ ئێران و توركیا، عێراقیش چی وەكو وڵات لەگەڵمان، چی وەكو ئایندەش ئەگەر بوو بە دراوسێمان دەمانەوێت دۆستایەتی و پەیوەندییمان زۆر بەهێز بێت لەگەڵی".
سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش كە باسەكانی لە هەرێمی كوردستان گەرمە بەتایبەت میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەنجامدانی نزیكە ئەو بەرپرسەی پارتی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن روونی كردەوە: " لەسەر پرسی ریفراندۆم لێژنەكەی رایانگەیاندووە دەست پێدەكەن بۆ ئەنجامدانی سەردان و لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی بزانیین چۆن و كەی و بەچی شێوازێك ئەنجام بدرێت، گفتوگۆكان لەم ماوەیە ئەنجام دەدرێت، یەكەم وڵاتیش كە گفتوگۆی لەگەڵ دەكرێت عێراق دەبێت، پێشتر پێش رووداوەكانی پەرلەمانی عێراق بڕیار بوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و یەكێك لە پرسەكان ریفراندۆم بوو كە لە بەرپرسانی بەغدا بپرسین بۆچوونی عێراق لەسەر ریفراندۆم چییە؟"
دەربارەی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر رێككەوتنی دوو قۆڵیی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر هەردوولایان پەسەندیان كرد ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا رایگەیاند: "پەیوەندیی دوو قۆڵی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان شتێكە و كۆی پرۆسەی سیاسی شتێكی دیكەیە، ئەگەر رێككەوتنەكەی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان بۆ نەهێشتنی ئەو كێشانەیە كە لەنێویاندا هەیە شتێكی باشە، بەڵام ئەگەر بیكەنە نەخشەرێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی كوردستان، ئەوا لە پێشتریش تاقی كرایەوە لە 23ی حوزەیران و 19ی ئابیش دەركەوت بێ پارتی سەرناگرێت، بەبێ پارتی ئەو مەسەلانە سەرناگرێت، بۆیە دەبێت هێز و توانای ناوخۆیی و پێكهاتەكانی سیاسی لەبەرچاو بگیرێت".
لەبارەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی كە حزبەكەی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 2007ەوە پێكەوە دەبەستێتەوە ناوبراو گوتی: " ئێمە لەبارەی رێككەوتننامەی ستراتیژی رێككەوتبووین یان هەمواری بكەینەوە یان هەڵیبوەشێنینەوە یان لەسەری بەردەوام بین، بۆ ئەوەش لێژنەیەكمان پێكهێنابوو و هەر لایەنێكمان وەرەقەی خۆی هەبوو بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆی و ئەو خاڵانەی دەمانەوێت قسەی لەسەر بكەین و ئەو ناوەڕۆكەی دەمانەوێت دەستكاری بكرێن دیاری بكەین كامانەن، ئەو مەسەلانشمان دیاریكردووە چی ئەوانەی پەیوەستە بە ناوخۆ یان ئەوانەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئایندەی كوردستان، بەڵام هێشتا لەگفتوگۆداین".
گوتیشی پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداركراوەتەوە لە بوونی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، بەڵام بە قسەی ئەو: " گوتوویانە لەدژی پارتی دیموكراتی كوردستان نابێت".