Hawkar Yaseen
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلوول، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەشداری کرد لە راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و وتارێکی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەت، جگە لە پیرۆزبایی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پرسەکانی هەڵبژاردن و شەڕی ناوچە سنوورییەکان و پەکەکە و هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی سەر هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
مەسرور بارزانی رایگەیاند "ھیوادارم ئیدارەیەکی خزمەتگوزار بۆ بنەماڵەی شەھیدان و پێشمەرگە و ھەموو خەڵکی ئەو دەڤەرە بێت، دەستپێک و قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بکەین، ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی زاخۆش وەکو وەفایەکە بۆ زەحمەت و ماندووبوون و خوێنی شەھیدان و زەحمەتی ھەمووان لە ئێوە پیرۆز بێت، ھیوادارم ئەو ئیدارەیە بتوانێت ئاستی خزمەتی ئێوە دابێت".
گوتیشی: "رەنگە لە زۆر لەلایەنەوە خزمەتگوزاری ئیدارەیەکی سەربەخۆ باشتر خزمەت بکرێت، وەکو دەزانن دەڤەری زاخۆ دەڤەرێکی فراوانە، بۆ راپەڕاندنی ئیشوکاری ئیداری بگەڕێنەوە دھۆک رەنگە ھەندێک زەحمەت بێت، شۆڕکردنەوەی دەسەڵات یان راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئەوەیە ئاسانکاری زیاتر بۆ خەڵکی ئەو دەڤەر بکرێت، دەڤەرێکی مێژووییە و خەباتگێڕە، خەڵکێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەری لێیە لە ھەمانکاتدا یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند "پێویستە مافی خەڵکی زاخۆ بۆ خەڵکی زاخۆ بگەڕێتەوە، داھاتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەموو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بێگومان وەکو دیارە ھەقی خەڵکی زاخۆ وەکو خۆی نەدراوە، لەبەر ئەوە بڕیاری ئێمەیە بتوانین بیکەین ئەوەیە ھەقی ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکان جێبەجێ بکرێن، داخوازیش لە ئیدارەی نوێی زاخۆ دەکەم بە ھەموو جۆرێک خزمەتی خەڵکی خۆی بکات، بەرپرسیارێتی ئیمتیاز نییە، ئەو کەسەی وەکو سەرپەرشتیار و بەرپرس دیارکراوە، بۆ ئەوە نییە ئیمتیاز وەربگرێت، بۆ ئەوەیە خزمەتی زیاتری خەڵک بکات، پێویستە ئێمە ھەموو خزمەتکاری خەڵکی خۆمان بین، چونکە ئەوە ئەمانەتە لەسەر ئەستۆی ئێمە، ئەو ئەمانەتەش ئێوە بە ئێمەتان بەخشیوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا رایگەیاند "دەڤەری زاخۆ لە رووی گەشتوگوزاریش دەڤەرێکی جوان و خۆشە، بەڵام بەداخەوە لەبەر بوونی پەکەکە لە ماوەی رابردوودا کە بووەتە سەرئێشە، دانیشتووانی گوندەکان و ھاووڵاتییان ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان، داواکاری ئێمە لە ھەمووان ئەوەیە سەروەری خاکی ئێمە بپارێزن، رێز لە زەحمەت و ماندووبوونی خەڵکی ئێمە بگرن، رێز لە خەبات و قوربانیدان و شەھیدان و خوێنی شەھیدان بگرن، ئەو خاکە بە خوێن رزگارکراوە، ئەم وڵاتە بە خوێن رزگارکراوە و زەحمەتێکی زۆرمان بۆ کێشاوە، ئەمڕۆ نابێت ھیچ کەسێک مافی ئەوە بەخۆی بدات دەستدرێژی بکاتە سەر ئەم خاکە یان زەحمەتی بۆ خەڵکی ئێمە دروست بکات، بەھیچ جۆرێک ئەمە قبوڵ ناکەین، داوایان لێدەکەین ئەو سەرئێشەیە بەس بێت و خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە سەر خاک و ئاوی خۆیان، بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو حکوومەت بتوانین خزمەت بگەڕێنینەوە ئەو گوند و ئەو دەڤەرانە کە تا ئێستا نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە، چونکە جێگەی دڵگیر و خۆشن، دەتوانرێت بکرێتە جێگەی سەرنجڕاکێش، نەک تەنیا بۆ خەڵکی دەڤەری زاخۆ و پارێزگای دھۆک، بەڵکو بۆ ھەموو کوردستان، ھیوادارم ئەو رەوشە بگەڕێتەوە دۆخێکی ئارام و سەقامگیری ئەو دەڤەرە ببینن، ئەوەی بە ئێمەش بکرێت درێغی ناکەین و وەک حکوومەت ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو خەڵکە لە ئارامیدا بژین و بگەڕێنەوە سەر زەوی و ماڵی خۆیان".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند "ئێمە بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، ئەو ھەڵبژاردنە راستە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام ھەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، چونکە بڕیارەکان لە پەرلەمان دەدرێن کاریگەریی و گرنگی لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، ئەم نوێنەرانەی ھەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمانی عێراق کە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، دەبێت بەر لە ھەموو شتێک بیر لەوە بکەنەوە بەرگری لە مافی دەستووریی خەڵکی کوردستان بکەن، داواکاری من ئەوەیە چ ئەوانەی لێرەن یان ئەوانەی رەنگە لە تەلەڤیزیۆن ئێمە ببینن، داوا لە ھەموو خوشک و برایان دەکەم بچن دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری ئەو ھەڵبژاردنە بکەن، چونکە بیربکەنەوە ئەگەر ئێوە دەنگ نەدەن یان کەسێک بڵێت دەنگدان گرنگ نییە یان دەنگی ئێوە ھیچ کاریگەریی نییە، بڕوا بکەن بۆ ئەوەیە تا ئێوە نەتوانن ئەو شتانەی ئێوە دەتانەوێت بەدەست بھێنن، تا نەتوانن ئەو نوێنەرەی ئێوە دەتانەوێت بچێتە پەرلەمان، ئەگەر ئێوە بەشداری نەکەن خەڵکێکی دیکە دێت لە جیاتی ئێوە دەنگ دەدات و رەنگە کەسێک ھەڵبژێرێت بەھیچ شێوەیەک لە خزمەتی ئێوەدا نەبێت، ئومێدەوارم بەشداری ھەڵبژاردن بکەن دەنگی خۆتان بدەن، دەنگ بدەنە ئەو کەسەی دەتوانێت بەرگری لە ئێوە بکات".
لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ھەرچەندە زۆر ھەوڵدران بۆ ئەوەی ئێمە شکست بھێنن، ئەو حکوومەتە شکست بھێنێت، لەڕووی ئابووریی و سیاسیی، ھەندێکجار کێشەی ئەمنیش ھێنرایە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتە تەسلیم بێت و واز لە مافی دەستووری و مافی خەڵکی بھێنێت بۆ مووچە یان ھەندێک ئمیتیازاتی کاتی و کەم، کە ئەویش جێگەی باوەڕی نەبوو جێبەجێ بکرێن، خودا دەرفەت بدات و پشتیوان بێت بە خۆڕاگری ئێوە، زۆر سوپاستان دەکەم لەگەڵ ئێمە راوەستان و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی دەستبەرداری ھیچ مافێکی خۆمان نەبین، ئەو قەیرانەش تا ئێستا ئیدارەمان کردووە و تێمانپەڕاندووە، ئاسۆی زۆر روون لە پێش ئێمەیە، بەرنامەی باشی ئابووریمان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین کوردستان بەرەو قۆناغێکی گەشتر و ئاوەدانتر ببەین".
گوتیشی: "ئێمە ھیچ بەڵێنێک نادەین ئەگەر لە توانا و ھێزی ئێمەدا نەبێت جێبەجێی بکەین، بەڵام ئەو بەڵێنە دەدەین وەفادار و راستگۆ بین لەگەڵ ئێوە، ئەوەی بە ئێمە جێبەجێ بکرێت لەدەستمان بێت بۆ ئێوە درێغی نەکەین".