Rewa Mahmood Hasan
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
لە پارێزگای سلێمانی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی، واژۆی رێککەوتنی بنەما رەفتارییەکانیان دەکەن.
ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەسەرپەرشتی تیمی هاوکاری نێودەوڵەتیی (UNAMI) بۆنەیەکی تایبەتی بۆ سەرجەم پاڵێوراوانی پارت هاوپەیمانێتییەکان ساز کرد کە تیایدا بنەما رەفتارییەکانی هەڵبژاردنان واژۆ کرد.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامانج عەزیز رایگەیاند کە مەبەست لەم بۆنەیە خولقاندنی کەشێکی ئارام و لێکتێگەیشتنێکی پێشوەختەیە لە ماوەی بانگەشە و رۆژانی دەنگداندا لەنێوان سەرجەم پاڵێوراوان، پارت و هاوپەیمانێتییەکان بەمەبەستی یەکتر قبوڵکردن و دوورکەوتنەوە لەهەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێک لەنێوانیاندا.
ئامانج عەزیز گوتی: ''دوای ئەوەی ئەم وەسیقەی سلوکی هەڵبژاردنە لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە بەهاوکاری کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کراوە، لەمڕۆدا سەرجەم پاڵێوراوانی سنووری پارێزگای سلێمانی-مان بانگهێشت کردووە، بۆ واژۆکردن لەسەر ئەو میساقی شەرەفە کە ئامانج لێی رێککەوتنێکی هەمەلایەنەیە لەنێوان پارتە سیاسییەکان، لەسەر بنەماگشتییە قبوڵکراوەکان بۆ پرۆسەی دەنگدان، هاوکات دوورکەوتنەوەیە لەهەر بارگرژی و توندوتیژی و زەبروزەنگێک لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن پاڵێوراوان و هەوادارانیانەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت هانی دەنگدەران بدەن کە بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە دەنگداندا.''
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا و لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هیچ سەرپێچییەک لە بازنە جیاجیاکانی دەڤەری سلێمانی تۆمار نەکراوە.
سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ''دەنگدەر تەنیا دەتوانێت لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدانەوە، دەنگی خۆی بدات ئەوەی کە کارتی وەرنەگرتۆتەوە دەتوانێت بچێت سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و بەردەوامیش رێژەی ئەوانەی کە کارتەکانیان وەردەگرنەوە روو لەزیادبوونە.