Hejar Hekim
02 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند، "لە كاتی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ پێشبینی دەكرێت زۆرترین ژمارەی ئاوارەكان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكارییە".
دزەیی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشبینی دەكەین لە میانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ بارقورسییەكی زۆر بكەوێتە سەر شانی حكوومەتی هەرێم بۆیە بەڕاشكاوانە دەڵێم ناتوانین ئەم ئەركە لە ئەستۆ بگرین، چونكە ئەم ژمارە زۆرە لە تواناكانی حكوومەتدا نییە، بۆیە ئەگەر وڵاتان هاوكاری حكوومەتی هەرێم نەكەن ئەوا كارەساتی مرۆیی لە ناوچەكە روو دەدات".
سەفین دزەیی هەروەها گوتی: "لە ئێستادا حكوومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پێداویستییەكانە بۆ ئاوارەكانی مووسڵ و داواش لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بە دەنگ هاوكارییەكانی حكوومەتەوە بێن، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ و پلان دانان و نەتەوە یەكگرتووەكان سەرقاڵی بەرنامەیەكی هاوبەشن بۆ ئەوەی دیراسەی بكەن كە چۆن و بە چ شێوەیەك پێشوازی لە ئاوارەكان بكەن".
گوتەبێژی حكوومەت گوتیشی: "ئەو بوودجەیەی كە لە ساڵی 2015 بۆ ئاوەرەكانی هەرێمی كوردستان خەرج كرابوو (یەك ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار) بووە، هاوكات بۆ ساڵی 2016 ئەم بوودجەیە زیاتر دەبێت بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر پێویستیمان بە هاوكاری وڵاتان هەیە".
بڕیار وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەست پێ بكات و لەم ماوەیەشدا زۆرترین بەرپرسانی وڵاتان و وەزیرانی بەرگری و فەرماندە سەربازییەكان سەردانی هەرێمی كوردستانییان كردووە.