Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف تەیفور رایگەیاند "فوئاد حسێن نوێنەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ جەنابی سەرۆك (سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی) راگەیەندراوێكی بۆ ئەو مەبەستە بڵاوكردەوە و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی فوئاد حسێن دەكەین".
عارف تەیفور كە لە خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوینەران بووە، لە پەراوێزی چالاكییەكی وەرزشی لە سلێمانی و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی لە بارەی پرسی سەركۆماری عێراق و كاریگەری زۆری ژمارەی كاندیدان بۆ ئەو پۆستە دایەوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە زۆری ژمارەی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە كاریگەری دروست دەكات و ئەگەر بە هەموو لایەنەكانەوە یەك كاندیدمان هەبوایە زۆر باشتر بوو، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر پەلەی كرد لەو پرسە بەبێ ئەوەی هیچ بگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەردوولا هاوپەیمانین، یەكێتی نەگەڕایەوە بۆ لای پارتی و راستەوخۆ كاندیدی خۆی پێشنیازكرد بۆ پەرلەمانی عێراق و وەختە بیكاتە ئەمری واقیع".
ئەو هەروەها گوتی: "ئێمە ئامادەیمان تیادا بوو بۆ ئێستا و ئایندەش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ ئەو شتانە چارەسەر بكەین، بەڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێكمان لەو بارەیەوە نەكردووە و پاڵێوراوی ئێمە فوئاد حسێن-ە".
عارف تەیفور كە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەیەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە بارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و نیگەرانییەكانی حزبەكەی لە لێكردنەوە و دڕاندنی پۆستەر و وێنەی بانگەشەی لیستەكەی لە سلێمانی نیگەرانی خۆی نیشاندا و ئاماژەی كرد بەوەی پۆستەر و بانگەشەی پارتی لە سلێمانی لێدەكرێنەوە و دەدڕێندرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد کە سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەیان كۆكردۆتەوە و سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو لایەنانە دەكەن كە لەپشت ئەو كارەوەن و بە بەڵگەوە ناوی ئەو لایەنانە ئاشكرا دەكەن كە لەپشت ئەو كارەوەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پرسی پۆستی سەركۆماری عێراق كاندیدی خۆیان پێشكەشكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
جگە لە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد حسێن، شەش كاندیدی تری كورد و 19 كاندیدی عەرەب خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە و لە ململانێدان تاوەكو رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان زۆرترین دەنگی پەرلەمانتاران بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.