Hejar Hekım
18 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
سۆران-AA
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر عەلی تەتەر کە ھاوکات بەرپرسی لقی ١٠ی پارتیە لە سۆران رایگەیاند "بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لە کۆنگرەی داڤۆس لە ئاستی سەرۆک دەوڵەتەکانە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر عەلی تەتەر لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ھەرێم گەلێک ئامانجدارە و ھەنگاوی پۆزەتیڤی ناوە بۆ چارەسەری ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکان و گوتی: "کۆبوونەوەی پارتیش لەگەڵ یەکێتی ئەنجامی زۆر باشی ھەبووە کە ئەمە وا نیشان دەدات بەیانامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام و کاریگەرییەکانی ئەرێنین و لە داھاتووشدا ئەنجامی باش و کۆتایی دەبینین".
عەلی تەتەر ھەروەھا گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک دوو ھێزی کاریگەر لە ناوچەکە دەتوانن ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەزموونی ساڵانی رابردووی نێوان ھەردوو حزب ئەوەی سەلماندووە، بۆیە پێموایە ئەگەر رێککەوتنامەی ستراتیجی نێوانیان ئەکتیڤ بکەنەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، بەمەش دەتوانرێت ئاسانتر پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە".
سەبارەت بەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دکتۆر عەلی تەتەر گوتی: "سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان شکستی ھێنا و رۆڵی خۆی نەبینی، ھەرێمی کوردستانی تووشی قەیرانێکی سیاسیی قووڵکرد، خەریکبوو ھەرێمی کوردستان تووشی گەورەترین کێشە بکات، بۆیە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە جارێکی دیکە ئەزموونی رابردوو دووبارە ناکەنەوە، ھەروەھا ئەوەش یەکلایی بووەتەوە کە یوسف محەمەد نابێتەوە سەرۆکی پەرلەمان".
سەبارەت بەپەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پەکەکە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، دکتۆر عەلی تەتەر گوتی: "چەکدارانی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان چەکداری ناشەرعین و زوڵمێکی زۆر لە خەڵکی ئێمە دەکەن. لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان زوڵم لە خەڵکی ئێمە دەکەن، گوندەکانی ئێمەیان داگیرکردووە، ھەروەھا رێگری و تەعدا لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەندێک لە پێشمەرگەکانی ئێمە دەکەن، مخابن سیاسەتێکی شاش لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکەن، پێموایە تەحەمولی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوایە خوانەخواستە ئێمەی بەرەو کێشەی گەورە دەبرد، ئەگەرنا سیاسەتێکی دروست لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو ناکەن، بۆیە ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ پەکەکەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ناکۆکی لەنێوان خەڵکی ھەرێم و چەکدارانی پەکەکە دروستبووە".
دکتۆر عەلی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆشداری دابێتە پەکەکە سەبارەت دەستگیرنەکردنی ئەندامەکانیان لەو کاتەی کە دەکەونە ناو بازگەکانی پەکەکە گوتی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان نامانەوێت ھیچ ھێزیکی ناشەرعی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی یاساکانی ھەرێمی کوردستاندا بێت".
دەربارەی داھاتووی پێشمەرگەکانی ھێزی رۆژ کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستانن ناوبراو گوتی: "مافی پێشمەرگەکانی رۆژئاوای کوردستانە کە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن، ھەروەھا نابێت ھیچ ھێزێک رێگری لەمە بکات کە ئەو پێشمەرگانە ئەرکیان پاراستنی خەڵک و گوند و ئاواییەکانییان و ناموسی خۆیانە. بێگومان دیسان لێرەدا پەکەکە رێگری لەو ھێزە دەکات لە کاتێکدا دەستی بەسەر ناوچەی قەندیل و شنگالدا گرتووە و لە بەرامبەردا رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگەکانی ھێزی رۆژ دەکات".
دکتۆر عەلی تەتەر دەربارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی بۆسویسرا و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، گوتی: "بەشداریکردنی رێزدار بارزانی لەو کۆنگرەیە بۆ کورد دەستکەوتی زۆر باشی دەبێت، بەتایبەت لە چارەسەرکردنی قەیرانی داراییی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا سەرۆک بارزانی کۆمەلێک دیدار و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیھان و کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت".
گوتیشی: "پێشوازیکردن لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لە ئاستی پێشوازی و گرنگیدانە بەسەرۆکی وڵات یان دەوڵەتێک، بۆیەش ھەڤدیتنەکانی لەگەڵ زۆربەی سەرۆک و سەرکردەکان دەبێت".
لە کۆتایی دیمانەکەدا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر عەلی تەتەر سەبارەت بەپێگەی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دوای داعش و گۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا و پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا گوتی: "بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و بەربژێرە دیاریکراوەکان و خودی سەرۆکی داھاتووی ئەو وڵاتە، بێگومان پێشبینی دەکەین کە پێگەو پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەی واشنتۆن لە جاران بەھێزتر ببێت، ھەروەھا دیالۆگی باشتر لەگەڵ ئەمریکا پێک دەھێنین".