Sarmand Hameed
26 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە هاووڵاتییان کرد پەلە بکەن لە دەستخستنی کارتی دەنگدان تاوەکو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکەن.
ئەم داوایەی مستەفا کازمی لە کاتێکدایە کە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
مستەفا کازمی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاڕاستەی گەلی عێراقی کردووە، نووسیوویەتی: "داواتان لێ دەكەم پەلە بكەن لە دەستخستنی كارتی دەنگدان لەپێناو ئایندەی خۆتان و رۆڵەكانتان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "دەنگی ئێوە سپاردەیە و بە فیڕۆی مەدەن، ئەوانەی هەوڵی چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەدەن بەرەو باشتر، دەبێت بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردندا بكەن".
مستەفا کازمی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "دەنگی ئێوە ئایندەی عێراقە".
جێی ئاماژەیە، کارتی دەنگدان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەدرێت بەو کەسانەی کە مافەی دەنگدانیان هەیە و کارتەکە سیمکارتێکی ئەلیکترۆنی تێدایه کە زنیارییە کەسییهكانی تێدا جێگیرکراوە و هیچ دەنگدرێک بەبێ بوونی ئەو کارتە مافی دەنگدانی نابێت.
هەرچەندە تەمەنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٢٠٢٢ کۆتایی دەهات، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ کە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا، پارتە سیاسییەکان بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایاری ٢٠٢٠ متمانەی بە حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دا بۆ بەڕێوبردنی قۆناغی راگوزەر تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
بەبێ داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە لە ٣١ی تەمووزی رابردوودا بڵاوی کردبوویەوە، سێ هەزار و ٢٤٩ کاندید لە رێگەی ٢١ هاوپەیمانی و ١٠٩ پارتی سیاسیی لەگەڵ بێلانەکان کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
پێشتریش راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن عەبد ھینداوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، حکوومەت پاداشت دەدات بە ھەر دەنگدەرێک ئەگەر سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدان سەر بە کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکات، تا کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە.
عەبد حوسێن ھینداوی ئاماژەی بەوەش دابوو کە حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی کە سەرجەم دەنگدەران بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی مانگی داھاتوودا، بکەن و گوتی: "لەو باوەڕهداین کە رێژەی بەشداریی کردن لە پڕۆسەکەدا باش دەبێت".