Hemn Baban
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
لەلای ئێزدییەكان خۆر پێگەیەكی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە ئایینی ئێزدی لەو ئاینانەیە كە خۆر بە پیرۆز سەیر دەكەن، لە بەشێك لە ئایینەكانی كۆنیشدا رووناكی بە پیرۆز سەیر كراوە.
لێرە لە ئاوارەییدا، لەدامێنی چیای شنگال كە ژیانی هەزاران ئێزدی هێشتا لەژێر خێوەت و تینی تیژی رۆژە، لێرە لە ناو ئەم شاخەدا ژمارەیەك كەسی كەم كە لەپەنجەكانی دەستێك تێناپەڕن بۆ ئەوەی بێ كار نەبن زۆر زیرەكانە دەستیان داوەتە بێڵ و قازمە و باخچەی بچووك بچووكیان بەم دیو و ئەو دیوی تاكە جادەكەی ئەیانبات بۆ شنگال دروستكردووە، بەرهەمی زیاترینی ئەمانیش لەو باخچانە بەزۆرینە گوڵەبەڕۆژەیە، لێرە ئەوەی سەرنجت رادەكێشێت سەربڵندی ئەو گوڵەبەڕۆژانەیە كە ژمارەیان لە هەر باخچەیەكدا چەند دە دانەیەك پتر نیین، ئیدی چیرۆكی چاندنی ئەم رووەكە و خزمەتكردنیشی ئاماژەیەكی تایبەتی تێدایە بۆ ئێزدیەكان كە لە ئایینەكەیاندا رۆژ یان خۆر یەكێكە لە دروستكراوە پیرۆزەكان.
سلێمان پیاوێكی ئێزدییە لە ئاوارەكانی چیای شنگالە، ئەو خاوەنی یەكێك لەو باخچانەیە كە گوڵەبەڕۆژە یان وەكو ئێزدییەكان دەڵێن "بەر بەر رۆژ"ە، موڵكی ئەوە و رۆژانە چەند كاتژمێرێكی بۆ خزمەتكردنی ئەو گوڵەبەڕۆژانە و باخچەكەی تەرخان دەكات، سەبارەت بە هۆكاری بوونی گوڵەبەڕۆژە لەو شوێنە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "لە ئایینی ئێمە و لە بیر و باوەڕەكانی ئێمە خۆر هێما و شتێكی پیرۆزە و یەكێكە لەو شتە جوانانەی كە ئیرادەی خوڵقێنەر دەگەیەنێت، بۆیە كاتێك داعش هێرشی بۆ هێناین و گوندەكانی وێران كردین و هەموومان ئاوارە بووین هاتین بۆ چیای شنگال و ئەم باخچەیەم دروست كرد كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەموو بەرهەمەكەی بەبێ بەرامبەر دەدەم بە هاوئاینەكانم لێرە، بەر بە رۆژە پیرۆزە لەلای ئێمە چونكە كە بەیانییان خۆر هەڵدێت رووی لە خۆر دەكات و لەگەڵ خۆردا دەسوورێتەوە تا ئاوا دەبێت ئەوەیش نیشانەی گەورەیی خودایەكە كە ئەوەی وا لێكردووە".
سلێمان دەرویش موراد لە پەنجاكانی تەمەنی دەبێت، سەر و ریشێكی رەشی هەیە و لە چەند لایەكیشەوە تاڵە سپییەكانی دەركەوتوون، ئەو پیاوێكی قسەخۆش و میوان دۆست بوو، لە ناو باخچەكەی خۆی قسەی بۆ دەكردین كە بە قسەی خۆی رۆژانە دێت ئاوی دەدات و چی پێویست بێت لە پێویستی كیمیاوی یان خزمەتكردن دەیكات، ئەو گوتی: "ئێمە وەكو ئێزدی هەموومان ئاوارەی شوێنەكان بووین، هاتووین بۆ چیای شنگال و لێرەین و ناچیین بۆ هیچ شوێنێكی دیكە، ئێرە جێ ناهێڵین، كاری ئێمە ئەوەیە لێرە بمێنینەوە، لەم شوێنە لەدایك بووین و لێرەش دەمرین".
ئێزدی یەكێكە لە ئایینە زۆر كۆنەكانی سەر زەوی، مێژووەكەی بەپێی مێژوونووسان و شارەزایان بۆ سەردەمی سۆمەرییەكانی دەگەڕێننەوە كاتێك بیروباوەڕە ئایینیەكان بەرەو دیاردە سروشتییەكان دەڕۆیشت و خۆر و مانگ و ئەستێرە و رووناكی و ئاگر و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە رووناكییەوە هەبوو لە پیرۆزییەكان دانرا. لای ئێزدییەكان خۆر پێگەیەكی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە ئایینی ئێزدی لەو ئایینانەیە كە خۆر بە پیرۆز سەیر دەكەن ئەوانەی كە لەمیزۆپۆتامیا و ئاسیای ناوەڕاست و ئەنادۆڵو بڵاوبوویەوە و لە حومس و بەعلەبەك و حەلەب و حەزەر و بابل و ئاشوور و وەركا و ماردینیش پەرستگەی خۆر هەبوون.
ئێزدییەكان بە زۆرینە لە عێراق و سووریا هەن و لە عێراق بە زۆری پێش هێرشەكانی داعش و گرتنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە پارێزگای نەینەوا و بەدیاریكراوی لەچەند ناوچەیەكی وەكو مووسڵ، شەنگال، شێخان.
سلێمان باسی لەوەیش دەكرد كە سەرباری ئەوەی باخچەكەی بۆ ئەوە تەرخانكردووە بەشی هەرە زۆری بۆ ئێزدییەكانی هاوئایینی بێت، دەشیگوت لەم گەرمییەشدا بوونی ئەو سەوزاییە زۆر پێویستە، بەتایبەت رۆژ گەرمییەكی زۆری هەیە.
لە پاڵ ئەوانەشدا ئاواتی بۆ ئەوە خواست بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكەی خۆی و ئێزدییەكان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانییان و چیتر مەترسی لەسەر ژیانی ئەوان نەبێت.