Fakhradin Ibrahim Mohammad
06 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وێرای رەخەنەگرتن لە لایەنەکانی سیاسی کورد، رادەگەیەنێت کە دەنگ بە تەواوکردن کابینەی مستەفا کازمی نادەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، فراکسیۆنەکە رایگەیاندووە کە "وەک فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لە دانیشتنی بەخشینی متمانە بە کابینەکەی بەرێز مستەفا کازمی رامانگەیاند کە دەنگ بە حکومەتەکەی نادەین. ئەمرۆش کە برگەیەکی دانیشتنی پەرلەمان تایبەتە بە تەواوکردنی ئەو کابینەیە جەخت لە هەمان هەڵوێست دەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە دەنگ بە هیچ کام لەو ناوانە نادەین کە بریارە ئەمرۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێک دەنگیان پێ بدرێ".
فراکسیۆنی گۆڕان هۆکاری ئەو هەڵوێستەی خۆیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "هیچ رێکەوتن و گرەنتیەک بۆ چارەسەری کێشە هەنوکەییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی بوودجە و مووچە و مافەکانی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی جوتیاران" نەکراوە و رەخنەش لە لایەنە سیاسییەکانی کورد دەگرێت کە "پرسی بەشداریکردن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەکی نشتیمانی فراوانەوە بۆ ویستیكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەکی تاکە کەسی بچوک دەکەنەوە و هەمو داواکاریان دەبێتە ئەوەی کەسێک وەک تاکە کاندید دەبێ بکرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێکرای مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و ناچار بە چەندین رێکەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەراندی کاندیدە کەسی و حزبیەکانیان".
فراکسێۆنی گۆڕان جەختیش لەوە دەکاتەوە کە، "بەشداریکردن لە حکوومەتی فیدراڵ دەبێ پرسێکی نیشتیمانی بێ نەک حزبی و شەخسی و لە دانوستانیشدا لەبری پچڕاندنی پۆست و پایە بۆ کەسێک، مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان ئەولەویەتیان هەبێت، بەتایبەت کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی دابەشکردنی داهات لەنیوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و پاشان بەشدارییەکی هاوسەنگ لە حکوومەتدا نەک کورتکردنەوەی هەمو ئەوانە لە یەک پۆست و یەک تاکە کەسدا".