Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا، ئەندامانی حەشدی شەعبی ناگرێتەوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جومان غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کۆمیسیۆن سوورە لەسەر ئەوەی کە سەرجەم دەنگدەران و کاندیدان، بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا، بکەن و گوتی: "لە ماوەکانی رابردوودا کۆمیسیۆن بە نووسراو داوای لە دەستەی حەشدی شەعبی کردبوو کە بە لیستێک ناوی ئەندامانی حەشدی شەعبی رادەست بکات تا ناویان بخرێتە ناو تۆماری دەنگدانی تایبەتەوە".
جومانە غەلای باسی لەوەشکرد دەستەی حەشدی شەعبی ئەو کارەی نەکردووە، لەبەر ئەوە دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا، ئەندامانی حەشدی شەعبی ناگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە کۆمیسیۆن ناوی ئەندامانی حەشدی شەعبی لە تۆماری دەنگدانی گشتیی تۆمار کردووە و گوتی: "ئەندامانی حەشدی شەعبی، دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی گشتییدا، دەنگی خۆیان بدەن".
چاوەڕوان دەکرێت دەنگدانی تایبەت ھە ڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە ھەشتی ئەم مانگە و ھەروەھا دەنگدانی گشتییش لە ١٠ی ئەم مانگە، ئەنجام بدرێت.
سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس کە نوێنەرایەتی ٢١ھاوپەیمانیی و ١٠٩ پارت دەکەن لە ٨٣ بازانەی ھەڵبژاردنەکاندا، خۆیان کاندیدکردووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر ٣٢٩ کورسی.