هەولێر
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەتی دەكاتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بكشێنەوە و هاوكاتیش باس لە هاوكاریی سەربازیی وڵاتان دەكات بۆ هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كە ماوەی زیاتر لە دوومانگە لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان جێگیركراون و لەئێستادا ئەو ناوچانە شەڕیان تێدایە، گوتەبێژی حكومەتی هەرێم، سەفین دزەیی دەڵێ: "هیچ بڕیارێك نییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەو هێزانە ئێستا جێگیركراون و ئەوناوچانە دەپارێزێن. چوونیان پەیوەندی بە پاشەكشەی هێزەكانی عێراقییەوە هەیە كە ئەوان نەیانتوانیوە ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بكەن".
دزەیی هەروەها بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لەژێر بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە هەر جوڵەیەكی ئەو هێزە بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆیە هەر كەسێك لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانە قسەیەك لەبارەی كشانەوە یان جێگیركردنی پێشمەرگە بكات، بێگومان ئەوە گوزارشت لە بۆچوونی سیاسی دەكات نەك سەربازی".
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێ كە رۆژی سێشەممە هادی عامری سەرۆكی ریكخراوی بەدر لەو كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ نەجەمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لە ناو بینای پاریزگای كەركوك رایگەیاند: "ریگە نادەین پیشمەرگە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان بمینیتەوە."
لەبارەی هاوكاری سەربازی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "چەند وڵاتێك بە ئاشكرا رایانگەیاندنەوە هاوكاری هەرێم دەكەن لە رووی سەربازییەوە، بۆنموونە ئەڵمانیا بڕیاری ناردنی چەكی داوە. كە ئەم بڕیارەی ئەو وڵاتە بۆ یەكەمجارە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم چەك رەوانەی دەرەوە بكات، بێگومانی بۆ هەرێمی كوردستانیش گرنگە".
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد سوپاسی وڵاتانی تر دەكەین كە هاوكاریمان دەكەن، چونكە پرسی داعش و تیرۆر پەیوەندی بە هەموولایەكەوە هەیە و مەترسییە بۆ ئاسایشی جیهان.
دەگوترێ كە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانێك وەكوو سوریا كە سێ ساڵە شەڕی داعش دەكات، كۆمەڵگای جیهانی ئامادە نەبووە وەكوو كوردستان یارمەتی بدات،سەفین دزەیی دەڵێ: "دۆخی سوریا جیاوازترە، لەوێ ئۆپۆزسیۆنەكەی چەند لایەنەن، زۆرجار گلەیی ئەوەش دەكرێ بەغدا رووبەڕووی ئەو مەترسیانەی ئێستا بۆتەوە كەچی هاوكاری نەكراوە، ئەم قسەیەی ئەوان راست نییە چونكە پێشتر هاوكاری كراون، لە 2003 تا ئێستا ئەو هاوكارییە سەربازیانەی دراوەتە چەكدارانی عێراق ئێستا كەوتووەتە دەست داعش بەڵام هەرێمی كوردستان لێی بێبەشكراوە. بەداخەوە حەق بوو بەغدا بیكردبایە بەڵام نەیكردوە ئێستا وڵاتانی تر هاوكاریمان دەكەن".
هەر لەو لێدوانەی سەفین دزەیی بانگەوازی لە حكومەتی عێراق كرد و گوتی:"ئێستاش داوا لە عێراق دەكەین، هاوكاری سەربازیمان بكات. چونكە بەپێی یاساو دەستوری وڵات دەبێ عێراق هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە بكات. كە ئێستا نایكات ئەمە دەرچوونە لەیاساو ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆی دایە".
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆی پەنابردنی هەرێم بۆ وڵاتان كە هاوكاریی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، كەمتەرخەمی بۆ حكومەتی بەغدا گەڕاندەوەو دەڵێ: "بەغدا كە هاوكاری نەكردوین، پەنامان بردووە، بۆ وڵاتانی دۆست ئەوانیش وەڵامیان داوینەتەوە و ئامادەییان نیشانداوە هاوكاری سەربازیمان بكەن. ئامادەن بەردەوامیش بن لە هاوكاریەكانیان."