Haydar Karaalp
23 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا - AA
روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی لەبارەی رووداوی رفاندنی ھەشت ھاووڵاتی سوننە لە پارێزگای سەڵاحەدین و پاشانیش کوشتنیشان "بە تاوانێکی قێزەون" ناوبرد و ئاشکراشی کرد کە ئەو رووداوە لە چوارچێوەی زانیاری ھێزەکانی ئەمنی ئەنجامدراوە.
روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی لەبارەی کوشتنی ئەو ھاووڵاتییانەوە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژران راگەیەندراوێکی بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە "پێدەچێت گرووپە چەکدارەکانی سەربە رێکخراوی عەسائیبی ئەھلی حەق کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ١٧ی تشرینی یەکەم ھەڵیانکوتابێتە سەر ناحیەی فەرحاتییە و ٢٥ کەسی سڤیلیان رفاندبێت. دواتریش تەرمی ھەشت کەس لەو رفێنراوانە کە لە سینگ و سەریان شوێنی گوللـە دیاربوو لە زەوییەکی کشتوکاڵی دۆزرابوونەوە. ھاوکات ١٣ کەس لە رفێنراوەکان ئازاد کران و تا ئێستاش چارەنووسی چوار کەسیان دیار نییە".
روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی ناسنامەی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە کوژراون.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسحاقییە سەربە پارێزگای سەڵاحەددین، جاسم مەجمەعی لە لێدوانێکیدا بۆ روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی رایگەیاند "بەپێی گوتەی خەڵکی ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم چوونەتە نێو ناحەی فەرحاتییە و رەفعیات و ٢٥ کەسیان رفاند. ١٣ کەسیان ئازادکرد و ئەوانی دیکەش تا ئێستا دەستبەسەرکراون، دواتریش خەڵکی ناوچەکە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ تەرمی ھەشت کەسیان لە دووری ٥٠٠ مەتر لە ناوچەکە دۆزیوەتەوە".
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی خۆجێی و ئەو گرتانەی دەستکەوتوون، ئەو گرووپە چەکداریانەی کە جلوبەرگی سەربازییان پۆشیووە، ئۆتۆمبێلی ھەڵگری لۆگۆی سەربە لیوای ٤٣ی حەشدی شەعبی بەکارھێناوە. ئەمانە تۆڵەی کوشتنی کەسێکی سەربە خۆیان کردووەتەوە کە لە ناوچەی سەید غەریب سەربە پارێزگای سەڵاحەددین لەلایەن داعشەوە کوژراوە.
جاسم مەجمەعی راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەم رووداوە داوە بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
ناوبراو ئاشکرای کردووە کە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەھۆی داعشەوە ناوچەکەیان جێھێشتووە، بەڵام حەشدی شەعبی رێگەی بەمانە نەداوە گە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. گوتیشی: "کردەوەکانی رفاندن و کوشتنیش وەک سیاسەتی ترساندن بەرامبەر ئەو کەسانە بەکاردێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ھەربەپێی زانیارییەکان، چوار رۆژ پێش رووداوەکە ئەوانەی تاوانەکانیان ئەنجامداوە ھەڵیانکوتاوەتە سەر فەرحاتییە و خەلکی ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و پاشانیش گرتەیان تۆمارکردووە، لە ١٧ی تشرینی یەکەمیش ئەم رووداوەیان ئەنجامداوە.
ھاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی فەرحاتییە کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی رایگەیاند "خەڵکی ناوچەکە بەرەبەیانی رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم بە ھاتنی گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە راچڵەکین. پاشانیش چوونە نێو ماڵێک و بە دەسکی دەمانچە لە ئافرەتێکیان داوە و پاشانیش ئافرەتەکە کەوتووەتە سەر زەوی. دواتریش دوو کوڕی ئەم ئافرەتە بە ناوەکانی موھەنەد تەمەن ٢٠ ساڵ و عەزیز تەمەن ٢٣ ساڵیان رفاند. کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆش تەرمی چەند کەسێک لە زەویەکی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە کە شوێنەواری چەقۆ و گوللـەیان پێوە دیاربووە. ئاشکرایە کە رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە. ئەم گرووپانە زۆرجار خەڵکی دەڕفێنن و پێشتریش چەند کەسێکیان رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە".
ئەوەش راگەیەندراوە کە ئەوانەی لە پارێزگای سەڵاحەددین رفێنراون بە خاڵەکانی پشکنینی پۆلیسدا تێپەڕیون و ئەو ناوچەیەی کە تاوانەکەی لێ ئەنجامدراوە پۆلیس و ھێزەکانی سەربە سوپای لێبووە.
لەلایەکی دیکەش بەڕێوەبەری ناوچەی باکووری ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی سەربە روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی، ئەنەس جەرجەوی رایگەیاند کە کاری رفاندن و لەناوبردنی عێراقییەکان تاوانی دژبە مرۆڤایەتییە. پێویستە تاوانباران ئاشکرا بکرێن".
رۆژی شەممەی رابردوو، فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین رایگەیاندبوو کە ١٢ھاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر کوژراون و تەرمەکانیان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی سەڵاحەددین-ەوە دۆزراونەتەوە.
رۆژی ١٨ تشرینی یەکەم، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە یاوەری شاندێک کە پێکھاتبوو لە ھەریەک لە وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و سەرۆک ئەرکانی سوپا، عەبدوئەمیر رەشید یارەڵڵا و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز گەیشتە پارێزگای سەڵاحەددین. سەردانی پارێزگای سەڵاحەددینی کرد و لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی رایگەیاندووە کە ھاتووە بۆ پارێزگای سەڵاحەددین تا ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە دەوڵەت بوونی ھەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتییان و جێگیرکردنی پایەکانی یاسا، بە تایبەتیش دوای ئەو تاوانە قێزەونەی کە بەم دواییانە بەرامبەر بە ژمارەیەک ھاووڵاتیی دانیشتوانی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکرابوو کە مستەفا کازمی لە وردەکاری لێکۆڵینەوە بەراییەکان لە بارەی رووداوی کوژرانی ١٢ ھاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری شاری تکریت ئاگادارکراوەتەوە و فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بەدواداچوونی ورد بۆ وردەکارییەکانی ئەو رووداوە بکەن و گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ ھاووڵاتییانی سەڵاحەددین ئەوەیە کە دەوڵەت دەیانپارێزێت و ھێزە ئەمنییەکان ئەرکیان پاراستنی نیشتمان و یاسایە".
مستەفا کازمی گوتیشی: "تیرۆریستان جگە لە یاسا و سزادان ھیچ شتێکی دیکە چاوەڕوانیان ناکات و بەھیچ شێوەیەک رێگە نادەین دووبارە تیرۆر بگەڕێتەوە وڵاتەکەمان جا لەژێر ھەر ناوێکدا بێت".
رۆژی شەممەی رابردوو، فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین رایگەیاندبوو کە ١٢ ھاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر کوژراون و تەرمەکانیان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی سەڵاحەددین-ەوە دۆزراونەتەوە.