Sarmand Hameed
08 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای رووسی بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئامادەبوو، وەزیری دەرەوەی رووسیا دووبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی کورد و رووسیا و مانەوەی سەرکردەی مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانی کرد لە رووسیا.

لە کۆبوونەکەدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رووسیا کرایەوە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازی لە بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ رووسیادا دەکەین، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی رووسیا ستایشی سەقامگیریی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پشتگیریشی لە هەبوونی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مۆسکۆ کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عیراق و سووریا کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەیە لەو ناوچانە. لاڤرۆڤ ستایشی رۆڵی گرنگی پێشمەرگە و کوردی کرد لە عێراق و سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی رووسیاشی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە لە مبارەیەوە پێویست بێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سووریا کرا و ئاماژە بەوە درا کە گرژبوونی زیاتری دۆخەکە زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. هەردوولا هاوڕابوون کە کورد رۆڵی خۆی لە داهاتووی سوریادا هەبێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان وحکوومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن. وەزیری دەرەوەی رووسیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەربڕی.