ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەمال كەركووكی دەڵێت "ریفراندۆم مافی گەلی كوردە كە لەو رێگەیەوە بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، چونكە ئەو سنوورەی كە لە دوای رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە بەبێ ئیرادەی گەلەكەمان بووە و لەو كاتەوەش تاوەكو ئێستا ناوچەكە پڕە لە نائارامی و توندوتیژی و ئەزموونی 100 ساڵی رابردووش لە دابەشكردنی ناوچەكەدا سەركەوتوو نەبوو. هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانیش بۆ ئەوەیە كە گەلەكەمان خۆی بڕیار بدات و بزانێت چی دەوێت. ئەگەر لە دوای ریفراندۆمیش گەلی كوردستان بڕیاری دا كە وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت ئەوە دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی بكات و ئەگەر لایەنێكی وەكو بەغداش رازی نەبوو ئەوە دەبێت لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە رێگری لێ بكرێت".
كەمال كەركووكی گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەوە دەمانەوێت ریفراندۆم بكەین بۆ ئەوەی گەلی كورد و عەرەب و هەروەها توركمان و كلدان و سریان و ئاشوری هەموومان ببینە دراوسێیەكی باش بۆ یەكتری و ئەوەیش بە مافێكی گەلی خۆمان دەزانین و بەردەوامیش دەبین لەسەری و ئەنجامیشی دەدەین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی هەروەها دەشڵێت "ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بەغدا تێ بگات كە رێز لەو مافەی گەلی كوردستان بگرێت تاوەكو بە ئاشتی ریفراندۆم بكرێت، چونكە لە هیچ ماددەیەكی دەستوری عێراقدا تەنیا بە ووشەیەكیش نەهاتووە كە بڵێت ریفراندۆم دەبێت بەغدا ئەنجامی بدات و دەبێت بە رەزامەندی بەغدا ئەنجام بدرێت. بۆیە ئەو كارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی هەڵدەستێت و ئەنجوومەنی دادوەریش ئەنجامەكەی پەسەند دەكات".
- وڵاتانی بیانی و دەستوەردان لە هەرێم
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات كە هیچ وڵاتێكی هەرێمی یان بیانی مافی ئەوەی نییە رێگری بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە هەموو وڵاتێكی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتوەكان لەسەر ئەو بڕیارە واژۆیان كردووە كە هەر گەلێك لەسەر خاكی خۆی مافی خۆیەتی بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات. لە یاسای نێودەوڵەتیشدا هەمان بابەت هەیە كە دەڵێت گەلان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ئەگەر گەلی كوردستانیش بڕیاری خۆی دا دڵنیابە وڵاتانی دراوسێش پشتیوانی لێ دەكەن".
كەمال كەركووكی گوتیشی: "وڵاتانی دراوسێ ناتوانن لە رێگەی سەربازییەوە تەداخولی هەرێمی كوردستان بكەن چونكە ناكرێت دونیا سەیر بكات كە گەلێك جینۆساید دەكرێت ئەوانیش دەستەوەستان بوەستن لەبەر ئەوە رێگە بە هیچ وڵاتێكی هەرێمی نادرێت و مافی ئەوەیشی نییە كە هێرشی سەربازی بكاتە سەر گەلێك كە هیچ تاوانێكی نەكردووە و نەشیویستووە شەڕی میللەتێكی دیكە بكات و دەستی وەرنەداوەتە كاروباری هیچ وڵاتێكی دیكەوە و تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیاری لە مافێكی خۆی داوە ئەو هێرش بكاتە سەری، بەڵام رەنگە هەندێك چاوسووركردنەوە هەبێت".
- هاندانی هەندێك لایەن
سەربارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن ئەگەری هەیە وڵاتێكی دراوسێ لە رێگەی چەند لایەنێكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەوە ئەجێنداكانی خۆی بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان جێبەجێ بكات، كەمال كەركووكی گوتی: "گەلی كوردستان گەلێكی پاك و بەتوانا و دڵسۆزە بۆ نیشتیمانەكەی خۆی و زۆر لەلایەنە سیاسیەكان گەورەتر و پاكتر و باشترە. بۆیە هیچ كات گەلی كوردستان ئەوە قبووڵ ناكات كە لایەنێكی سیاسی بیەوێت دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە و ئەگەر چەند كەسێكیش لە سەركردایەتی حزبێكیش ئامادەبن بۆ جێبەجێكردنی پلانی وڵاتانی دراوسێ لە دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی ئەو كات حزبەكەی خۆیشی و گەلەكەش لێیان قبووڵی ناكات".
- رێككەوتنی سیاسی گۆڕان و یەكێتی
لە رێككەوتننامەی یەكێتی و گۆڕاندا باس لە گەڕانەوەی كورد دەكرێت بۆ بەغدا و كەمال كەركووكیش دەڵێت "بەداخەوە، پێم وایە كە گەلی كورد جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ بەغدا، چونكە هیچ شتێك نەما كە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەزموونی نەكەین بۆ ئەوەی بتوانین بە شەراكەتێكی راستەقینە لەگەڵیاندا بژین و پێكەوە ژیانێكی ئاشتیانەمان هەبێت. لەبەر ئەوەی ئەوانەی كە دەیانەوێت جارێكی دیكە دەست و پێمان ببەستنەوە و بمانبەنەوە بەردەستی ئەو رژێمەی كە لە سەرەتایی دروستبوونیەوە لە دەیەكانی رابردوودا كوردی جینۆساید و ئەنفال كردووە و ئەو كەسانە سەركەوتوو نابن".
- سیستەمی هەرێمی كوردستان
خاڵێكی رێككەوتننامەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكات و كەمال كەركووكیش دەڵێت "سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان لە خولی یەكەمی پەرلەمانەوە دامەزراوە و پەرلەمانیش مافی ئەوەی نییە كە ئەو سیستەمە بگۆڕێت، تەنیا گەل دەتوانێت ئەو كارە بكات ئەوەیش لەڕێگەی ئەنجامدانی گشتپرسی. دەبێت ئەوەیش بڵێن كە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان سیستەمی سەرۆكایەتی نییە و سیستەمەكە پەرلەمانیە و تەنانەت لە پرۆژەی دەستووریش كە ئامادە كراوە نووسراوە پەرلەمانی - كۆماری بۆیە ئەوە هەوڵێكە بۆ ئەوەی لایەنەكان خۆیان وەدەر بخەن و خەڵكی پێ چەواشە بكەن بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنن".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی هەروەها دەڵێت "نە پارتی ونە یەكێتی و نە گۆڕان و نە كۆمەڵ و نە یەكگرتوو نە هێزە سیاسیەكانی دیكەش ناتوانن ئەو كارە بكەن كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمان هەڵبژێرێت و ئەگەر ویسترا كارێكی لەو شێوەیە بكرێت ئەوە دەبێت گشتپرسی بۆ بكرێت، چونكە گەل لە حزبەكان گەورەترە و نابێت ستەم لە گەل بكەین و ئەگەر بۆچوونێكی لەو شێوە هەبوو ئەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رای گەل، بۆیە پارتی لە بەرەی گەلە و بۆ هیچ لایەنێك ملكەچی ئەوە نابێت كە زوڵم لە گەل بكات. ئەگەر گەل بڕیاری دا سەرۆكەكەی لە پەرلەمان هەڵبژێرێت ئێمەش رێز لە رای گەل دەگرین. بۆیە دەبوایە یەكێتی و گۆڕان لەو خاڵەی رێككەوتنەكەیاندا موراعاتی هەستی گەلیان بكردایە و نابێت فێل لە گەلی كوردستان بكرێت بۆ دەستكەوتی حزبی، ئەوە بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت".
- پەكخستنی پەرلەمان
سەبارەت بە پەكخستنی پەرلەمان و كاراكردنەوەی، كەمال كەركووكی دەڵێت "پەرلەمانی كوردستان پرۆژە دەستوورێكی لەبەردەستدا بوو و بەڕێگەیەكی یاسایی و لەڕێگەی لیژنەكانی پەرلەمانەوە ماوەیەكی زۆر كاری لەسەر كرا و لە كاتی دەنگدانیشدا لە كۆی 97 پەرلەمانتار 96 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ دا و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش واژۆی كرد و ئەو كاتە تەنیا ئەوە مابوو كە خەڵكی دەنگی لەسەر بدات و نەیانهێشت ئەو كارە بكرێت. ئەوان ویستیان ئەو مافە لە خەڵك وەربگرنەوە و بیهێننەوە بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان رێكی بخەن و ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی كە ئەو نایاساییانە بكرێت كە هەستان لیژنەیەكی نایاسایی نوێیان پێكهێنا و گوتیان پرۆژەیەكی نوێی دەستوور دەنووسینەوە، بەڵام پارتی دەیزانی كە هەڵەیە و نایاساییشە بەڵام لەبەر ئەوەی كە پارتی ویستی بەوشێوەیەش بێت با هەر كوردستان بكەینە خاوەن دەستوور بەڵام ئەوان لەوێش بایان دایەوە بۆیە لەو كاتەوە پەرلەمان هەیبەتی نەما. بەڕای من ئەگەر ئەوكارە نەكرایە ئێستا حاڵی پەرلەمان بەوشێوەیە نەدەبوو و ئێستاش ئێمە خاوەنی دەستوور دەبووین و پەرلەمانیش زۆر كارا دەبوو".
سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانیش، دكتۆر كەمال كەروكی گوتی: "پەرلەمان بەوشێوەیەی جاران كارا ناكرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی دیكە بۆچی نا؟ دەتوانین پەرلەمان كارا بكەینەوە".
- سەنگەرەكانی پێشمەرگە
ئێستا سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرامبەر بە تیرۆرستانی داعش كراوەتە 8 میحوەر و كەمال كەركووكیش بەرپرسی یەكێك لەو میحوەرانەیە كە میحوەری رۆژئاوای كەركووكە. ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت "پاش هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە توانی لە قۆناغی یەكەمدا هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگرێت و لە قۆناغی دووەمیشدا دووریان بخاتەوە كە ئێستا لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك هەموو بەرزاییەكان و شوێنە نەوتیەكان و كەناڵەكانی ئاو لە ناوچەكەدا هەمووی لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دایە".
كەركووكی گوتی: "ئەو توانایەمان بۆ تیرۆریستانی داعش نەهێشتووە كە بتوانێت پێشڕەوی بكات و ئێستا دەیانەوێت لە چەند شوێنێك تەقینەوە بكەن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئێستا زۆر ئەزموونی پەیداكردووە بەتایبەت دوو لیوای هێزی پێشمەرگە كە لەلایەن ئەمەریكاییەكانەوە مەشق و راهێنانیان پێ كراوە بە چەكی نوێی كاریگەرەوە. دەتوانم بڵێم كە شكۆی داعش شكێنراوە، بەڵام داعش هەمیشە جێگەی مەترسیە تەنانەت ئەو كاتەش كە وەكو داگیركەری خاك لە عێراق نامێنن، بەڵام وەكو فیكرە رەنگە بۆ ماوەیەك هەر بمێنن".
- گوندە كوردنیشینەكان ئازادكراون
كەمال كەركووكی ئاماژەشی بەوەدا كە ئەوان یەكەم میحوەر بوون كە هیچ گوندێكی كوردنشین و هیچ گوندێكی تێكەڵ لە عەرەب و توركمان و كورد نەما ئازادی نەكەن و تەنانەت 25 گوندی عەرەب نشینیان ئازاد كرد و هیچ پێشمەرگەیەكیش بەدیل نەكەوتووەتە دەست تیرۆرستانی داعش و گوتی: "ئەگەر چەكی باشترمان هەبوایە ئێستا لە هەموو ناوچەكە داعشمان دەركردبوو، ئێمە ئەو ناوچانەی كە ماوە تا حەمرین ئەوانیش ئازاد دەكەین چونكە ئەوە خاكی خۆمانە".
- خەندەقەكان و خاكی كوردستان
سەبارەت بەو خەندەقانەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروستی كردوون كەمال كەركووكی گوتی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان خەندەقی زۆری دروست كردووە و ئەوەیش بۆ پاراستنی پێشمەرگە و سامانە سروشتیەكانی ناوچەكەیە. سنووری كوردستان چیای حەمرینە نەوەك ئەو شوێنانەی كە خەندەقی تیا دروست كراوە و ئێمە وەكو گەلی كوردستان گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێت ئێمە سەربەخۆیی خۆمان جێگیر بكەین. بۆیە هەر كاتێك گەیشتینە چیای حەمرین كە زۆریشمان نەماوە جا ئەو كاتە خەندەقی گەورەتر دروست دەكەین و دیواری دەكەین و مینڕێژیشی دەكەین و رازی نابین بەوەی كە ئەوەی خۆمان نەمانەوێت بێتە ئەم دیو ئەو سنورەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact



