Azat Muhemmet
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
فەرماندەى گشتى هێزەکانى حەشدى نیشتمانى و پارێزگارى پێشووى نەینەوا، رایگەیاند "ئێمە وەک کۆى گشتى پێکهاتەى سوننە لەگەڵ دابەشکردنى عێراق نین، کار ناکەین بۆ دروستکردنى هەرێمێک بۆ سوننە، چونکە بە پێى دەستوو بێت عێراق خاکى هەموو پێکهاتەکانە لە بەغدا، بەسرە و هەموو پارێزگاکانى دیکە، لەت لەتکردنى عێراق لە بەرژەوەندى پێکهاتەکانى عێراق نازانین، بۆیە دەمانەوێت ژیانێکى سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا بەرجەستە بێت، شەڕو گرژى لە هەموو ناوچەکان کۆتایی پێ بێت".
ئەسیل نوجێفى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو لەبارەى پڕچەککردنى پێکهاتەى سوننە لە لایەن هاوپەیمانانەوە گوتى: "لە ئێستادا پێکهاتەکانى عێراق پێویستیان بە پڕچەککردن و هاوکارى سەربازى نییە، ئەوەى ئێستا عێراق بە گشتى و پێکهاتەى سوننە بە تایبەتی پێویستى پێ بێت، پاڵپشتى سیاسى و مرۆییە، بە پێویستى دەزانین هاوپەیمانان پشتگیرى زیاترى سیاسى سوننەى عێراق بکەن، تاوەکو کاریگەرییە نەرێنییەکان کە بە هۆى شەڕى داعشەوە دروستبوون لەسەر پێکهاتەکانى عێراق بە گشتی پێکهاتەى سوننە بە تایبەت کەم ببێتەوە".
ئەسیل نوجێفى رۆڵى تورکیا بەرز دەنرخێنێت و لەبارەى هاوکارییەکانى تورکیا بۆ پێکهاتەى سوننە و سەرجەم پێکهاتەکانى عێراق لە رووى مرۆییەوە دەڵێت "تورکیا لە هەموو قۆناغەکاندا پشتى لە هاووڵاتییانى عێراق نەکردووە. لە سەختترین دۆخدا بەهاناى هاووڵاتییانى سڤیلى عێراقەوە هاتووە".
نوجێفى دژ بە مانەوەى حەشدى شەعبییە لە پارێزگا و دەشتى نەینەوا و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان و دەڵێت "ئێمە وەکو پێکهاتەى سوننە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مانەوە و جێگیرکردنى چەکدارانى حەشدى شەعبى نین لە پارێزگا و دەشتى نەینەوا و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکان. پاراستنى ئەو ناوچانە لە ئەستۆى هێزێکى رێکخراودایە، چونکە بوونى حەشدى شەعبى لەو ناوچانە مەترسى پێشێلکارى بەرامبەر بە مافى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانى هەیە".
هاوکات گوتەبێژى فەرمى هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ دامەزراندنى هەرێمێکى سەربەخۆ بۆ پێکهاتەى سوننە لە عێراق بە چارەسەرکردن و قەرەبووکردنەوەى زیانەکان دەزانێت و دەڵێت "پێکهاتەى سوننە لە عێراق دواى شەڕى دژ بە داعش زیانێکى زۆر گەورەیان بەرکەوتووە، قەرەبووى هەموو زیانەکانیان دامەزراندنی هەرێمێکى سوننەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە هاوکارى و پاڵپشتى نێودەوڵەتیی هەیە".
حوێت لەبارەى سنوورى هەرێمى سوننە لە عێراق دەڵێت "تا ئێستا سنوور دەستنیشان نەکراوە، بەڵام پارێزگاکانى نەینەوا، سەڵاحەددین، ئەنبار، دیالە و بەشێک لە بەغدا هەروەها چەند ناوچەیەک لە سنوورى ماددەى ١٤٠ دەگرێتەوە".
گوتەبێژى فەرمى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا ئاشکراى دەکات کە دەبێت بڕیاردان لەسەر هەرێمێکى سوننە لە چوارچێوەى پڕۆسەیەکى دیموکراسىدا بێت و هاووڵاتییان لە رێگەى گشتپرسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆیان بدەن.