Azat Muhammet
18 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
دهۆک - AA
فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى شنگال، عەمید وریا زیارەتى رایگەیاند "چەکدارانى حەشدى شەعبى بە بەردەوامى لە ئۆپەراسیۆنەکەى سنوورى شارۆچکەى شنگال، بەردەوامى بە پێشێلکاریکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەژێر چاودێرى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى دەدەن، ئەو پێشێلکارییەى حەشدى شەعبى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە جێگەى قبووڵ نییە".
فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى شنگال، عەمید وریا زیارەتى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند ئێمە دەزانین داعش لە ناوچەکە بێهێزبووە تواناى بەرگرى نەماوە، بەڵام ئەو بێهێزبوونە بۆ ئەو رۆڵە باشەى هێزەکانى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کە لە رابردوو دژبە داعش گێڕاوییەتى، وێڕاى ئامادەبوونى پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچە کۆنتڕۆڵ نەکراوەکانى ژێر دەستى داعش لە شنگال، بەڵام حەشدى شەعبى تاک لایەنانە بڕیارى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکەى دا و پێشێلى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداى کرد کە لەژێر چاودێرى هاوپەیمانان بەڕێوەدەچوو".
گوتیشى: "حەشدى شەعبى بانگەشەى ئەوە دەکات کە دەیانەوێت سنوورى سووریا کۆنتڕۆڵ بکەن لە بەردەم هاتوچۆ و جموجۆلى داعش، بەڵام ئەوەى راستى بێت دەیانەوێت لە رێگەى کۆنتڕۆڵکردنى سنوورى سووریا هیلالێکى شیعى دروست بکەن لە نێوان سووریا، ئێران و عێراق و رێگەیەکى وشکانى دوور و درێژ تا لوبنان بکەنەوە لە بەردەم ئەو هیلالە شیعییە"
زیارەتى ئاماژەى بەوەدا کە دواى ئۆپەراسیۆنەکەى حەشدى شەعبى بۆسەر شارەدێى قەیرەوانى سەربە قەزای شنگال، هاووڵاتییان نیگەران بوون و لە هێرشەى حەشدى شەعبى ناڕازین، ترسیان لەوە هەیە حەشدى شەعبى دەست لە بینا و ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانى ناوچەکە نەپارێزێت و وێرانەیەک لەدواى خۆى جێبهێڵن.
فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى شنگال، عەمید وریا زیارەتى ئاماژە بەوە دەدات پێشمەرگە هەماهەنگى لەگەڵ پەکەکە و حەشدى شەعبى ناکات و دەشڵێت "هێزى پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک هیچ رێککەوتن و هەماهەنگییەکى لەگەڵ حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە نییە، بوونى پەکەکە نادەستوورییە لە شنگال و حەشدى شەعبیش پێشێلى رێککەوتنى نێوان هەولێر، بەغدا کردووە کە لەژێر چاودێرى هاوپەیمانان کرابوو".
- "بوونى پەکەکەیش لە شنگال جێگەى نیگەرانیە"
ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى شنگال دواى حەشدى شەعبى، چەکدارانى پەکەکەیش بە هەڕەشە لەسەر ژیانى هاووڵاتییان ناوزەند دەکات و دەڵێت: "بوونى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال نادەستووریە، مانەوەیان لە ناوچەکە لە بەرژەوەندى هیچ کەس و لایەنێک نییە، ئەرکیان تەواو بووە و دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن".
وەک عەمید وریا زیارەتى خۆى دەڵێت "بوونى پەکەکە لە شنگال تەنها زیانى بە ئێزدییەکان نەگەیاندووە، بەڵکو زیانى زۆرى بە موسولمان و کریستیانەکانى ناوچەکە گەیاندووە".
دەشڵێت "کارەساتى مرۆیی تەنها ئەوە نییە کۆمەڵکوژ بکرێت، بەڵکو نەبوونى ژیانێکى سەقامگیر و لێ سەندنەوەى ئازادى و نەگەیشتنى هاوکارى مرۆیی جۆرێکە لە کارەساتى مرۆیی کە هەموو ئەمانەیش بە هۆى بوونى چەکدارانى پەکەکەیەوە لە شارۆچکەى شنگال و سەرچیاى شنگال، لەسەر رێگاکانى شنگال دەیان زاڵگەیان دروست کردووە رێگرى لە هاتوچۆى هاووڵاتییان دەکەن".
ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە لە میحوەرى شنگال، پەکەکە بە هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى هاووڵاتییان و ئاوەدان نەکردنەوەى شنگال دەزانێت و پێیوایە ئەگەر پەکەکە لە شنگال نەمێنێت، شنگال ئاوەدان دەکرێتەوە و ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە، بەڵام تا چەکدارانى پەکەکە/هەپەگە/یەپەشە و لقەکانى لە ناوچەکە بوونیان هەبێت نە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن دەست بە ئاوەدانکردنەوەى شنگال بکەن، نە ئاوارەکانیش دەتوانن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان.