Heman Hussein Yaseen
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
نووسینگەی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێورەسمێکدا واژووکردنی پەیماننامەی یاسای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی لەنێوان خۆی و کاندیدەکان ئەنجامدا.
نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئامادەبوونی کاندیدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سنووری پارێزگای ھەولێر، لە رێورەسمێکدا، پەیماننامەی یاسای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی لەنێوان خۆی و کاندیدەکان واژوو کرد.
کاندیدەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کە ژمارەیان ٤١ کەسە و ژمارەیەکی زۆریان بەشدارییان لە رێورەسمەکە کرد و لە خوارەوەی پەیماننامەکە واژوویان کرد و پابەندبوونی خۆیان بە یاسای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن راگەیاند و شەش کاندیدیش ئامادەی رێورەسمەکە نەبوون کە پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتبوو.
بەرپرسی ھۆبەی حزب و کاندیدەکان لە نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، فەرھاد ئەسعەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمڕۆ رێوڕەسمی واژووکردنی پەیماننامەی یاسای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانمان ئەنجامدا کە تیایدا کاندیدەکان پەیماننامەکەیان واژووکرد و پێیەوە پابەند دەبن".
فەرھاد ئەسعەد گوتیشی: "شەش کاندید ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوون، ئەوانیش بەھۆکاری تایبەت بووە کە پێشتر مۆڵەتیان خواستووە، بەڵام دواتر دێنە نووسینگەی کۆمیسیۆن و پەیماننامەکە واژوو دەکەن".
بەرپرسی ھۆبەی حزب و کاندیدەکان لە نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق راشیگەیاند کە لەو ٤١ کاندیدەی سنووری پارێزگای ھەولێر، ھیچ کاندیدێک نەکشاوەتەوە.
فەرهاد ئەسعەد لەبارەی پێداویستییەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان گوتی: "ئەو مەوادە لۆجستییەی کە لە نووسینگەی نیشتمانیی ھاتووە لە کۆگای ئێمە ھەڵگیراوە و تا رۆژی پڕۆسەکە کەرەستەکان ئامادە دەبێت".
فەرھاد ئەسعەد داوای لە راگەیاندنەکان کرد بایەخ بە ھاندانی خەڵک بدەن بۆ چوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان و گوتی: "داوا لە راگەیاندنەکان دەکەین رۆڵیان ھەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بچنە بنکەکان بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان و بنکەکەکان ھەموو رۆژ کراون و داوا لە عەرەبەکانی دانیشتووی ھەولێریش دەکەین بڕۆن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان.
بەپێی یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠٢٠ی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠٢٠ی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە تیایدا رێساکانی رەفتاری قەوارە سیاسییەکان دیاریی کراوە و ئەو حزب و هاوپەیمانییەتانە دەگرێتەوە کە بەشداری لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردن دەکەن و یەکێک لە ماددەکانی ئەم یاسا رێگریی دەکات لە بانگەشەکردن لەسەر باڵەخانەی دامودەزگا فەرمییەکان، هەروەها رێگریی دەکات لە بەکارهێنانی پلە و پۆست بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
بڕیارە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.