Hamza mansur
02 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد رایگەیاند "گەڕانەوەی ئاوارەكانی شاری فەللوجە كە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە داعش پاککرایەوە، رەنگە سێ مانگی پێویست بێت".
دەرباز محەمەد و رێكخەری كاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لیزا گراند سەردانی شاری فەللوجەـ یان كرد و لەوێ باسیان لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان کرد.
وەزیری كۆچ و كۆچبەران گوتی: "لە ئێستادا لەگەڵ رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی فەللوجە كار دەكەن".
دەرباز محەمەد گوتیشی: "كارەكان كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی فەللوجە دەستی پێكردووە، بریتیین لە نۆژەنکردنەوەی هەردوو وێستگەی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و ئەو پردە سەرەكییەی كە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەكە پێكەوە دەبەستێتەوە".
سەبارەت بە ماوەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی فەللوجە بۆ شوێنەكانی خۆیان، دەرباز محەمەد ئاماژەی بەوەدا كە رەنگە گەڕانەوەی ئاوارەكانی فەللوجە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، سێ مانگ بخایەنێت.
هاوكات هەر لەسەر ئەو پرسە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، جاسم حەلبووسی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوازرییەكانی وەك كارەبا و ئاوی خواردنەوە و پاككردنەوەی فەللوجە لە پاشماوەی شەڕەكان، هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی خۆجێیی و حكوومەتی فیدراڵ و دانیشتوانی فەللوجە هەیە".
شاری فەللوجە یەكەم شاری عێراق بوو لە سەرەتاكانی ساڵی 2014، تیرۆریستانی داعش كۆنترۆڵیان كرد وهێزەكانی عێراق لە مانگی حوەزیرانی ئەمساڵدا، كۆنترۆڵیان كردەوە.
پێشتریش پەرلەمانتاری عێراق لەپشکی پارێزگای ئەنبار، ئەحمەد سەلمانی رایگەیاند "70 لەسەدای ئاوارەكانی ئەنبار گەڕاونەتەوە ناوچە رزگاركراوەكان جگە لە فەللوجە نەبێت، ئەوەیش بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكانی سەربە قەزاكە".