Azat Muhammet
18 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
گوتەبێژى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەفین دزەیی: - "بەهۆی قەیرانی داراییەوە نوێنەرایەتیمان لە تورکیا نەکردۆتەوە".
- "لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندن و گفتوگۆ بەردەوام دەبین، بەڵام بەغدا لە رابردوودا پابەندى رێککەوتنەکانى نێوانمان نەبووە و، ئێستاش هیچ گەرەنتییەک نییە کە پاپەندى رێککەوتن دەبێت یان نا. لە بوودجەى ساڵى ٢٠١٧-ەش بەبێ پرس و ئاگادارى هەرێمى کوردستان چەندین ئەرکى خستووەتە سەر هەرێم".
گوتەبێژى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەفین دزەیی لە هەڤپەیڤینێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باسی لە پەسەند کردنى بوودجەى ساڵى ٢٠١٧ گشتی عێراق کردو گوتی: "بەداخەوە ئەو بەشە بوودجە کەمەى بەغدا بەسەر هەرێمى کوردستانیدا سەپاندووە بەشى دابینکردنى بوودجەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ناکات، بۆیە یاساى بوودجەى ساڵى ٢٠١٧ بەهیچ شێوەیەک سوود بە هەرێمى کوردستان ناگەیەنێت و رەتیدەکەینەوە، لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان حکوومەتى هەرێم داوا لە حکوومەتى عێراق دەکات بە شێوەیەکى باشتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات".
سەفین دزەیی گوتیشی: "لە دووی کانوونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٤دا رێککەوتنى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەند کرا و دواتر بوو بە بەشێک لە یاساى بوودجە ٢٠١٥، بەڵام حکوومەتى عێراق لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٤ و سەرەتاى ساڵى ٢٠١٥وە نەک تەنها پابەندى رێککەوتننامە ئابوورییەکان نەبووە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، بەڵکو بوودجە و مووچەى خەڵکى کوردستانیان بڕی، حکوومەتى هەرێم تا کۆتایی بەشى یەکەمى ساڵى ٢٠١٥ پابەندى رێککەوتن بوو لەگەڵ بەغدا و نەوتى هەرێممان رادەستى بەغدا کرد، کەچى بەداخەوە بەغدا پابەندى رێککەوتنەکە نەبوو، ئێستایش بە هەمان شێوە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونى بەغدا بە رێککەوتنەکان لە رووى ئابوورییەوە لەگەڵ هەرێم".
گوتەبێژى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، نەیشاردەوە کە پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدا جێگیر نەبووە و گوتى: "پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق هەمیشە باشى و خراپى بەخۆیدا بینیوە، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەى بەشێکین لە عێراق پێویستە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ ئەوەى دانوستاندن و رێککەوتنى بەردەوام هەبێت لە نێوان هەردوولا، بەڵکو دەرەنجام بگەین بە رێککەوتنێکى باش کە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بێت".
سەفین دزەیی ئاماژەى بەوەدا کە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێشوەچوونیان بەخۆیان نەبینیوە، ئەگینا حکوومەتى عێراق بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک پایەندى رێککەوتنى سەربازى بووە لەگەڵ هەرێم. لە چوارچێوەى رێککەوتنە سەربازییەکانیشەوە سوپاى عێراق توانیان بە ناو خاکى کوردستان بچنە ناوچەکانى دەورووبەرى مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەکە، بەهۆى رێککەوتنە سەربازییەکەوە لە ئێستاشدا هەماهەنگییەکى باش لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە".
گوتەبێژى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشی: "لەو قۆناغەى ئێستا هەرێمى کوردستان و عێراق پێیدا گوزەر دەکەن، ئەولەویەت ئەوەیە داعش لەناو بچێت، دواى نەمانى داعش پێ دەچێت گۆڕانکارى دیکە بێتە ئاراوە لە نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق، هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، چونکە لە بەرژەوەندى هەولێر و بەغدایە پەیوەندی و هەماهەنگییەکان لە ئاستێکى باشدا بن".
- کردنەوەى نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێم لە تورکیا
گوتەبێژى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەفین دزەیی لە بەشى دووەمى هەڤپەیڤینەکەى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو بە گرنگییەوە باسى لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کرد و گوتى: "هەرێمى کوردستان لە کۆنەوە لەگەڵ تورکیا پەیوەندى هەبووە، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ساڵى ١٩٩١ تا ساڵى ٢٠٠٣ لەبەر دۆخى سیاسى ناوچەکە و هەبوونى دەسەڵاتى رژێمى بەعس لە عێراق بە جۆرێکى تایبەت بووە، بەڵام لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا ئەم قۆناغە تایبەتەى تێپەڕاند و بەرەو قۆناغێکى گرنگتر هەنگاوى نا".
سەبارەت بە کردنەوەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا، سەفین دزەیی گوتی: "تورکیا رەزامەندى خۆى دەربڕیوە نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەنقەرە بکرێتەوە، چەندین جاریشە داواى کردووە کە نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەست بەکار بێت لە تورکیا، بەڵام بەداخەوە بەهۆى ئەو قەیرانە داراییە سەختەى رووى لە هەرێمى کوردستان کردووە لە تواناماندا نەبووە تا ئێستا نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا بکەینەوە، ئەگەر ئەو قەیرانە داراییە نەبووایە هەموو کارەکانمان تەواو کردووە تەنها ماوە کاتێک دەست نیشان بکەین بۆ رێوەڕەسمى کردنەوەى نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێم لە تورکیا".
سەفین دزەیی تیشک دەخاتە سەر گرنگى کردنەوەى نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا و دەڵێت "کردنەوەى نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێم لە ئەنقەرە زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندى نێوان هەرێم و تورکیا، گرنگى تایبەتى دەبێت هەم لە رووى سیاسى و هەمیش لە رووى ئابوورییەوە، تورکیا کارەکانى خۆى تەواو کردووە بۆ کردنەوەى نوێنەرایەتى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەى ماوە ئامادەکاری زیاترى حکوومەتى هەرێمە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتییەکى بەرچاو و سەرکەوتووانە بکاتەوە".