ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، عەلی باپیر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەل ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە کێشەی ھەبووە کە ئەویش کێشەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دواتر کە رێککەوتنی ستراتیجی لە نێوانیان کرا، دوو ئیدارەیی بوو بە یەک ئیدارە و حکوومەتێک پێکھێنرا، بەڵام بارگرژییەکانی ئەم دواییەی ھەرێم و لە کارخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بوونە مایەی نیگەرانی لایەنەکانی دیکەی ھەرێم و بارگرژییەکی گشتی لێکەوتەوە و رەخنەی زۆر لە پارتی دیموکراتی کوردستان گیرا و ئەوەیش لە کاتێکدا بوو کە پێش قەیرانی سیاسیی، ھەرێمی کوردستان قەیرانی ئابووری و کێشەی ئەمنی لەگەڵ ھاتنی داعش ھەبوو".
- چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان
لە بارەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی گوتی: "دکتۆر فوئاد حوسێن سڵاوی بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی بە ئێمە گەیاند و ھەروەھا باسمان لەوە کرد کە چۆن چارەسەری ئەو قەیرانە سیاسییانەی ھەرێم بکەین و وەڵامی ئێمە ئەوە بوو کە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان ھەنگاوی یەکەم بنێت بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخەکە و ئەوەیش بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، واتا راستکردنەوەی باری لاری حکوومەت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی پارتی لەگەڵ چوارلایەنە سیاسییەکەی دیکەی ھەرێمی کوردستان و گوتمان 'دەست لە چ شوێنێک شکاوە دەبێت لەوێ ببەسترێتەوە'، بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر شکاوە و دەبێت لە ھەولێریش چارەسەر بکرێت".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی لە بارەی قەیرانی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو قەیرانە رەگ و ریشەی قوڵی ھەیە و دوای ئەوەی کە بەغدا بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی و شەڕی داعش بەرۆکی ئێمەی گرت، ئەو قەیرانە زیاتر بوو. ئەو نادادپەروەرییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە وایکردووە خەڵکێکی زۆر ھەژار بێت و خەڵێکیش بوون بە ملیاردێر. پێویستە ئیتر لە ھەرێمی کوردستان قۆرخکاری نەمێنێت و دامەزراوەکان حکوومی بن نەک حزبی. پێویستە ئەو عەقلییەتەی کە ئێستا هەیە بگۆڕدرێت".
عەلی باپیر باسی لە شوێن و پێگەی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کرد و گوتی: "ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامیی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە یەک ئاست وەستاوین و لە تەرازووی ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسیی نین و بۆخۆشمان بە رەوا نابینین، بەڵکو ئێمە بەپێی باوەڕ و بنەماکانی ئایینی ئیسلام مومارەسەی سیاسیی دەکەین، ئێمە لەگەڵ حەقی ھەر لایەنێکین و دژی ناحەقی و زوڵمکردن لە ھەر لایەنێکین".
- پڕۆژەی کۆمەڵی ئیسلامیی
سەبارەت بە پڕۆژەی کۆمەڵی ئیسلامیی بۆ رەوشی ئێستای ھەرێم، عەلی باپیر گوتی: "پێویستە بەپێی قەبارەی خۆمان قسە بکەین، ئێمە پێشنیازمان ھەبووە وەکو نەخشە رێگا کە زۆرجار باسمان کردووە و خستوومانەتە بەردەم پارتی کە دەبێت رەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و دواتر بە یاسایی بکرێت و دواتر بە عەقڵییەتێکی ھەرەوەزی و بە کۆمەڵ چارەسەر بکرێت و ناکرێت ھیچ لایەنێکی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان وا بیر بکاتەوە کە تەنیا خۆی دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات بەڵکو دەبێت ھەموومان بزانین کە پێویستیمان بە یەکتر ھەیە".
لەبارەی قۆناغی دوای داعشیش، عەلی باپیر گوتی: "پێموایە دوای شەڕی داعش بەدڵنیاییەوە ھاوکێشەکان و باردۆخ لە ناوچەکە و لە ھەرێمی کوردستانیش دەگۆڕدرێت. پێموایە ئەو سەردانانەی کە لە ئێستادا لەلایەن وڵاتانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکرێت بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ خۆشەویستی نییە بەڵکو ئەوان شەڕی داعش بە ئێمە دەکەن و ھەروەھا لە دوا کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریت مەکگۆرک بەشدار بوو کە رایگەیاند 'ئێمە پێمان باشە جەنابی بارزانی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە تا شەڕی داعش کۆتایی پێدێت'، دەبێت بزانین کە ئەو سەردانانە تەنیا پەیوەندی تاکتیکین نەوەک پەیوەندی ستراتیجی و پەیوەندییەکان کاتین و پەیوەندی بە شەڕی داعشەوە ھەیە، ئەگەر ئێمە بۆخۆمان نەبین ئەوا سڵاوی خەڵک سوودی نییە و دەبێت خۆمان تەبایی سیاسیی و یەکرێزیمان ھەبێت".
- پرسی ریفراندۆم
لەبارەی پرسی ریفراندۆمیش، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی گوتی: "بە شێوەیەکی بەرایی زۆر جار راگەیەنراوە و ئەوەی کورد دەیەوێت ئەوەیە کە خاوەنی مافی چارەنووسی خۆی بێت نەک لە باشووری کوردستان بەڵکو لە ھەموو بەشەکانی دیکە، نەک کورد بەڵکو ھەموو میللەتان و نەتەوەکان وەکو بنەمایەکی شەرعی ئەو مافەیان ھەیە و دەبێت لە وڵات و نیشتمانی خۆیدا خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت بەڵام ئەگەر وەک واقع سەیری پرسی ریفراندۆم بکەین، ئەگەر بمانەوێت دەوڵەت رابگەیەنین بە بۆچوونی من دەبێت زەمینە خۆش بکرێت و دەبێت ژێرخانی ئابووری و تەبایی سیاسیی و ھێزی یەکگرتووی نیشتمانی و پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسیی بەدامەزراوەکراو ھەبێت و پێموایە ئێمە باس لە ئەنجامێک دەکەین کە ھێشتا پێشەکیەکی نییە و دەبێت بە جددی بیر لەو پرۆسەیە بکرێتەوە. بۆ ئەوەی باشووری کوردستان لە ئایندەدا ببێتە قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ دەبێت بناغەکانی تەواوبن و ئەگەر نا دەبێتە موزایەدەی سیاسی. لە سەفەرمان بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی ئەوەمان کردووە کە ئەوان ھەموو جارێک دەستیان لەسەر دڵە کە کەی مالئاوای لە ئەوان دەکەین، ئەگەر بکرێت دەبێت ناوخۆی وڵات و دواتر دراوسێکانمان رازی بکەین. ناکرێت دەوڵەتی کوردی لەسەر بناغەی دژایەتیکردن لەگەڵ ئێران و تورکیا و سووریا و ھێزە نێودەوڵەتییەکان بێت بەڵکو دەبێت بە لێکتێگەیشتن بێت. دەبێت ئێمە دراوسێی باش بین".
- کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا
لە بارەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، عەلی باپیر گوتی: "لە راستیدا رەوشی بەغدا و حکوومەتی عێراق تێکچووە و لە ماوەی ھەشت ساڵی کابینەی نوری مالیکی ئەوان بە نەفەسێکی تایفی زۆر خراپ حوکمڕانیان کرد، بەداخەوە شیعەکان بە عەقڵییەتی تەسفیە حیساب لەگەڵ ئەھلی سوننە بە کورد و عەرەبەوە مامەڵەیان دەکرد، ئەوەیش وایکرد کە باردۆخی عێراق رۆژ دوای رۆژ تێکبچێت و زەمینە بۆ توندڕەوی زیادبێت، با ئەوەیش بزانرێت کە ھۆکار چییە لە سووریا و عێراق پەرگیر و توندڕەوی زیاد دەبێت و داعش پەیدا دەبێت و ئەوەیش بزانرێت خەڵک لە دەست کابینەی نوری مالیکی و ھەروەھا رژێمی ئەسەدیش چەوسێنراوەتەوە".
عەلی باپیر گوتیشی: "ئێمە ھەر چەندە تێبینیمان لەسەر کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبووە بەڵام کێشەکانی ئێرەمان نەدەبردە بەغدا و ئەوانیش زۆرجار بیانوویان ھەبووە وەک ناڕوونی و ناشەفافیەت لە ھەناردەکردنی نەوت و بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت، ھەرچەندە ئێمە ھەڵەمان ھەبووە بەڵام بارەکە زیاتر بە لای بەغداوە لار ببووەوە".
سەبارەت بە میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی گوتی: "ھەوڵ ھەبوو بەڵام بە ئەنجام نەگەیشت لە ئێستاش یەکێک لەو کێشانەی کە دەبێت چارەسەر بکرێت تەبایی سیاسیی ناوخۆییە ئەوەی کە بتوانین قسەیەکی جددی لەگەڵ بەغدا بکەین ھەرچییەک بێت کە ئێمە سەربەخۆ دەبین یا لەگەڵ بەغدا دەمێنیننەوە، بەداخەوە هەڵویستی سیاسیمان لێرە یەک نییە، گوتاری سیاسیی ئێمە لە بەغداش یەک نییە وەک دیارە ماوەیەک پێش ئێستا شاندێکی یەکێتی و گۆڕان پێکەوە چوون بۆ بەغدا".
- کودەتا سەربازییەکەی تورکیا
دوای ئەوەی لە ١٥ی تەمووزی ئەمساڵ ھەوڵی کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا شکستی ھێنا، وڵاتانیش ئیدانەی کودەتایەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ حکوومەتی ئێستای تورکیا دووپاتکردەوە، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی بەوە کرد کە کودەتا واتا ھەڵگەڕانەوە لە ئیرادەی خەڵک و لەمبارەیەوە گوتی: "کودەتا واتا ھەڵگەڕانەوە لە ئیرادەی خەڵک، چونکە لە ھەموو شوێنێک حکوومەت ھەڵدەبژێردرێت و مادام بە ھەڵبژاردنی ئازادانە بووە، ئەوە بەرجەستەکەری ئیرادەی خەڵکە و ھەروەھا ئێمە لە روانگەی شەرعەوە ھەرچی ختاباتی خوا ھەیە سەیر بکەین بانگەواز بۆ ھەموو مرۆڤەکان دەکات نەوەک بەرپرسە پلەدارەکان، بۆیە کاتێک کە لە تورکیا ئاک پارتی لە ھەڵبژاردن سەردەکەوێت و دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵک بگیرێت. من کودەتاکەی تورکیا و کودەتاکەی میسر کە سیسی کردی، بە کارێکی خراپ دەبینم و وەکو خۆم زۆر رەخنەم لە بەشێکی عەلمانییەکانی ھەرێمی کوردستان گرت کاتێک کودەتا کرا خۆشحاڵ بوون و لە دیمەشق رژێمی ئەسەد شیرینی دابەش کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا فەشەلی ھێنا".
عەلی باپیر گوتیشی: "دەبێت ئەوەیش بزانرێت کاتێک لە تورکیا حوکمی عەلمانی ھەبوو، کاتێک کە لە ئێران و سووریا و عێراقیش حوکمی دیکتاتۆری ھەبوو، کورد زەرەری کردووە و ھیچ سوودی نەکردووە، ئەگەر بە واقیع و بە ویژدان سەیری رەوشی تورکیا بکەین دوای ئەو چەند ساڵەی کە ئاک پارتی ھاتووەتە سەر حوکم، خەڵک ھەناسەی ھاتووەتە بەر و ئێستا گەشەی ئابووری و گەشەی سیاسی ھەیە و ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کورد و ئەرمەن و ھەموو لایەنەکان و نابێت کورد بەو کودەتا و خۆشحاڵ بێت و ئێمە لە مێژوودا ھەموو جارێک زەرەرمەند بووین لە دەست کودەتاچییەکان، وا ھەست دەکەم ئەوە تەنیا رقلێبوونەوەیە و لە دژی ئاک پارتی-یە و ھەروەھا لە تورکیا ھەنگاو بۆ ئاشتی لەگەڵ کورد نراوە و پێشتریش دەیانگوت تورکی شاخمان ھەیە بەڵام لە سەردەمی ئاک پارتی ھەنگاو نراوە، من لە شەڕی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا رازی نیم و پێم وایە دەبێت کێشەکانی لە ناوخۆ چارەسەر بکرێت".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، عەلی باپیر گوتیشی: "تەنیا رێگەیەک كە بتوانین نەوتی لێ بفرۆشین تورکیایە و بازرگانییەکی پتەومان ھەیە لەگەڵ ئەو وڵاتە و گوێبیستی ئەوەبووین کە کودەتاچییەکان ویستوویانە عەبدوڵڵا ئۆجەئالان لە ئیمراڵی بڕفێنن و دواتر پەیوەندییەکانی کورد و تورک تێکبدرێت، حکوومی سیکولاریزمان لە تورکیا بینووە".
سەبارەت بە شکستھێنانی کودەتا سەربازیەکە و سەرکەوتنی ئەردۆغان، عەلی باپیر گوتی: "روونە ئەوەی نەیھێشت کودەتا سەرکەوێت بانگەوازەکەی ئەردۆغان بوو کاتێک بانگەوازی بۆ خەڵک کرد کە برژێنە سەر شەقامەکان و رووبەڕووی کودەتاچییەکان ببنەوە، چونکە ناکرێت بە عەقڵییەتێکی دواکەوتوو بە دەبابە و تانک و کوشتن ھەوڵی کودەتا بدرێت، ئەوەی راستی بێت بە شکست هێنانی کودەتاکە خۆشحاڵ بووم".
-شەڕی سووریا و چارەسەری ئەو کێشەیە
لە بارەی پرسی شەری سووریا، عەلی باپیر گوتی: "ئەوەی لە سووریا روودەدات وێرانکردنی وڵاتێکە بەدەست حزبێکی دیکتاتۆر، حزبی بەعس لە سووریا ھەر لە سەردەمی باوکی بەشار ئەسەدەوە تا ئێستا خەریکی وێرانکارییە، بەعس حزبێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆرە، من ئەم قسەیەم لە ئێران و تورکیا و عێراقیش کردووە، زۆرم پێ ناخۆشە کە رووسیا، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان پشتگیری لە رژێمی ئەسەد دەکەن. با ئەوەیش بزانین کە چ جیاوازییەک لە نێوان حزبی بەعسی عێراق لەگەڵ حزبی بەعسی سووریا نییە کە کۆماری ئێران ھەشت ساڵ شەڕی کرد لەگەڵ بەعسی عێراق و لە ئێستاشدا یارمەتی بەعسی سووریا دەدات ئەوە بە کارێکی باش نازانم و ئەوەی چارەسەرە تەنیا پێموایە پێویستە بەشار ئەسەد بڕوات و ئەو رژێمە کۆتایی پێ بێت".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی: "دەبێت وەک چۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حزبی بەعس قەدەغەکرا، بەهەمان شێوەش دەبێت لە سووریاش قەدەغە بکرێت، بەڵام ناکرێت لە عێراق ھانی بەعسی سووریا بدرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

