Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف تەیفور رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی حزبەكەیان بۆ گفتوگۆگانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەڕی دووەمی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنەكان دەست پێ دەكاتەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش دوو هەفتە گەڕی یەكەمی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان ئەنجامدا و لە شاری سلێمانی لەگەڵ هەردوولایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
عارف تەیفور لەبارەی وادەی دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەم و سەردانی شاندی حزبەكەی بۆ لای لایەنەكان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كۆبوونەوەكان هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەكاتەوە و شاندی پارتی سەردانی ئەو لایەنانە دەكات كە خواستیان لەسەر بەشداریكردنی حكوومەت هەیە و گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین".
عارف تەیفور لە بارەی كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت گوتی: "گەیشتوینەتە سەر ئەنجامێك و ماوەتەوە سەر ئەوەی رایبگەیەنین".
دوێنێ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاندبوو "گفتوگۆی شاندی پارتی لەگەڵ شاندی لایەنەكانی دیكە بەردەوامە، سەبارەت بەوەش كێ پاڵێوار دەبێت، كاتێك راگەیەندرا ئەوكات دەزانن كێ دەبێت".
لەسەر هەمان پرس ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهمەن عەبدوڵڵا رایگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی دیار نییە كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كێ دەبێت.
بەهمەن عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای گەڕانەوەی سەرۆك (مەسعود بارزانی) لە سەردانەكەی، لەم رۆژانەدا گفتوگۆكان دەست پێ دەكاتەوە و پارتیش بۆ خۆی كۆبوونەوەیەك دەكات و نەخشەڕێگای خۆی دادەنێت كە لەگەڵ حزبەكان چۆن و بە چ شێوازێك حكوومەت پێكبهێنین و حكوومەتی ئەمجارە حكوومەتێكی بەهێز بێت و خەڵكانێكی تیادا بێت كە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن".
ئەو باسی لەوەشكرد کە لە گەڕی یەكەمی كۆبوونەوەكان و سەردانەكەی شاندی حزبەكەی بۆ ئەوەبوو بەرچاوڕوون بن و بزانن لایەنەكان داوای چی دەكەن و روئیایان چییە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دواتر پارتی نەخشە و بەرنامەی حكوومەت ئامادە دەكات كە ئەوەش كاتی پێویست دەبێت".