عێراق

عێراق.. مەرجی گەورەترین فراکسیۆنی سوننە بۆ تێپەڕاندنی حکوومەتی داهاتوو

- هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق: "دەبێت حکوومەتی داهاتوو، حکوومەتێکی دادپەروەرانە بێت کە سەرجەم پێکهاتەکان تیایدا بەشداربن، داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات و وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات".

20.02.2020 - نوێکردنەوە : 20.02.2020
عێراق.. مەرجی گەورەترین فراکسیۆنی سوننە بۆ تێپەڕاندنی حکوومەتی داهاتوو

Iraq

بەغدا - AA

هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق، ژمارەیەک مەرجی بۆ کابینەی نوێی حکوومەت دانا کە چاوەڕان دەکرێت بەم زووانە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی پێکبێندرێت بەر لەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەی پێ ببەخشرێت.

هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات گەورەترین فراکسیۆنی سوننەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە کۆی ٣٢٩ کورسی خاوەن ٤٠ کورسییە.

دوای کۆبوونەوەی دەستەی گشتی هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق راگەندراوێک بڵاوکرایەوە کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەبێت حکوومەتی داهاتوو لە لایەن گەلەوە متمانە پێکراو بێت، لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی بکەن و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات".

بەپێی راگەیەندراوەکە "دەبێت حکوومەتی داهاتوو، حکوومەتێکی دادپەروەرانە بێت بەجۆڕیک کە سەرجەم پێکهاتەکان تیایدا بەشداربن بێ ئەوەی هێچ لایەنێک پەراوێز بخرێت".

هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت حکوومەتی داهاتوو لەمیانی ساڵێکدا لە بەرواری پێکهێنانی، وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات، هەوڵەکانی بەو ئاراستەیە بخاتەگەڕ کە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەت-دا بێت و گرووپە چەکدارەکانیش لەناوببات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دەبێت حکوومەتی داهاتوو بە جددی و کرداری پابەند بێت بە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بو زێدی خۆیان، ئەو کەسانەش قەربوو بکاتەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا زیانیان بەرکەتووە و چارەنووسی سەرجەم ئەو کەسانەش کە رفێندراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە ئاشکرا بکات و دەست بکات بە پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان.

دوێنێ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی ئاشکرای کردبوو کە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داھاتوو پێکھاتەی حکوومەتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın