Hejar Hekim
02 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
بەرپرسی میحوەری گوێر- مەخمووری هێزی پێشمەرگە، سیروان بارزانی رایگەیاند بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا بەشداری شەڕەكە دەبێت، بەڵام بۆ بەشداریكردن لەشەڕی ناو شار هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە و بۆ ئەوەیش پێشمەرگە مەرجی هەیە.
بەرپرسی میحوەری گوێر- مەخموور، سیروان بارزانی لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "هێزی پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەكانی جەنگ توانیویەتی لەسەدا 95ی پلان و هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، ئەم هەماهەنگییەی كە لەگەڵ هاوپەیمانانیش هەیە وایكردووە ئەركی پێشمەرگە سووكتر بێت".
سیروان بارزانی هەروەها گوتی: "لە پڕۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەشتی نەینەوا پێشمەرگە بەشدار دەبێت، بەڵام لە بەشداریكردن و چوونی پێشمەرگە بۆ ناو شاری مووسڵ ئەوا تاكو ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە و بە تەواوەتیش ئەم پرسە یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵام هەر بەشداریكردنێكیش بێگومان بێ مەرج نابێت، كە لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر ئەم مژارە لەگەڵ هێزەكان دەیخەینەڕوو، دەكرێت خەڵكی پارێزگاكە داوا بكەن و ئێمەش داوا لە هاوپەیمانان بكەین كە بەشدار بین وەك باسم كرد ئەوكاتیش مەرجمان دەبێت".
سیروان بارزانی زیاتر گوتی: "سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوورە لەسەر ئەوەی کە لە ناوچە ئازادكراوەكاندا كە سنووری هەرێمی كوردستانە كشانەوەمان مەحاڵە و هەر كەس و لایەنێكیش بڵێت دەبێ بكشێنەوە ئەوا با بۆ خۆیان بیڵین، چونكە بە خوێنی هەزاران شەهید ئەم خاكانە ئازادكراونەتەوە".
سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكانی شاری مووسڵ لە كاتی دەست پێكردنی پڕۆسەكە، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتی: "هەر لە ئێستاوە دوو كەمپ لە بەشی باكوور و باكووری رۆژئاوای مووسڵ دەستكراون و لە میحوەری دیبەگەش 45 هەزار ئاوارە جێگیر كراون، جێبەجێكردنی كاروباری تایبەت بە ئاوارەكانیش حكوومەت و رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان پێی هەڵدەستن".
بەرپرسی میحوەری گوێر- مەخموور سیروان بارزانی گوتی: "تاوەكو ئێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان نەكراوە بۆ ئازادكردنی شوێنێك، بەڵام بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا لە بەشی باكوور و باكووری رۆژئاوای مووسڵ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە پێدانی چەكی رووسی و ئەمریكی بەهێزی پێشمەرگە، سیروان بارزانی گوتی: "ئەو چەكەی بە پێشمەرگە دەدرێت بۆ لەناوبردنی تیرۆرە و پێشمەرگە لە ئێستادا لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات".
ئەو فەرماندەیە لە بەرسڤی پرسی هەماهەنگی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش گوتی: "یەكەمجارە لە مێژووی كورددا هێزێكی ئاسمانی لەسەر سەری ئەفسەرانی كورد دەسووڕێنەوە و هەماهەنگی دەكەن بۆ لێدانی تیرۆریستان، ئەمە بۆ كورد جێگەی بایەخ و شانازییە، پێمانوایە ئەم هەماهەنگییە درێژ خایەنە و پێگەی كوردیش لە ناوچەكەدا بەهێزتر دەكات".
سیروان بارزانی سەبارەت بە كودەتا سەرنەكەوتووەكەی 15 تەمووز لە توركیا گوتی: "هەرچەندە ئەمە بابەتێكی تایبەت بە ناوخۆی توركیایە، بەڵام ئێمە دژی هەر كودەتایەكین كە ببێتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی سڤیل، چونكە كوشتنی خەڵك پێشێلكردنی دیموكراسییەتە، بۆیە ئێمە پشتگیری لە دیموكراسییەت دەكەین و دژی كودەتاین".