Rewa Mahmut Hasan
18 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
بڕۆکسل -AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ رایگەیاند کە ناکۆکیيەکانی تورکیا و ئەڵمانیا لەسەر بنکەی ئینجیرلیک کێشەیەکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و کاریگەریی نابێت لەسەر چالاکیيەکانی ناتۆ.
یانس ستولتنبێرگ پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەورووپا لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگە نەدان بە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بۆ چوونە ناو بنکەی ئینجیرلیک، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ گوتی: "ناکۆکیيەکانی تورکیا و ئەڵمانیا لەسەر بنکەی ئینجیرلیک کێشەیەکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و کاریگەریی نابێت لەسەر چالاکيیەکانی ناتۆ. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دۆخێکی هاوشێوە روویدا بەڵام چارەسەر کرا، هیوادارم ئەمجارەش وەها بێت، ئەمە پرسێکی پەیوەستە بەو دوو وڵاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بەشداریکردنی ناتۆ لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە پرسەکە تاوتوێ دەکەن و گوتی: "تا ئێستا بڕیارێک نەدراوە، مشتومڕەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن. ئەوەی بۆ من گرنگە بەردەوامی دانی ناتۆیە بە پشتگیری ناتۆ بە مەشق و ناردنی فڕۆکەی چاودێری بۆ هاوپەیمانان، ئەمەش بە واتای بەشداربوونی ناتۆ نایەت لە پێکدادانەکان، لەم بارەیەوە هیچ خواستێک نییە کە ناتۆ بچێتە ناو پێکدادانەکانی سووریا یان عێراق. خۆی لەخۆیدا هەموو هاوپەیمانەکانی ناتۆ ئەندامی هاوپەیمانێتیەکەن".