Dilşad Seyfeddin Ahmet
14 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2016
نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو كۆمیتەیە عومەر محەمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆبوونەوەی دوێنێ بەرەسمی بڕیارماندا لە كۆمیتەی بەگەڕخستنەوەی حكوومەت و پەرلەمان بكشێینەوە، هۆكارەكەشی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە لەوانەش ئێمە داوامان كرد كە كۆمیتەكە دەسەڵاتی پێبدرێت و كاتەكەشی كە ماوەی هەفتەیەك بوو تێپەڕ نەكات، هەروەها هەستمان كرد ئیرادەیەكی بەهێز نییە بەتایبەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە و هەردولا لەسەر بۆچوونەكانی خۆیان پێداگیرییان دەكرد".
عومەر محەمەد گوتی: "ئێمە توانیمان هەردوولا بەیەك بگەیەنین و كەشێكی گفتوگۆ دەست پێبكاتەوە، بەڵام پێداگیری هەردوولا وای كرد كۆبوونەوەكان ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبێت، ئێمە هەنگاوێكمان ناو ئەو دوو لایەنەش دەتوانن خۆیان پێكەوە گفتوگۆ بكەن بەڵكو بگەن بە ئەنجامێكی باش".
عومەر محەمەد كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی لە دەڤەری سلێمانی دەكات لە بارەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان گوتی: "ئێمە لە كۆمیتەكە كشاینەوە ئەوكات هیچ مانا و پێویستییەك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەین و لە كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی و لایەنەكان بەشداری ناكەین".
ئەو ئەوەشی گوت: "لە میانی سەردانی كۆمیتەكە بۆ لای لایەنەكان، گۆڕان پێداگری ئەوە دەكات پێش هەر كۆبوونەوەیەك دەبێت پەرلەمان دەست بەكاربێتەوە و دواتر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكان بكرێت، لە بەرامبەردا پارتی بە پێچەوانەوە دەڵێت پێش دەست پێكردنەوەی كۆبونەوەكان پێویستە لەسەر گۆڕانكارییەكان بگەینە رێكەوتن، ئەوەش جۆرێكە لە نەمانی متمانە لە نێوان هەردوولادا و ئەوەش وای كردووە كۆبوونەوەكان لەو قۆناغەدا ڕاوەستێ".
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنەكەدا بڕیاریدا بە كشانەوەی حزبەكەی لە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكوومەت، لە راگەیەندراوێكیشدا ئاماژەی كردووە بەوەی "پێمان وایە ئەم كۆمیتەیە كە بۆ مەبەست و ئەركێكی دیاری كراو دروستكرابوو لە دوای نەگەیشتن بە ئەنجامە چاوڕوانكراوەكانی كارەكانی تەواوبووە، لەم میانەشدا جەخت دەكەینەوە كە بەزوترین كات بڕیاری وەگەرخستنەوەی پەرلەمان و حكوومەت بدرێت چونكە جگە لە بنەما یاساییەكان دۆخی هەستیاری هەرێمیش بریاری جددی و بەپەلە و ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە دەخوازێت".
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە راگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی گوتووە: "دۆخی هەرێم هەستیارەو پێویستی بە هەوڵ و بریارو چارەسەری بەپەلەو جددی هەیە و لێمان دەخوازێت هەرچی زووە قەیرانە سیاسیەكە چارەسەر بكرێت لە پێناو زەمینە سازكردن بۆ چاكسازییەكی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی سیاسی و دارایی، چونكە خەملاندنی پڕۆژەی نیشتمانی چاكسازی و چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی دەزگا چاودێرییەكان و شەفافیەت لە سەرچاوەی داهات و پەرەدان بە بەها دیموكراسییەكان پێش هەرشتێك پێویستی بە وەگەرخستنەوەی پەرلەمان و حكوومەتە".
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەبارەی بریاری كشانەوەیان لە كابینەی حكوومەت رایگەیاندووە: "هەركات بزانین كە كشانەوەمان لە حكوومەت خزمەت بەچاكسازی و بەرژەوەندی گشتی گەل و وڵاتمان دەكات وەك چۆن بۆ خواست و خزمەتی خەڵك دەستمان لە وەزارەتی كارەبا هەڵگرت ئاواش بەبێ دوو دڵی بریاری پێویست دەدەین".
لە كۆبوونەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردووی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بڕیاردرا بە پێكهێنانی كۆمیتەیەكی هاوبەش بەمەبەستی زەمینەسازكردن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكوومەت و چارەسەركردنی پرسە جێناكۆكەكان.
ئەو كۆمیتەیە كە لەنوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكهاتبوون سەرەتای ئەم مانگە دەستی بەكارەكانی كرد و یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئەنجامدا و دواتر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد.