سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی مۆن وێرای ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا بەسنگێکی فراوانەوە میوانداریی لە زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی سووریی کردووە، رایگەیاند ''ئەوەی روونە ئەوەیە کە وڵاتانی دیکەی دراوسێ، لەگەڵ تورکیادا، ئەرکێکی زۆر گەورەیان بە میوانداریکردن لە پەنابەرە سوورییەکان لەئەستۆ گرتووە و ئەو وڵاتانەش پێویستیان بە هاوکاریی و پشتیوانیی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە''.
بان کی مۆن بەر لە سەردانەکەی بۆ ئیستانبوڵ بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی مرۆیی جیهانیی نەتەوەیەکگرتووەکان، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی سەبارەت بە لووتکەکە، قەیرانی پەنابەران و کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دایەوە.
بان کی مۆن باسی لەوەکرد کە بەهۆی پێکدادانە چەکداریی و کارەساتە سرووشتییەکانەوە، جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لانیکەم رۆژانە ١٣٠ ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەو ژمارەیەش ٦٠ ملیۆنیان ئەو پەنابەرانەن کە ناچار بە چۆڵکردنی ماڵ و حاڵیان کراون.
- ''تورکیا بەسنگێکی فراوانەوە میوانداریی لە زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی سووریی کردووە''
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە رۆژ بەرۆژ لە دوو هێندە و سێ هێندە بووندایە بەشێوەیەک نەتەوەیەکگرتووەکان فریای ئەوە ناکەوێت هاوکارییان بگەیەنێتێ. ناچارین هاوکاریی ئەو مرۆڤانە بکەین کە پێویستیان پێمانە بەڵام سەرچاوە و تواناکانی بەردەستمان و وەڵامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دۆخەکە لەئاستی پێویستدا نییە. هەر بۆیە پیویستمان بە بەڵێنی سەرکردە سیاسییەکانە. لەبەر ئەوەیشە کە ئەم لووتکەیە سازدەکەین. زیاتر لە ١٧٠ وڵات بەشداریی تیدا دەکەن. لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٦٠یان لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکان یان سەرۆکی حکوومەتەکانیانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن''.
بان کی مۆن ئاشکرای کرد سەردانی کەمپی پەنابەرانی لە هەریەک لە تورکیا، ئوردن و لوبنان کردووە و جەختی لەوەکردەوە کە ملیۆنەها مرۆڤ بەهۆی قەیرانگەلێکەوە کە خۆیان هۆکارەکەی نین، لە ئازار و ناڕەحەتیدا دەژین و رایگەیاند ''ئەم کێشەیە سەرکردە سیاسییەکانی سووریا درووستیان کرد''.
بان کی مۆن بە پیویستی زانی لەبەرامبەر ئەم قەیرانەدا هاوسۆزی و میهرەبانی ببێتە کاری لەپێشینە و رایگەیاند ''سەبارەت بەو ئاستەنگ و ناڕەحەتییانەی بەرەوڕووی تورکیا بووەتەوە لەبارەی میوانداریکردنی سێ ملیۆن پەنابەر، رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیادا هەیە. هیوام وایە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت. گرنگترین شت ئەوەیە لەڕێگەی دایالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە. لە هەوڵی ئەوەداین لەگەڵ گرووپی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە سووریا، هاریکاریی بکەین و ئەم دایالۆگە دەستەبەر بکەین''.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە نزیکەی شەش هەزار کەس بەشداریی لە لووتکەکەدا دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە لەپاڵ حکوومەتەکاندا کەرتی تایبەت و کەسایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنیش بێنە ناو پرۆسەکەوە هەمووان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مرۆییە بدەن کە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، گەورەترین قەیرانی مرۆییە.
بان کی مۆن باسی لە بڕیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە تورکیا کرد و گوتی: "تورکیا خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لە ئەورووپا ، ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھاوکات ژێرخانی پێشکەوتووی شاری ئیستانبوڵ زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی لەم شێوەیە. تورکیا میوانداری سێ ملیۆن کەس دەکات و خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە لە وەڵامدانەوەی قەیرانە مرۆییەکان".
- "تورکیا و وڵاتانی دیکە مافی پێدانی ھاوکاری زیاتریان ھەیە"
بان کی مۆن ھەڵسەنگاندنی بۆ فیداکارییەکانی تورکیا، لوبنان و ئوردن لەبارەی پەنابەرانی سووریا کرد و گوتی: "تورکیا و وڵاتانی دراوسێ میوانداری ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانیان کردووە و بەم پێیەش مافی ھاوکاریکردنی زیاتریان ھەیە. پێویستمان بە ھەماھەنگی جیھانی ھەیە لەبارەی دابینکردنی پێداویستی پەنابەرانی سووریا".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە شەڕی ناوخۆی سووریا کرد و رایگەیاند کە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە زۆر قورسە.
مۆن ئاشکراشی کرد کە ئەو لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستافان دی میستورا ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش و گرووپی نێودەوڵەتی ھاریکاری سووریا ھاوکاری تەواو بن ئەوا دەتوانرێت چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە، باوەڕم وایە کە رێگە چارەی دیپلۆماتی دەدۆزرێتەوە".
مۆن باسی لە ھێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە سووریا کرد و ئیدانەی تەواوی ئەو ھێرشانەی کرد کە خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.
مۆن داوای لە گشت لایەنەکانی سووریا کرد کە پابەندبن بە رێککەوتنی ئاگربەست و گوتی: "بانگھێشتی گرووپی نێودەوڵەتی ھاریکاری سووریا و ئەمریکا و رووسیا دەکەم کە گوشار بخەنە سەر لایەنەکان بۆ ئەوەی پابەندی ئاگربەست بن. پێویستە لایەنەکانی سووریا جەخت لەسەر قۆناغی سیاسی بکەنەوە نەوەک بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل".