Zana Natık Kerem
25 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە عێراقییەکان، دەرفەتی ئەوەیان ھەیە، دەنگیان ببسترێت.
جێنین ھێنیس پلاسخارت لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڵاوکراوەتەوە گوتی: "لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان رژانە سەر شەقامەکان و دژبە خراپی رەوشی ئابووریی، کۆمەڵایەتی سیاسی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا".
گوتیشی: "دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی عێراق، ئێستا یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران بەدیھاتووە، ئەوەیش ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو ئەنجام بدرێت".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت بۆ عێراقییەکان ئەوەیشی گوتووە: "لە کاتی چوونتان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، دەرفەتی ئەوەتان ھەیە، دەنگی ئێوە ببسترێت و لە ھەر ھەنگاوێک کە دەینێن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام پاڵپشتان دەبێت".
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس کە نوێنەرایەتی ٢١ھاوپەیمانیی و ١٠٩ پارت دەکەن لە ٨٣ بازانەی ھەڵبژاردنەکاندا، خۆیان کاندیدکردووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر ٣٢٩ کورسی.