جنێڤ
كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دوای نقوومبوونی بەلەمێك و گیان لەدەست دانی 400 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی كارەساتی لەو جۆرە پێویستە لە دەریای رەش تیمی بەهێزی رزگار كردن دابمەزرێت.
بە پێی ئەو راگەیەنراوە، لەو كەشتییەدا هەتا ئێستا 142 كەس رزگار كراون و تەرمی هەشت كەسیش دۆزراونەتەوە و 400 كەسی دیكە هێشتا بێ سەروشوێنن.
كۆمیسەری باڵای پەنابەران ئانتۆنیۆ گوتەرس لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا داوای ئەوەی كردووە كە هەڵمەتی رزگاركردن بەرفراوانتر و چالاكتر بكرێت و كاتێك هەواڵی نوقمبوونی بوونی بەلەمێك و گیان لەدەستدانی 400 كەسم پێگەیشت تووشی شوك و سەرسوڕمان بووم و ئەو رووداوە گرنگی و پێویستی دامەزراندنی تیمێكی بەهێزی رزگاركردن لە دەریای ناوەڕاست فەرز دەكات.
گوتەرس جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە میكانیزمێكی رزگاركردن لە دەریای ناوەڕاست هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیتاڵیا لە ژێر ناوی مارە نۆستروم كە ساڵی 2014 كۆتاییان پێ هاتووە دابمەزرێت چونكە خەڵكی سووریا و خەڵكی چەندین وڵاتی دیكە رۆژانە بۆ ئەوەی بگەنە ئەورووپا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە سەر لە نوێیەوە پێداچوونەوە بە سیاسەتی نیشتەجێكردن بكرێت و لەپێدانی ڤیزایشدا كارئاسانییان بۆ بكرێت.
ساڵانە هەزاران كۆچبەر لە كاناڵی سیجیلیا لە نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا كە قاچاخچییەكان تێدا هاتوچۆ دەكەن گیانیان لەدەست دەدەن.
بە پێی ئاماری هێزی پاسەوانی كەناراوییەكانی ئیتاڵیا لە هەینی رابردووە هەتا ئەمڕۆ بە گشتی هەشت هەزار و 500 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست رزگار كراون. ئەگەر بێتۆ مردنی ئەو 400 كەسەی كە دوێنێ بەلەمەكەیان نقومبوو پشتڕاست بكرێتەوە ئەوا ژمارەی ئەو كەسانەی كە ئەمساڵ لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە دەگاتە 900 كەس.
رێكخراوی جیهانی كۆچ و كۆچبەران ئامارێكی بڵاوكردووەتەوە و بە پێی ئەو ئامارە ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار كۆچبەر كە ویستوویانە بە شێوەیەكی نایاسایی بچنە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە.