Heman Hussein Yaseen
25 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی عێراق: قەدەرێکی تراژیدی کە ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق و، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا رێکیخستووە، گوتارێکی پێشکەیشکرد و رایگەیاند کە، کێشەی سەرەکیی لە عێراق بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات، ئەوە کاتێک دەبێتە گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر ھەموو لایەنەکانی دیکە بسەپێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ بەکارھێنانی ھێز یان سزا ببات وەکو ئەوەی ھەمیشە لە عێراق روویداوە.
لە کۆنفڕانسەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''لەوانەیە پێویست نەکات بچمە سەر بارودۆخی ھەمەلایەنی ١٠٠ ساڵی پێشتر کە تیایدا عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە چۆن و بە چ شێوەیەکی ناسروشتی بێ لەبەرچاوگرتنی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان دامەزران. ئەمە بۆ بەڕێزان پسپۆران و بەشدارانی کۆنفرانسەکەتان بەجێدەھێڵم، بەڵام بێگومان گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە ئەوە ١٠٠ ساڵە زۆریان چەشتووە، بەداخەوە دوای سەدەیەکیش ھێشتا گەلی کوردستان ھەر گیرۆدەی بەدەستھێنانی مافەکانییەتی. وەک چۆن ھەمیشە ترسی لە رابردوو ھەبووە، ئەمڕۆش ھێشتا ترسی لە ئێستا و داھاتوو ھەیە''.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا گوتیشی: ''عێراق واتە وڵاتی پێکھاتەکان، ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە سێ ویلایەتی (مووسڵ، بەغدا و بەسرە) پێکھاتووە، ئەو سێ ویلایەتە بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافیایی و پێکھاتەی کولتووریان لێک جیابوونەتەوە. کورد لە باکوور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشوور. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێکھاتەی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراقدا ھەیە. عێراق وڵاتێکی فرەئایینی و نەتەوەییە، بەبۆچوونی من کێشەی سەرەکیی عێراق وەک ھەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرە مەزھەب بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات. ئەوەش دیاردەیەکی سرووشتییە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسییەکان بۆچوون و رای جیاوازیان ھەبێت. ئەوەش کاتێک دەبێتە گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر ھەموو لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ بەکارھێنانی ھێز یان سزا ببات، رێک وەک ئەوەی ھەمیشە لە عێراق روویداوە''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەمێژووی درووستبوونی دەوڵەتی عێراق کرد وگوتی: ''ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ـەوە، لە بەغدا عەقڵیەتی ھێز حاکم بووە. کە ئەو ھەموو کارەسات و نەھامەتیەی بەسەر ئەم وڵاتەدا ھێناوە، عێراقێکی زۆر دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی، دەوڵەمەند بە سامانی مرۆیی، دەوڵەمەند بە پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینی و فرە کولتووری، لە پێگەیەکی جوگرافیای ستراتیژیدا، ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبووایە ئێستا یەکێک لە وڵاتە بەھێزەکانی ناوچەکە دەبوو''.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''١٠٠ ساڵە لە عێراق ھەمان ھەڵە دووبارە دەکرێتەوە، وانە لە ئەزموونی تاڵ و شکستی دوای شکست لە شەڕی دوای شەڕ و لەو ھەموو باج و ماڵوێرانییە دەرس وەرناگیرێت. کە گەلان و پێکھاتەکانی عێراق بینیوویانە. بۆچی لە کاتێکدا ئێمە لە عێراق دەتوانین دەوڵەتێکی بەھێز و پێشکەوتوو بین، کەچی دەبین بە یەکێک لە خراپترینەکان، دامەزراوەکان ئیفلیج دەکەین، شارەکان دەبنە مەترسیدارترین شارەکانی جیھان بۆ ژیان، ھاووڵاتیان ھێشتا لە نەبوونی خزمەتگوزاریی زۆر سەرەتایی بێبەشن. خەڵکی عێراق شایستەی ژیان و ئێستا و داھاتووێکی زۆر باشترە، ژیانێک بەرە بەرە ئازار و مەینەتیەکانی رابردوو ساڕێژ بکات، بە ئومێدەوە بەرەو ئاییندە ھەنگاو بنێت، ئەمە بە واقیعبینی و خوێندنەوەی راست و بە تێگەیشتن و روانگەی تازە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکرێت. بە عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە، بە دروستکردنی ملیشیات، بە راوەستاندنی دامەزراوەکان، بە ھەژموونی تایفەگەری، بە ھەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و بیری تەسکی سەردەست، بە ھیچ شێوەیەک ئەمە نایەتە دی''.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیشکرد کە، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی ھەمووان، ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاوەدان و پێشکەوتوو، ببێتە ئومێدی ژیان بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو، نابێت دەسەڵاتداران لە عێراق چیتر دیلی دەستی رابردووێکی تاڵ بن. بەڵکو دەبێت ھەموومان بە بوێرییەوە دان بە ھەڵەکانی رابردوودا بنێین و خواست و ھەوەسی خۆ سەپاندن و چەند بارەکردنەوەی رابردوو واز لێبھێنین.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: ''ئارامی و سەقامگیریی عێراق، پەیوەستە بە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیھانەوە. نموونە و ئەزموونە تاڵەکە دوێنێیە، زۆر دوور نییە، ئەگەر عێراق ئارام و سەقامگیر نەبێت ناوچەکەش ئارام و سەقامگیر نابێت. عێراق ئارام و سەقامگیر نەبوو داعش لە دایکبوو، ئەگەر ھیچ نەگۆڕێت و کێشەکانی عێراق چارەسەر نەکرێت و ھەمان ھەڵەسی سیاسی و پەراوێزخستنی پێکھاتەکان ھەمان عەقڵیەتی ھێز و خۆسەپاندن و نەخوێندنەوەی بەرامبەر بەردەوامبێت، بە تەئکید سبەینێ داعشێکی دیکە لە دایک دەبێت. ھەمان چیرۆک خراپتر دووبارە دەبێتەوە، ئەوسا ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیھانیش دەکەوێتە مەترسییەوە''.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کورد کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە و گوتی: ''کورد، کۆد و کلیلی چارەسەکردنی کێشەکانی عێراق و کێشەکانی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا، ١٠٠ ساڵە بەغدا نایەوێت کێشەکانی گەلی کوردستان چارەسەر بکات، ١٠٠ ساڵە عێراق نائارام و ناسەقامگیرە، ١٠٠ ساڵە ھەموو توانا و دەوڵەمەندییەکانی عێراق بۆ کڕینی چەک و شەڕ خەرج دەکرێت، جگە لە ماڵوێرانی و کارەسات و مەینەتی بێ بڕانەوە، ھیچی دیکە بۆ عێراق نەھاتووەتە دی''.