Mazın Asad
18 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2017
ھەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ راگرتنی گشتپرسی بڕیارێکی بێلایەن نییە و راشیگەیاند دادگاکە بە سیاسی کراوە.
دزەیی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ھەڵسەنگاندنی لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ راگرتنی گشتپرسی و کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێ لەسەر گشتپرسییەکە کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە رێز لە ئەندامانی دادگای باڵا دەگرن و زیاتر گوتیشی: "بەڵام پێمانوایە بڕیارێکی بێلایەن لەوبارەیەوە نەدراوە. چونکە چەندین ساڵە دۆسیەمان پێشکەش بەو دادگایە کردووە، بەڵام زۆربەی دۆسیە گرنگەکانی وەرنەگرتووە. کەچی لەوبارەیەوە بڕیارێکی خێرای وەرگرت".
سەفین دزەیی گوتیشی: "پێویستە ھەر بڕیارێک یاخود یاسایەک کە لە پەرلەمانی کوردستان دەردەچێت، دەبێت لە دادگای فیدراڵی بناسرێت. دادگای فیدراڵی بێلایەنی خۆی لەدەستداوە و کراوە بە سیاسی".
لەبارەی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسی بەرامبەر بە گشتپرسی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند: "زۆر بە باشی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێ لەمەڕ گشتپرسی تێدەگەین. لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لەگەڵ تورکیا بە سایەی پەیوەندییەکانمان پێشکەوتنێکی گەورە لە رووی سیاسی و ئابووری ھاتە ئاراوە. لە راستیدا خوازیاری تێکچوونی ئەم پەیوەندییانە ناکەین. بۆ دیالۆگ دەرگامان بە رووی بەغدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دانەخستووە. لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکان ھەموو کاتێک ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە ئایا چۆن بڕیارێکی وامان داوە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان روونیشی کردەوە کە لە پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی، ھیچ گەرەنتییەک جێگەی باس نەبووە و زیاتر گوتیشی: "لە پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی، ھیچ گەرەنتی و پێشنیارێکی تێدا نەبوو. زیاتر نووسراوێک بوو کە تێدا بڕیارێکی کۆتایی نەبوو. ھاوکات باسی چڕکردنی دیالۆگی نێوان بەغدا و ھەولێر دەکات. بەھۆی ئەوەی پێشنیارەکەمان قبووڵ نەکرد، نامەوێت قسە لەسەر ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی بکەن. ھەفتەی داھاتوو ھەموو لایەنەکان لە نیویۆرک دەبن و تاوتوێی ئەم پرسە دەکەن".