Zana Natık Kerem
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
پێنج لایەنی سوننە لە عێراق بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستەكانیان، بەرەیەكی نوێی سیاسییان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكهێنا كە 35 ئەندام لەخۆدەگرێت.
سەرۆكی بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان، ئوسامە نوجێفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە ژمارەیەك لە هێزە سیاسیەكانی سوننە كۆبوونەتەوە و لە میانیدا رەوشی سیاسی، ئەمنی، ئابووریی، كۆمەڵایەتیی و تەندروستییان لە عێراق تاوتوێكردووە".
ئوسامە نوجێفی باسی لەوەشكرد كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بەو تەحەدییاتانەی كە بەرەوڕووی عێراق بوونەتەوە گفتوگۆكراوە و گوتی:
"35 ئەندام كە نوێنەرایەتی (بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان)، (فراكسیۆنی جەماهیر)، (پڕۆژەی عەرەبی)، (فراكسیۆمی حزبی ئیسلامی و (فراكسیۆنی عێراقییەی سەربەخۆ) دەكەن لە لەسەر پێكهێنانی بەرەیەكی نوێی سیاسی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران پێكهاتوون بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەن لە بەدیهێنانی دادوپەروەریی بۆ هاووڵاتییانمان و ئەندامانی سەرجەم ئەو پێنج هێزە، سوننەن".
گوتیشی: "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە لەرێگای ئەم بەرە نوێیە سیاسییەوە، هەوڵەكانیان یەكدەخەن بە ئامانجی چاندنی متمانە و هیوا بە ئایندە و هەروەها چارەسەركردنی قەیرانەكان لە عێراق".
ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەو ئامادەكارییانەی كە لە ئێستادا لە عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێن كە بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لایەنە سوننەكان لە عێراق لە هەڵبژاردنەكانی 2018دا لە كۆی 329 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، 71 كورسیان بەدەستهێنابوو.