Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2019
جنێڤ ـ AA
لە رۆژانی١٠ و ١١ /٢٠١٩/٩ خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ بەسترا، تیایدا شاندێکی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد، گفتوگۆکانی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێککەوتننامەی مافی کەم ئەندامان لە میانی دوو رۆژی کۆبوونەوەکە کرا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری باسی لەوە کرد کە بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی گوتاری ھەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراق لە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگی خۆی ھەیە بۆ خستنەڕووی پابەندبوونەکانی حکوومەتی ھەرێم کە ھەنگاوی زۆری ئەنجامداوە لەو رووەوە "وەک ئەو یاسا و رێنمایی و ھەنگاوە کرداریانەی کە لە بواری پاراستن و خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان دەرچوون لەوانەش یاسای ژمارە (٢٢ی ساڵی٢٠١١) یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و رێنماییەکان تایبەت بەم چینە".
دیندار زێباری لەم گفتوگۆیانەدا تیشکی خستە سەر قوربانییەکانی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژبە داعش و گوتی: "دوای ھێرشەکانی داعش نزیکەی دوو ھەزار پێشمەرگەی قارەمان شەھیدبوون و بەھەزارانیان بریندار بوون و ئەندامێکی لەشیان لە دەستدا کە ھەندێکیان تووشی کەم ئەندامی تەواو بوون بەم شێوەیە:
- ٢٣٥ پێشمەرگە دەست یان قاچێکیان لە دەستدا.
- ٢٠ پێشمەرگە توانای بینینیان لە دەستدا.
- ٣٨ پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عەرەبانە بەکاردەھێنن بۆ ھاتوچۆکردن.
ئەو باسی لەوەش کرد کە سەرەڕای نالەبارەی دۆخی ئابووری، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی توانای خۆی ھاوکاری و خزمەتگوزاری پێویستیان پێشکەشکردووە لە لایەنی تەندروستی، مووچە و خانەنشینی ھەروەھا بەشێکی زۆریان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەرکردن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بەشێکی تری گوتەکەیدا ئاماژەی بە قوربانییانی چەکی کیمیاوی کرد و گوتی: "کیمیابارانکردنی چەندین ناوچەی ھەرێم لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا ھەزاران قوربانی و برینداری بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە دوای خۆی بەجێھێشت کە ژمارەیەکیان پێویستیان بە چارەسەری ھەمیشەیی ھەیە، بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێم، ژمارەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کە منحە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن دەگاتە ٩٧٠ بریندار، ھەروەھا ھەشت ھەزار و ٨٠٠ کەسی دیکەش داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ تۆمارکردن وەک بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی ھەرێم دوو لیژنەی پێکھێناوە بۆھەڵسەنگاندنی رێژەی کەم ئەندام بوون و تۆمار کردنیان. لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەرکی خۆی تا ئیستا ٣٥ وەجبەی بریندارانی چەکی کیمیایی ناردۆتە دەرەوە بۆ چارەسەرکردن کە ھەر وەجبەیەکیان لە ٣٠ بۆ ٤٥ بەرکەوتەی کیمیایی پێکھاتوون".
دیندار زێباری دەربارەی ژمارەی کەم ئەندامان و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشیان دەکرێن گوتی: "تا ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ئەو کەم ئەندامانەی کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمەوە تۆمارکراون و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە گەیشتۆتە، ٩٥ ھەزار و ٩١٦ کەس لە ھەردوو رەگەز کە بەپێی راپۆرتی پزیشکی بەسەر چەندین جۆر دابەشکراوان لەوانە (جەستەیی، نابینا، ئۆتیزم، کەڕ و ڵاڵ، مەنگۆلی، ئیفلیجی مێشک، دواکەوتنی عەقڵی، کورتە باڵاکان، تالاسیمیا، شیزۆفینیا، ھیمۆفیلیا و شەکرەی منداڵان).
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی پێداچوونەوەیەکی وردی لیستی کەم ئەندامانی کرد لەو رووەوە و نزیکەی ١٣ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت کە مووچەکانیان راگیرا بوو، دووبارە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران مووچەکانیان گەڕاوەتەوە، ھەروەھا چەندین رێنمایی تایبەت لە لایەن حکومەت دەرچوون بۆ خزمەتکردنی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت".
زێباری لەدرێژەی گوتەکەیدا لە میانەی گفتوگۆکانی لیژنەی (CRPD) ئاماژەی بە ئاسانکاریی حکوومەتی ھەرێم بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەت بە کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت کرد و لەو رووەوە زیاتر لە ٤٥ رێکخراو، سەنتەر، کۆمەڵە ھەیە کە لەو بوارەدا کار دەکەن، ھەروەھا دامودەزگای حکوومەت تایبەت بە کەم ئەندامان دامەزراوە و لە بواری تەندروستیش ١٤ نەخۆشخانە و سەنتەر لە سلێمانی و ٥ نەخۆشخانە و سەنتەر لە ھەولێر و ٥ نەخۆشخانە و سەنتەر لە دھۆک ھەن کە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی پێشکەش بە کەم ئەندامان دەکەن، ھەروەھا ١٢ سەنتەری پزیشکی تایبەت بە کەم ئەندامان لە ھەرێم ھەیە کە ٥٤٤ پسپۆری چارەسەری سروشتی و ٥٦ تەکنیککار تێیدا کار دەکەن.
لە کۆتایی گوتەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم باسی لە قوربانییانی مین کرد لە ھەرێمی کوردستان و لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو مینانەی لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران لە ھەرێمی کوردستان چێنراون ئاستەنگی زۆری بۆ گوندنشینان درووستکردووە و سەرەڕای ھەڵمەتە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ھەڵگرتنەوەیان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا نزیکەی ١٠ ھەزار و ٨١٥ کەس بوونەتە قوربانی مین، لەوانە ٩٠ کەسیان لە بواری ھەڵگرتنەوەی مین کار دەکەن، حکوومەتی ھەرێم ھاوکارییەکی مانگانەیان پێشکەش دەکات، ھەروەھا پرۆژە یاسایەکی تایبەت ئامادە کراوە تایبەتە بەو کەسانەی لە بواری میندا کار دەکەن و ئەندامێکی لەشیان لە دەستداوە کە ئیمتیازاتی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت لە بواری (مووچە، چارەسەر، خوێندن و خانەنشینی)".