Dilşad Seyfeddin Ahmet
02 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
ئەمڕۆ لە هۆڵی سلێمانی پاڵاس لە شاری سلێمانی، بەبەشداری 320 ئەندام، حزبی ئایندەی كوردستان پلنیۆمێكی تایبەتی بۆ بڕیاردان لەسەر یەكگرتنەوەی حزبەكە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجام دا.
دوای تەواوبوونی پلنیۆمەكە، سكرتێری حزبی ئایندەی كوردستان، قادرعەزیز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە پلنیۆمەكەدا باسمان لە وردەكاری یەكگرتنەوەكە كرد و بە زۆرینەی دەنگ بڕیارمان دا لەسەر یەكگرتنەوەی حزبەكەمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتنەوەكەش بە رێکكەوتنێكی هاوسەنگ ئەنجامدراوە و پێگە و سەنگی ئەندامانی ئایندە لەناو یەكێتی لەبەرچاو دەگیرێت".
قادر عەزیز گوتی: "لە كوردستان دۆخێكی چەقبەستوو هەیە و هاوكێشەیەك سەپاندویەتی كە پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، بۆیە رێكکەوتنەكە و یەكگرتنەوەی هەردوولا پێویستییەكی قۆناغەكە بوو، هەردوولاش بەو پەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی دركمان بەو پێویستییە كرد و هەفتەی داهاتوو لە ئاهەنگێكی سیاسی گەورە رادەگەیەنرێت".
سكرتێری حزبی ئایندە ئەوەی رەتكردەوە بەشێك لە ئەندامانی حزبەكەی دژی یەكگرتنەوە بن لەگەڵ یەكێتی و ئاماژەی كرد بەوەی تەواوی ئەندامانی حزبەكەی لەگەڵ رێكکەوتنەكەدان.
قادر عەزیز لە ساڵی 1976ەوە سەرۆكایەتی حزبی سیاسی كردووە لە هەرێمی كوردستان، دواترینیان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بووە، بەڵام لەساڵی 2009 بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ بەشێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكە بۆ دوو حزب بەهەمان ناوەوە دابەش بوون، دواتر لە ساڵی 2012 قادر عەزیز حزبێكی نوێی بەناوی حزبی ئایندەی كوردستان راگەیاند.
حزبی ئایندەی كوردستان بارەگای سەرەكی لە شاری سلێمانییە و لە شارەكانی دیکەی هەرێم لقی هەیە، بەڵام لە كابینەی حكوومەت و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا هیچ ئەندامێكی نییە.