عێراق

سەماوە.. دڕندەیی ئەنفال

- لە سێ گۆڕی بە کۆمەڵی سەماوەدا دەرکەوت کە تەنیا ژن و منداڵن و لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفال کراون.

Heman Hussein Yaseen  | 20.02.2020 - نوێکردنەوە : 17.03.2020
سەماوە.. دڕندەیی ئەنفال

Arbil

هەولێر - AA

لە سێ گۆڕی بە کۆمەڵی سەماوەدا تەنیا رووفاتی دایک و منداڵانێک دۆزرانەوە کە لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفال کرابوون.

مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە بیابانی سەماوە باشووری عێراق دۆزرانەوە و لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا دەستکرا بە هەڵدانەوەی یەکێک لە گۆڕەکان و ١٧١ رووفاتی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفالی تیادا دۆزرایەوە.

دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان نموونەی ئێسکەکان وەرگیران و کارەکانی پزیشکی دادوەری دەستیپێکرد و دەرکەوت قوربانیان هەموو ژن و منداڵانی کوردن.

وەک بریکاری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، دۆخی ئاسایشی ناوچەکە رێگە نادات گۆڕەکان بە تەواوی هەڵبدەینەوە و قوربانیان بگەڕێنینەوە بۆ زێدی خۆیان.

بریکاری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، بەرەڤان حەمدی سەبارەت بە زانیاری لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامی هەیە، ئێستا لە دەورووبەری شنگال و سەماوە ئەو پڕۆسەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیی و ئیدارییەی لە عێراقدا هەیە، ئەو پڕۆسەیە لە داهاتوودا بەردەوامیی دەبێت".

بە گوتەی بەرەڤان حەمدی تا ئێستا لەۆ گۆرە بە کۆمەڵی سەماوە ١٧١ رووفاتی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفالی رژێمی بەعس دژ بە کوردەکان دۆزراونەتەوە.

بەرەڤان حەمدی ئاشکرای دەکات کە بە پێی ئەو نموونەیەی لە ئێسکی قوربانیان وەرگیراوە، دەرکەوتووە کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.

لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا رووفاتی ٧٤ منداڵ و ٩٧ ژن دۆزراونەتەوە.

دۆزینەوەی رووفاتەکان ئەوەندە سەخت نەبووە لەوەی هێنانەوەی قوربانیان بۆ زێدی خۆیان کە گەریمانە دەکرێ خەڵکی گەرمیان بن، ئەوەندە ئەستەمە.

ئەنفالی گەرمیان بە سێیەمین شالاوی کۆمەڵکوژی کوردەکان دادەنرێ کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی گەرمیان ئەنجام دراوە.

لەبارەی هێنانەوەی رووفاتەکان لە بیابانەکانی سەماوەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەرەڤان حەمدی دەڵێت کە کاروباری پزیشکی دادوەری بۆ ئەو ١٧١ رووفاتە لە بەغدا تەواو بووە و گوتی: "ئێستا خەریکی ئامادەکارین بۆ رێوشوێنی هێنانەوە و بەخاکسپاردنی رووفاتەکان بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەچوارچێوەی زانستی و یاساییەوە".

بریکاری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ئاشکرای دەکات کە پێشبینی پێنج گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ لەو شوێنە دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "جگە لەو سێ گۆڕە، گۆڕی دیکە لەو سنوورە هەیە، ئەو کاتەی تیمەکانی ئێمە چوونە شوێنەکە، سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەبوو، ئێستا پێشبینی دەکرێت پێنج گۆڕی دیکەش لەو سنوورە هەبێت بەئاساییبوونەوەی رەوشەکە، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت".

شاڵاوی ئەنفال لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بە هەشت قۆناغ دژبە گەلی کورد جێبەجێکرا کە تیایدا رژێمی پێشوو چەندین ھێرشی ئەنجامدا و جگە لە زیندە بەچاڵکردنی پیاوان و منداڵان و ژنان، لە هەندێک ناوچە چەکی کیمیاییشی دژبە گەلی کورد لە عێراق بەکارھێنا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەستیکرد بە بەدواداگەڕانی رووفاتەکان و تا ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی هەڵداوەتەوە و رووفاتەکانی گواستووەتەوە زێدی خۆیان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın