Hemn Baban
14 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2016
عەلا مەكی دەڵێت دەبوو پێشمەرگە هاوكاری بكرابا نەك كێشەی بۆ دروستكرابا، چونكە بەرامبەر بە داعش خۆی سەلماند.
سەركردەی دیاری سوننەكانی عێراق و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی ئەلوەتەنییە د.عەلا مەكی لەبارەی بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە و عەشیرەتە سوننەكان كە زۆری نەماوە بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیاری پڕچەككردنی عەشیرەتەكانی سوننە و هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكاوە درەنگ بڕیاری لەسەر درا و درەنگ كەوت، دەبوو لە عێراق سوپایەكی راست و بەهێز دروست بكرێت كە هی هەمووان بێت، بەڵام ئەوە نەكرا، هێزی پێشمەرگە هێزێكی رێكخراوە و دەبوو رۆڵی زیاتری هەبایە و بەهێزكرابا و هاوكاری بكرایە نەك تووشی ئەو كێشانە بكرێتەوە كە ئێستا هەیەتی، چونكە ئەو هێزە بەرامبەر داعش خۆی سەلماند و ئەوەشی سەلماند هێزێكی رێكخراوە".
لەبارەی ئەوەی بڕیارەكەی ئەمریكا كەی دەچێتە واری جێبەجێ كردنەوە مەكی گوتی "بڕیاری پڕچەككردنەكە زۆر پۆزەتیڤە، چونكە ناكرێت عەشیرتەكان بێ چەك بمێننەوە پاش ئەوەی لەسەر داوای حكوومەتی عێراق و بە پاڵپشتیی ئەمریكا تەنانەت چەكی دەستیشیان کە پێی داكۆكیان لەخۆیان دەكرد، لێیان وەرگیرایەوە. بۆیە پڕچەككردنەكە پێویستە، بەڵام دەبێت بەشێوەیەكی رێكخراو بێت و یارمەتیدەری كردەی سیاسی و گەڕانەوەی هۆشیاری بێت و خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی بكات نەك توندڕەویی دیكە بەرهەم بێنێت و بە پێچەوانەوە كاریگەریی نێگەتیڤ دروست بكات".
گوتیشی "بڕیارەكە دەرچووە، دواتر هەڵوێستی مەیدانی و سیاسی دەمێنێتەوە، هەندێك لە عەشیرەتەكان چەكیان وەرگرتووەو بەشێكی دیكەش لە چەكەكان وەرگیراون و گەیشتوونەتە عێراق، ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ پاشەكشەكردنی زیاتری داعش و پۆزەتیڤ دەبێت بەگشتی".
سەبارەت بە كاریگەریی ئەو چەكانە لەشەڕی دژ بە داعش، عەلا مەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "داعش دیاردەیە نەك هێز، بۆیە شەڕكردن لەگەڵ داعش رەنگە وایان لێ بكات لەشوێنێك بڕۆن، بەڵام لەناوچەیەكی دیكە دەردەكەونەوە، چونكە داعش ئێستا لە باكووری ئەفریقیا و لە شوێنی دیكەش هەیە".
گوتیشی بەگشتی رۆڵەی عەشیرەتە سوننەكان و سوپای عێراق و پێشمەرگە و هێزەكانی دیكە پێكەوە دەتوانن شكست بەداعش بهێنن ئەگەر پێكەوەبوون.